سهرهتا وتار دابەزاندنی نرخی بەنزین و بەرژەوەندیی گشتی خەڵک
ڕێبوار حەمەلاو شوانی
هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی کار و هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، نەیارانی کوردستان چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و چ لەسەر ئاستی دەرەوە ئەوەی لە توانایاندا بووە خستوویانەتە گەڕ بۆ دروستکردنی کۆسپ، قەیرانسازی و سیناریۆی جۆراوجۆر؛ بە مەبەستی ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی ئەو پلان و پڕۆژانەی کە هەموویان لە خزمەتی ڕاستەوخۆی خەڵکی کوردستان، جێبەجێکردنی یاسا، چاکسازیی ئیداری و دارایی و ڕووبەڕووبوونەوەی مافیا و گەندەڵکاراندا بوون.
وێڕای هەموو ئەو دەنگە ناساز و پۆپۆلیستانەی نەیارانی ناوخۆ کە بە پشتیوانیی دەرەکی بەرز دەبنەوە، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی کوردستان ڕژد و سوور بووە لەسەر گرتنەبەری تەواوی ئەو بڕیار و ڕێکارە دروستانەی کە لە پێناو خزمەتکردنی جەماوەر و چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکاندا پێویست بوون. حکوومەت بە هەنگاوی پێویست و نەپساوە، ڕێگریی لەو گەندەڵکارو هەلپەرستانە کردووە کە تەنیا بیر لە بەرژەوەندیی کەسی و حزبیی خۆیان دەکەنەوە.
سەرجەم ئەو بڕیارانەی حکوومەتی کوردستان چ لە بواری دابەزاندنی نرخی کارەبا و ئاو و چ لە ئاستی ئاسانکاری و لێخۆشبوونی پێبژاردنەکاندا؛ هەنگاوی وردبینانە و بەهێزی حکوومەت بوون لە پێناو باشکردنی گوزەرانی خەڵک، ڕەچاوکردنی بارودۆخی ژیانی هاووڵاتییان و تێپەڕاندنی قەیرانە دەستکردەکان. لەسەر هەمان ڕێباز، بڕیاردانی پێویست بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین، هەنگاوێکی تەواو دروست، بڕیارێکی بەجێ و ئەنجامدان بوو لە کاتێکی گونجاودا.
وەکوو چۆن لە ماوەی ڕابردوودا، لە پێناو پاراستنی گیانی خەڵک، ڕێگری لە بەهەدەردانی داهات و پاراستنی ژینگەدا، پڕۆژەی گۆڕینی کارەبای نیشتیمانی و مولیدەکان بۆ کارەبایەکی ڕێکخراو و ستاندارد لە ڕێگەی (پڕۆژەی ڕووناکی) و دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە سەرانسەری کوردستان جێبەجێ کرا؛ وەکوو چۆن بڕیاری بەدیجیتاڵکردنی مووچەی فەرمانبەران لە ڕێگەی پڕۆژەی نیشتمانیی (هەژماری من)، داخستنی پاڵاوتگە نایاساییەکان، پاککردنەوەی ژینگەی کوردستان، و دانانی کامێراکانی کۆنتڕۆڵکردنی خێزایی ( تیژڕەوی) و کامێرای خاڵبەخاڵ لەسەر شەقام و ڕێگە سەرەکییەکانی ناوەوە و دەرەوەی شارەکان بە ئامانجی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان گیرانە بەر؛ هەموو ئەم بڕیارە دروست و گونجاوانەی حکوومەتی کوردستان، لەلایەن دەنگە نەیار، پۆپۆلیست و خۆپەرستەکانەوە جێگەی دژایەتی و ناڕەزایەتی بوون، ئێستاش لە بەرامبەر بڕیاری کەمکردنەوەی نرخی بەنزیندا، جارێکی تر بە هەمان چەواشەکارییەکانی پێشوو بەردەوامن لە ڕەشکردنی ڕووی خۆیان و دژایەتیکردنی ئەو هەنگاوەی حکوومەت کە سەرانسەر لە خزمەتی بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکدایە.
بە هەڵوەستەکردن لەسەر بڕیارەکانی دوێنێ و ئەمڕۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاستە کۆسپ و ئاستەنگی جۆراوجۆری لەبەرامبەردا دروست دەکرێت، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ دەرئەنجامە ئەرێنییەکانی بۆ سەرجەم هاووڵاتییان دەردەکەون. پۆپۆلیست و نەیارانی حکومەت هەمیشە لە سەنگەری دژایەتیدا وەستاونەتەوە و کۆسپ و ئالنگاری بۆ بڕیارەکە دەنێنەوە، بەڵام حکوومەتی کوردستان و سەرجەم خەڵکی بە هەموو هێز و تواناکانیانەوە پشتیوانی لە بڕیارەکانی کردووە و گوێی بە دەنگە نابەرپرسیارانەی ئەو کەس و لایەنە خۆپەرستانە نەداوە کە هەوڵ دەدەن ئەم بڕیارانە بە شێوەیەکی چەواشەکار و ناڕاست بە خەڵک بفرۆشنەوە. هۆکارەکەشی بۆ ئەو ڕاستییە دەگەڕێتەوە کە حکوومەتی کوردستان خۆی بە بەرپرسیاری ڕاستەقینەی خەڵک دەزانێت، خاوەنی بڕیار و کرداری سەربەخۆی خۆیەتی، و قازانج و بەرژەوەندیی گەل و نیشتیمانەکەی لە پێش هەموو بەرژەوەندییەکی کەسی و حزبییەوە دادەنێت. ئەوەش یەکێکە لە بنەما جێگیر و بەهێزەکانی کابینەی نۆیەم، کە لە ئێستاشدا بە خێرایی هەنگاوەکانی بەرەو دابەزاندنی نرخی بەنزین چڕ کردووەتەوە.
ئەم کار و هەنگاوانە، دەربڕی باوەڕ و دیدگای نەگۆڕی سەرۆکوەزیرانی کوردستان و کابینەی نۆیەمە کە لەسەری بنیادنراوە. بە دڵنیاییەوە، ڕەخنەی دروست و تەندروست هەمیشە جێگەی ڕێزە و کاری لەسەر دەکرێت، بەڵام هەوڵدان بۆ کاری ڕێگری و تێکدەرانە، شێواندن و بەلاڕێدا بردنی ڕاستییەکان، هەرگیز لەلایەن حکوومەتەوە گوێی لێ ناگیرێت؛ چونکە حکوومەت دامەزراوەیەکی بەرپرسیارە و ئەرکی خۆی لە قازانج و بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و بەهێزکردنی پایەکانی حکومڕانیدا دەبینێتەوە.
بە تایبەتی لەم قۆناغە مێژووییەدا کە حکومڕانیی هەرێمی کوردستان بە ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە بڕیار لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە و گرفتەکان دەدات بۆ یەکلاکردنەوەیان، بڕیاری دابەزاندنی نرخی بەنزینیش یەکێکی دیکەیە لەو بڕیارە گرنگانە. هەر کەسێک تۆزقاڵێک دڵسۆزیی بۆ ئەم خاک و نیشتمانە و خەڵکی کوردستان هەبێت، دەبێت پشتیوانی لەم هەنگاوەی حکوومەت بکات، نەک لە پێناو مەبەستی حزبی و بەرژەوەندیی چەند کۆمپانیا و بازڕگانێکدا دژایەتیی بکات؛ چونکە ئەوە شەرمەزارییەکی گەورەیە و بە هیچ جۆرێک ناچێتە چوارچێوەی ڕەخنە و ناڕەزایەتیی دروستەوە.