سهرهتا وتار هەرێمی کوردستان و سوریا قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان
د.سامان سۆرانی
دیپلۆماسیی هاوچەرخ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەرچەرخانێکی بنەڕەتی لە وتاری ئایدۆلۆژییەوە بەرەو واقیعبینیی پێکهاتەیی بەخۆیەوە دەبینێت، بە جۆرێك کە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە لەسەر بنەمای پێویستییە کردارییەکان و بەرژەوەندییە ستراتیژییە هەنووکەییەکان ئەنجام دەدرێت، لەم چوارچێوەیەدا بڕیاری حکوومەتی سووریا بۆ ناردنی شاندێکی فەرمیی وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەران بۆ شاری هەولێر بە مەبەستی ڕێکارەکانی کردنەوەی یەکەمین کونسوڵخانەی گشتیی وڵاتەکەیان لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ وەرچەرخانێك لە شێوازی بیرکردنەوەی سیاسیی و بونیادنانەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، لە مێژووی هاوچەرخی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا، دیمەشق هیچ جۆرە نوێنەرایەتییەکی فەرمیی لە هەولێر نەبووە و سەرجەم مامەڵەکان لە ڕێگەی باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا ڕایی دەکران، بەڵام ئەم هەنگاوەی ئێستا ڕەنگدانەوەی بەئاگابوونەوەیەکە لە واقیعی سیاسیی ناوچەکە و دانپیانانێکی کردەیییە بە سەنگ و پێگەی هەرێمی کوردستان وەکو ئەکتەرێکی سەقامگیر و کاریگەر لە هاوکێشە جیۆپۆلیتیکییەکان.
ئەم وەرچەرخانە دیپلۆماسییە ئەنجامی کەڵەکەبوونی ئاڕاستەیەکی ژیرانە و ستراتیژیی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستانە، حیکمەت و ئەزموون و سەنگی سەرۆك مسعود بارزانی وەکوو مەرجەعێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی، هەمیشە سەقامگیری و ناوەندێتیی هەولێری وەکو کارەکتەرێکی خۆڕاگر لە ناوچەکە سەلماندووە. لەلایەکی دیکەوە، هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت دیداری مێژوویی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، پەلکێشکردنی پەیوەندییەکان بوو بەرەو دروستکردنی کەناڵی ڕاستەوخۆ و دروستکردنی لێکتێگەیشتنی جدی لەسەر ئاستی هەرێمی.
هاوشانی ئەمەش، کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت، لە ڕێگەی کاراکردنی دیپلۆماسیی دامەزراوەیی و دروستکردنی ژێرخانێکی بەهێزی کارگێڕی و ئابووری، زەمینەیەکی گونجاوی ڕەخساند تا هەولێر ببێتە ناوەندێکی جێباوەڕی دیپلۆماسی بۆ ڕێکخستنەوەی هاوکێشە هەرێمییەکان، لە ڕوانگەی شیکاریی زانستە سیاسییەکانەوە، دروستکردن یان وەگەڕخستنەوەی کەناڵە دیپلۆماسییەکان لە نێوان یەکە سیاسییەکان، بە تایبەت لە قۆناغەکانی دوای تەنگژە و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات، لەسەر بنەمای بەعەقڵانیکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و کەمکردنەوەی تێچووی ئاسایش و کارگێڕی دەست پێ دەکات، کونسوڵخانە لە فەرهەنگی دیپلۆماسی تەنها باڵەخانەیەك یان ناوەندێکی ڕووکەش و ئیداری نییە، بەڵکوو ئامرازێکی سەرەکیی دیپلۆماسیی ڕێکخراو و ئاسانکارێکی ڕاستەوخۆیە بۆ دروستکردنی متمانە و ڕێکخستنی کارئاسانی بۆ هێزی مرۆیی و جوڵەی ئابووری.
کردنەوەی کونسوڵخانەی سووریا لە هەولێر، کە وەکو بەشێك لە پەیكەری باڵیۆزخانەی سووریا لە بەغدا کار دەکات، ئامانجی سەرەکیی ئاسانکاری و چارەسەرکردنی ئەو گرفتە یاسایی و کۆنسوڵییانەییەیە، کە هاووڵاتیانی سووریا لە هەرێم رووبەڕووی دەبنەوە، ئەمەش گواستنەوەی پەیوەندییەکانە لە بازنەی ئاڵۆزییە سیاسییەکانەوە بۆ ئاستی بەڕێوەبردنی کارگێڕیی هاوچەرخ و خزمەتگوزاریی بەردەوام، زیاد لەمەش، ئەم ئاساییکردنەوە کۆنسوڵییە ڕێگە خۆش دەکات بۆ بونیادنانی پەیوەندییەکی ئابووریی هاوچەرخ و فرەڕەهەند لە نێوان هەرێم و سووریا.
ژێرخانی ئابووری، پیشەسازی و کشتوکاڵیی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵانی ڕابردوودا گەشەیەکی دیاری بەخۆیەوە بینیوە، لەگەڵ هەڵکەوتەی جوگرافیی هەردوولا، دەکرێت ببنە بنەمایەك بۆ دروستکردنی هاوبەشیی ستراتیژی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ئاسایشی خۆراك و بەگەڕخستنەوەی کەرتەکانی پیشەسازی و وزە، هەماهەنگی لە بواری بازرگانیی ترانزێت، گواستنەوەی ئاسانی کەلوپەل و وەبەرهێنانی هاوبەش لە پڕۆژە ژێرخانییەکان، نەك هەر بارگرانی لەسەر کەرتی تایبەت سووك دەکات، بەڵکو پەرە بە ئاڵوگۆڕی شارەزایی تەکنیکی لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و وزە دەدات، ئەمەش هاوکاریی دوولایەنە لە سنووری بەرتەسکی سیاسبی و کۆنسوڵییەوە دەرباز دەکات و دەیگوازێتەوە بۆ ئاستێکی ئابووریی کرداری، کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی هەردوولا دەبێت.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییەی دیمەشق لە چوارچێوەی ستراتیژیی فراوانکردنی نوێنەرایەتییەکانی لە ناوچەکە، بەڵگەی ئەوەیە، کە جیهانبینیی سیاسیی بەرەو ئاڕاستەیەك دەچێت، کە سەقامگیریی هەرێمی بەبێ ڕەچاوکردنی واقیعی مەیدانی و دروستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ ناوەندە بەهێزەکانی بڕیاردان نایەتە دی، هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی گرتنەبەری سیاسەتێکی هاوسەنگ و کراوە، سەلماندوویەتی کە ڕێڕەوێکی دروست و متمانەپێکراوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کۆچبەران، هاوکاریی ئابووری و سەقامگیری سنوورەکان، لەبەر ئەوە، دامەزراندنی ئەم نوێنەرایەتییە فەرمییە، لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی ئەندازیاریی پەیوەندییە هەرێمییەکان هەڵدەداتەوە، کە لەسەر بنەمای واقیعبینی، هاوکاریی تەکنیکی و بەرژەوەندیی دوولایەنە بونیاد دەنرێت.
* پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسییەت