سهرهتا وتار لە فەلسەفەی ڕۆماوە بۆ دیپلۆماسییەتی هەولێر.. چیرۆكی متمانەی نێودەوڵەتی
عەتا شەمێرانی
هەموو شارەكان تەنیا كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون نین، كە لەگەڵ كاتدا گەشە بكەن، بەڵكو هەندێك شار دەبنە سیمبول و لە سنوورە جوگرافییەكان تێدەپەڕن، بۆ ئەوەی ببنە بەشێك لە یادگەی مرۆڤایەتی. ڕۆما یەكێك لەو شارانەیە كە ناكرێت تەنیا بە زمانی ئێستا بخوێنرێتەوە، چونكە شارێكە هێشتا بە زمانی مێژوو دەدوێت. لە نێوان كۆڵانەكانیدا بیرۆكەكانی دەوڵەت، یاسا و كارگێڕی لەدایك بوون و لەوێوە ئیمپراتۆریەتێك بەڕێكەوت، كە فەرمانڕەوایەتی ڕووبەرێكی فراوانی جیهانی كۆنی دەكرد، شوێنەوارێكیشی لێ بەجێما، كە تاكو ئەمڕۆكەش لە بنەماكانی هزری سیاسیی هاوچەرخدا ئامادەیی هەیە.
لەبەر ئەوە، هەر ڕووداوێكی سیاسیی یان دیپلۆماسیی ڕۆما بەخۆیەوەی ببینێت، وەك بۆنەیەكی پرۆتۆكۆلی تێپەڕ سەیر ناكرێت، بەڵكو وەك پەیامێك دەبینرێت، كە دەرهاویشتە و واتای قووڵتری لە ڕووكەشەكەیدا هەیە. كاتێكیش كۆماری ئیتالیا نیشانی( سوارچاكی گەورەترین خاچی ئەستێرەی ئیتالیا) دەبەخشێتە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەوا تەنیا نیشانەیەكی باڵا نابەخشێت، بەڵكو بڕوانامەیەكی ڕێزلێنان پێشكەش بە ڕێڕەوێكی سیاسیی و دیپلۆماسیی دەكات، كە توانیویەتی پێگەی كوردستان لە هۆشیاریی نێودەوڵەتیدا بچەسپێنێت.
مێژوو فێری كردووین، دەوڵەتە زلهێزەكان بەرزترین نیشانەكانی خۆیان لەبەر خاترگرتن یان سۆز نابەخشن. نیشانەكان لە جیهانی سیاسەتدا دیاریی كەسیی نین، بەڵكو ئامرازێكن بۆ دەربڕینی ڕێز، متمانە و دانپێدانان. ئەوە زمانێكی دیكەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە، کە کاتێک دەوڵەتەكان بەكاری دەهێنن كە بیانەوێت بڵێن، كەسایەتییەك لە بنیاتنانی پردەكان، بەهێزكردنی لێكتێگەیشتن و خزمەتكردنی سەقامگیریدا سەركەوتوو بووە.
لەم سۆنگەیەوە، دەكرێت ڕێزلێنانە ئیتالییەكە وەك دانپێدانانێك بە ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی، لە چەسپاندنی نموونەیەكی دیپلۆماسیی جیاواز لە ناوچەیەكدا بخوێنرێتەوە كە ململانێ، جەنگەكان و دابەشبوون ماندووی كردووە. لەو كاتەی هێزە زۆرەكان زمانی گرژییان هەڵبژارد، كوردستان لە ڕێگەی سەركردایەتییەكەیەوە، زمانی گفتوگۆ، كرانەوە و پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ لایەنە جیاوازەكاندا هەڵبژارد.
ئەرستۆی فەیلەسووفی یۆنانی پێی وابوو، سیاسەت لە كرۆكیدا هونەری بەرزەفتكردن نییە، بەڵكو هونەری بەڕێوەبردنی بەرژەوەندییە گشتییەكان و هێنانەدی هاوسەنگییە. دوای چەندان سەدەیش، ئەم پێناسەیە هێشتا بەهای خۆی پاراستووە. سەركردەی سەركەوتوو ئەو كەسە نییە، كە دوژمنایەتییەكان زیاد دەكات، بەڵكو ئەو كەسەیە كە لە كەمكردنەوەیاندا سەركەوتوو دەبێت؛ ئەو كەسە نییە كە دەرگاكان دادەخات، بەڵكو ئەو كەسەیە پەنجەرەكان دەكاتەوە بۆ ئەوەی بیرۆكەكان، دەرفەتەكان و لێكتێگەیشتنەكان تێپەڕن.
لەماوەی زیاتر لە دوو دەیەدا، نێچیرڤان بارزانی توانیویەتی تۆڕێكی بەرفراوان لە پەیوەندی لەگەڵ پایتەختەكانی بڕیار لە جیهاندا دروست بكات، بۆ ئەمەش، پشتی بە سیاسەتێك بەستووە، كە لەسەر بنەمای میانڕەوی، كەتواری و توانای بنیاتنانی متمانە دامەزراوە. ئەمانە توخمگەلێكن كە ئەمڕۆ لە جیهانێكدا كە گۆڕانكاری خێرا لە هاوسەنگیی هێز و هاوپەیمانییەكاندا بەخۆیەوە دەبینێت، لە هەموو كاتێك گرنگترن.
ڕەنگە پەیوەندیی نێوان هەولێر و ڕۆما یەكێك بێت لە دیارترین ئەنجامەكانی ئەم ڕێچكەیە. ئیتالیا تەنیا دەوڵەتێكی ئەوروپی نەبوو، كە پەیوەندیی دیپلۆماسیی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەبێت، بەڵكو لە ساڵانی ڕابردوودا، بۆ هاوبەشێكی گرنگ لە ڕۆژەڤەكانی ئاسایش، ئابووری، كولتوور و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گۆڕا. ڕۆڵێكی بەرچاویشی لە پشتگیریكردنی هێزەكانی پێشمەرگە لە كاتی شەڕی دژی داعشدا هەبوو، بەشداریی لە بەهێزكردنی هاوكارییەكانی نێوان هەردوولا لە ئاستە جۆراوجۆرەكانیشدا كرد.
ئەم لێكنزیكبوونەوەیە لە ڕۆژێكدا لەدایك نەبووە و ئەنجامی بارودۆخێكی كتوپڕ نەبووە، بەڵكو دەرئەنجامی كەڵەكەبوونی درێژخایەنی متمانەی دوولایەنە بووە. متمانە، وەك فەیلەسووفەكان دەڵێن، قورسترین شتە بۆ بنیاتنان و ئاسانترین شتە بۆ ڕووخان. بۆیە ئەو دەوڵەتانەی لە بەدەستهێنانی متمانەی ئەوانی دیكەدا سەركەوتوو دەبن، دەستكەوتێكی ستراتیژییان بەدەستهێناوە كە لە دەستكەوتە كاتییەكان تێپەڕ دەدات.
لە جیهانی ئەمڕۆدا، تەنیا هێزی سەربازی بۆ دروستكردنی هەژموون بەس نییە. چەمكی (هێزی نەرم)، بۆ دەربڕینی توانای دەوڵەتەكان بۆ كاریگەری دانان لە ڕێگەی كولتوور، دیپلۆماسی، هاوبەشی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانەوە دەركەوتووە. هەر كەسێك لە ماوەی دەیەكانی ڕابردوودا، چاودێری ئەزموونی كوردستان كردبێت، تێبینی كردووە، كەوا بە سوودوەرگرتن لە پێگە جیۆپۆلیتیكییەكەی و توانای بۆ دروستكردنی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ هێزە جیاوازە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان، هەوڵی داوە ئەم جۆرە هێزە بنیات بنێت.
لێرەوە، نیشانە ئیتالییەكە تەنیا ڕێزلێنان نییە بۆ كەسێك، بەڵكو ڕەنگدانەوەی وێنەی كوردستانە لە چاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. دەربڕینی پێزانینە بۆ ئەزموونێك كە سەرەڕای ئاڵنگارییە ئابووری، سیاسیی و تەناهییەكان، توانیویەتی ئاستێك لە سەقامگیری بپارێزێت و خۆی وەك هاوبەشێكی جێی متمانە لە ناوچەیەكدا پێشان بدات، كە بەدەست پشێوییە درێژخایەنەكانەوە دەناڵێنێت.
بەڵام مێژوو ڕاستییەكی گرنگمان فێر دەكات؛ ئەویش ئەوەیە، ڕێزلێنان، كۆتایی گەشتەكە نییە، بەڵكو سەرەتایەتی. نیشانەكان بەهای ڕاستەقینەی خۆیان كاتێك بەدەست دەهێنن كە دەبنە بەرپرسیارێتی. دانپێدانانی نێودەوڵەتی ئەوكاتە گرنگتر دەبێت كە لە ژیانی هاوڵاتیاندا لە ڕێگەی گەشەپێدان، وەبەرهێنان، پەروەردە و پەرەپێدانی دامەزراوەكانەوە ڕەنگ بداتەوە.
ئیمپراتۆریەتە گەورەكان هەرەسیان هێنا چونكە تەنیا پشتیان بە هێز بەستبوو، لە كاتێكدا نەتەوەكانی دیكە مانەوە چونكە دركیان بەوە كردبوو، ڕەوایەتی ڕاستەقینە بە متمانە و ڕێز بنیات دەنرێت. خودی ڕۆما تا ئێستاش ئەم وانەیە پێشكەش بە جیهان دەكات؛ ئیمپراتۆریەتەكە پێش سەدان ساڵ نەما، بەڵام كاریگەرییە هزری و شارستانییەكەی تاكو ئەمڕۆكەش ئامادەیە.
بۆیە، بەها قووڵەكەی ئەم ڕێزلێنانە لە سیمبولە سیاسیی و فەلسەفییەكەیدایە. ئەوەشمان بیر دەخاتەوە، دانایی دەتوانێت شتێك بەدی بهێنێت، كە ڕووبەڕووبوونەوەكان لێی بێدەسەڵاتن، گفتوگۆ دەكرێت كاریگەرتر بێت لە ململانێ، بنیاتنانی پردیش لە نێوان گەلان و دەوڵەتاندا، هەمیشە لە بنیاتنانی دیوار بەردەوامترە.
ڕێزلێنانی نێچیرڤان بارزانی لەلایەن ڕۆماوە تەنیا وێنەیەك نییە كە هاوێنەی كامێراكان بیگرن، تەنیا نیشانەیەكیش نییە، كە بە بەرۆكی سەركردەیەكی سیاسییەوە هەڵبواسرێت، بەڵكو وەرزێكی نوێیە لە چیرۆكی ئامادەیی كوردستان لەسەر شانۆی نێودەوڵەتیدا. پەیامێكە دووپاتی دەكاتەوە، دیپلۆماسییەتی هێمن، كاتێك لەگەڵ دیدگای كەتوار و ئارامگریدا كۆدەبێتەوە، توانای هەیە شتێك دروست بكات، كە تەنیا هێز ناتوانێت دروستی بكات.
لە نێوان فەلسەفەی ڕۆمای كۆن و دیپلۆماسییەتی هەولێری هاوچەرخدا، چیرۆكی متمانەی نێودەوڵەتی بەرجەستە دەبێت؛ ئەو متمانەیەی نە بەپارە دەكڕدرێت و نە بەهێز دەسەپێنرێت، بەڵكو ساڵ دوای ساڵ لە ڕێگەی هەڵوێستە هاوسەنگەكان، سیاسەتە داناكان و توانای گۆڕینی جیاوازییەكان بۆ دەرفەتی لێكتێگەیشتن، بنیات دەنرێت. كاتێك نەتەوەكان دەگەنە ئەم قۆناغە، نیشانەكان تەنیا ڕێزلێنان نین، بەڵكو دەبنە چاوەرێكی مێژوویی لە سەركەوتنی ئەزموونێك، ڕێزگرتن لە گەلێك و پێگەی نیشتیمانێك.
و: ڕەمزی میرەكانی