دڵشاد محەمەد ئەحمەد نەقشبەندی*
ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاری مێژوویدا تێدەپەڕێت، کە تێیدا ئاستەنگەکان ڕوو لە زیادبوونن، بەرپرسیارێتییەکان گەورەتر دەبن، و پێویستیی گەل بە حیکمەت و یەکڕیزی زیاتر لە هەر کاتێکی تر بووە. لەم جۆرە بارودۆخانەدا، نابێت هیچ دەنگێک بەرزتر بێت لە دەنگی بەرژەوەندیی نیشتیمانی و نابێت بەرژەوەندی تایبەتی یان حزبییەکان پێش بەرژەوەندیی نیشتیمانی بکەون.
خۆشەویستیی کوردستان دروشمێک نییە کە لە بۆنەکاندا بەرز بکرێتەوە، بەڵکو هەڵوێستێکە کە خۆی لە کارکردن، دڵسۆزی و قوربانیداندا دەبینێتەوە. نیشتمان ئەو ماڵە گەورەیە، کە هەموو ڕۆڵەکانی کۆدەکاتەوە، سەرڕای جیاوازیی بیروڕا و ئینتیماکانیان، و ئەگەر ئەم ماڵە درزی تێکەوت، ئەوا کەس لە لێکەوتەکانی سەلامەت نابێت.
ئایا ئێمە هەموومان بڕوامان وایە کە کوردستان لە ژیانمان بەنرخترە؟ ئەگەر وەڵامەکە بەڵێ یە، ئەوا پێویستە دەست لەناو دەست بین، دەستی یارمەتی بۆ یەکتری درێژ بکەین، زمانی دیالۆگ بەسەر زمانی ناكۆكیدا و زمانی هاوکاری بەسەر زمانی ململانێدا زاڵ بکەین، و داهاتووی گەلەکەمان بخەینە سەرووی هەموو پێوەرێکەوە.
مێژوو سەلماندوویەتی ئەو نەتەوانەی لە دەوری ئامانجە گەورەکانیاندا یەکیان گرتووە، توانیویانە بەسەر قورسترین قەیرانەکاندا زاڵ بن، لە کاتێکدا ئەو گەلانەی دابەشبوو بوون، بەهۆی پەرتەوازی و ململانێوە باجی قورسیان داوە. ژیری نییە کە هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە بکرێنەوە، لە کاتێکدا ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیی بە ڕیزی یەکگرتوو و یەکدەنگی هەیە.
لەم چوارچێوەیەدا، زۆرینە پێیان وایە کە داواکارییەکانی سەرۆک مسعود بارزانی بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی کورد، دیالۆگ و پێشخستنی بەرژەوەندیی نیشتیمانی، بانگەوازێکە، کە شایەنی گوێگرتن و تێڕامانە، بەتایبەتی لەژێر ڕۆشنایی ئەو بارودۆخە هەستیارە هەرێمی و نێودەوڵەتییەی، کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، ئەم قۆناغە، قۆناغی کێبرکێ لەسەر دەستکەوتەکان نییە، بەڵکو قۆناغی پاراستنی دەستکەوتەکانە. قۆناغی خاڵ تۆمارکردن نییە، بەڵکو قۆناغی ڕزگارکردنی نیشتیمان و بەهێزکردنی سەقامگیرییەکەیەتی. چونکە نیشتیمانەکان بە تەبایی بنیاد دەنرێن، بە یەکڕیزی دەپارێزرێن و بە دڵسۆزی گەشە دەکەن، با کوردستان بکەینە ناونیشانی یەکڕیزی و تەباییمان و با ئاڵاکەی کۆمان بکاتەوە نەک لێکمان جیا بکاتەوە و با هەمیشە ئەوەمان لەبیر بێت، کە نەوەکانی داهاتوو پرسیارمان لێ دەکەن: “کاتێک نەهامەتییەکان سەخت بوون، چیتان پێشکەش بە نیشتمانەکەتان کرد؟.
و: لاپەڕەکانی کاروباری کوردستانی