هەولێری لاسار

20

مەعەد فەییاز
بە درێژایی تەواوی مێژووی كورد، نەمانبیستووە یان نەمانخوێندۆتەوە، كورد، دوور بێت لێیان، لاواز بووبن و قەتیش لاواز نابن، هەروەك چۆن هەولێر بۆ دەستبەسەرداگرتن، هەرگیز ئاسان نەبووە و ناشبێت. ئەو گەلەی كە چیاكانی بۆ خۆی كەوی كردووە و لە ڕێگەی شەڕەكانییەوە بۆ ماوەی نزیكەی سەد ساڵ، ڕێچكەی خۆی لە ناو هەوراز و نشێوییەكانیدا هەڵكۆڵیوە، بۆ هەمووان، هێزیان هەرچەندە بێت، ئەستەمە بتوانن دەستەمۆیان بكەن؛ كورد ئەو كەسانەن كە وەسفەكەی شاعیری توونسی (ئەبو قاسم شاببی)یان لەسەر پیادە دەبێت، كە دەڵێت: “هەركەسێك لە سەركەوتنی چیاكان بترسێت، بۆ هەتاهەتایە هەر لە ناو چاڵەكاندا دەژی.”

زیاتر لە سەدەیەكە، هێزەكانی عوسمانی، فارسی، بەریتانی و سوپاكانی عێراق، لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی نوێوە، تا دەگاتە سەختترین قۆناغەكانی شەڕ لە سەردەمی دەسەڵاتی حزبی بەعسەوە تاكو ئەمڕۆ، سەركەوتن بۆ دوژمنانی ئەم گەلە خۆڕاگرە نەنووسراوە، بەڵكو نائومێدی و شكستی گەورە، هەر ئەمەش وای كرد، کە میللەتی کورد قەوارەی هەرێمی كوردستان دابمەزرێنن، كە ئەمڕۆكە، بێجگە لەوەی بووەتە ڕووگەیەكی شارستانی بەرچاو لە نێوان وڵاتانی جیهاندا، بووەتە قەڵایەكی پۆڵاینیش بە ڕووی هەموو ئەوانەی هەوڵ دەدەن، ویستی بشكێنن. بەڵكو لەسەر تاشەبەردی چیاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە، هەموو هەوڵەكانی خۆبەزلزان و شۆفێنییەكان تێكشكان. ئەمەش بە هەوڵی سەركردایەتییە سیاسییەكەی، بەتایبەتی بارزانییەكان، یەكگرتوویی و بڕوای گەلی كورد بەم سەركردایەتییە دانایە، بەدی هاتووە و بەدی دێت.

مێژووی نوێ پێمان دەڵێت، شەڕ و شۆڕشەكانی كورد لە عێراق لە دژی دەسەڵات و حكوومەتە ناوەندییەكان، بۆ بەرگریكردن لە مافە نەتەوەییەكانیان، بریتییە لە زنجیرەیەك شەڕ و شۆڕشی كورد لە سەدەی بیستەمدا، هەر ڕاستەوخۆ دوای شكستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە یەكەم جەنگی جیهانگەراییەوە دەستی پێكرد، لەگەڵ شۆڕشی ڕێبەری نەمر مەلا مستەفا بارزانی (1961 – 1970) دژی حكوومەتی ناوەند، دوای ئەوەی بەڵێنەكان بۆ پێدانی ئۆتۆنۆمی بە كورد كۆتاییان هات، گەیشتە لووتكە و بە واژۆكردنی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازاریش لە ساڵی 1970دا، كۆتایی هات، خەباتی كورد تا داگیركاری ئەمریكا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003 بەردەوام بوو. ئەم ململانێیانە شەڕی سەربازیی بەرفراوان و هەڵمەتی قڕكردنی بەكۆمەڵی لەخۆگرتبوو، لەگەڵ ئەوەشدا، خۆیان بەدەستەوە نەدا.

هەر كەسێك نیازی وایە، پشتی هەولێر، قەڵای بەهێز و سەربەرزی كورد، لە زەوی بدات، پێویستە بە قووڵی مێژووی خەباتی كۆڵنەدەرانەی كورد بخوێنێتەوە. نە ئەو هاژەك و نە ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی، كە دوێنێ و ئەمڕۆكە بەرەو پایتەختی هەرێمی كوردستان دەهاویشترێن، ناتوانن كورد لاواز بكەن یان ویستیان بشكێنن، ئەم هاژەكانە هەمیشە ناونیشانەكە هەڵە دەكەن و چەمكەكانی مێژوو و جوگرافیا پشتگوێ دەخەن.

و: ڕەمزی میرەكانی