سهرهتا وتار بەنزینی پاڵپشتیکراو.. سەپاندنی بەرژەوەندیی گشتییە بەسەر قۆرخکاریی بازاڕدا
كاروان محمد سينۆ
سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و ئالەنگارییەکان، بڕیار و هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین و بەردەوامبوونی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو بە 750 دینار، بڕیارێکی بەرپرسیارانە و گرنگە کە بەرژەوەندی و گوزەرانی ڕۆژانەی خەڵکی کوردستانی خستووەتە پێش هەموو حساباتێکی دیکەوە. لە دۆخێکدا کە گرانیی سووتەمەنی ڕاستەوخۆ بارگرانییەکی زۆر دەخاتە سەر شۆفێران، کاسبکاران و چینە کەمدرامەتەکانی کۆمەڵگە، چارەسەرکردنی کێشەی گرانبوونی بەنزین و قۆرخکاری لە بازاڕدا، ئاماژەیەکی ڕوونە بەوەی بەرژەوەندیی گشتیی خەڵک لە سەرووی قازانجی بازاڕ و تەماحی هەندێک کۆمپانیا و بازرگانانەوەیە.
ڕووی ئەرێنیی ئەم هەڵوێستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا لە دیاریکردنی سەقفی نرخەکان بۆ جۆرەکانی بەنزین (850 دینار بۆ نۆڕماڵ، 1000 دینار بۆ موحەسەن، و 1200 دینار بۆ سوپەر) کورت نابێتەوە، بەڵکو لە داڕشتنی ئالیەتی سەردەمیانەدا دەبینرێتەوە؛ لەوانەش پلانی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی و کارت بۆ دابەشکردنی بەنزین، هاوشێوەی ئەزموونی سەرکەوتووی گازی ماڵان، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ڕێگری لە هەر جۆرە قۆرخکارییەک بەڕووی شۆفێر و کاسبکار و هاووڵاتییانەوە. هاوكات هەڵمەتە مەیدانییە بەردەوامەکانی لیژنەکانی چاودێریی نرخ و کوالێتی بەنزین و سەپاندنی ڕێکاری یاسایی بەسەر سەرپێچیکاراندا، نیشانەی جددییەتی حکوومەتە لە پاراستنی مافی هاووڵاتییان و سەپاندنی سەقامگیری لە بازاڕدا.
بێگومان جێگیربوونی نرخەکان و تەواوبوونی پرۆسەکە کاتی پێویستە، بەڵام بۆ بەدیهاتنی ئەنجامە ڕاستەقینەکانی ئەم ئامانجە، پێویستە هەموو لایەک بە خاوەن بەنزینخانەکان و بازرگانانیشەوە پشتیوانی لەم هەنگاوە بکەن. بازرگانیی حەڵاڵ و نیشتمانی دەخوازێت کە لە کاتی تەنگانەدا بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان و کۆمەڵگە لەبەرچاو بگیڕێت، چونکە ئارامیی ئابووری و دابەزینی تێچووی گواستنەوە لە کۆتاییدا سوود بە تەواوی بازاڕ و کاسبکاران دەگەیەنێت. لە هەمان کاتدا، بڕیارێکی وا خزمەتگوزاری و ئابووری کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە هەیە لە هەولێرەوە تا سلێمانی و دهۆک و سەرانسەری کوردستان؛ نابێت بپڕژێتە ناو ململانێی سیاسی یان لە پێناو بەرژەوەندیی حزبی و بازرگانیی چەند کۆمپانیایەکدا دژایەتیی پرۆسەکە بکرێت و ئاستەنگ و لەمپەری بۆ دروست بکرێت، چونکە ڕاگرتنی هاوسەنگی لە بازاڕ و خزمەتکردنی هاووڵاتییان ئەرکێکی نیشتمانییە لە سەرشانی هەمووان.