خەبات: دانا بۆتانی:- سنووری پارێزگای هەولێر ڕۆژبەڕۆژ لە فراوانبووندایە بەهۆی ئەو هەموو خزمەتگوزارییانەی لە پایتەختدا پێشکەش دەکرێن. شاری هەولێر دابەش بووە بەسەر شەش شارەوانیدا. وەک ڕۆژنامەی (خەبات)، بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو خزمەتگوزارییانە دەکەم لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کێشە و گرفتەکانیش دەخەمە ڕوو لە سنووری شارەوانیی پێنج لە هەولێردا، لەگەڵ به‌رێوه‌به‌ری شارەوانیی پێنج، ئەندازیار لانە سەباح ڕەشید.

* سنووری شارەوانیی پێنج چۆنە، و خزمەتگوزارییەکان چۆن پێشکەش دەکەن.
– سنووری شارەوانیی پێنجی هەولێر پێکهاتووە لە شازدە گەڕەک و پێنج گوند گەڕەکەکانیش بریتین لە: ئازادیی یەک، ئازادیی دوو، کۆماری، ڕووناکی، ئەندازیاران،مەنتکاوە، مەهاباد، ڕاستی، ٩٢ی زانکۆ، ٩٩ی زانکۆ، مامۆستایانی زانکۆ، ڕۆشنبیری، ژیان، خانووەکانی شەهیدان، ئاسودە سیتی، گوندی تۆبزاوەی ئەحمەدی، گوندی گردەڕەشەی بچووک، گوندی گردەڕەشەی گەورە، تیمار، و گوندی گردمحەمەد. بۆ بەدواداچوونی کارەکانمان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییانی سنوورەکەمان، شەو و ڕۆژ دەخەینە سەر یەک. پێکهاتەی شارەوانییەکەمان بەم شێوەیەیە: بەشی مۆڵەتدان بۆ خانووبەرە و ڕێپێدانی باڵه‌خانه‌ی بازرگانی، و بەشی خزمەتگوزاری؛ بەم جۆرە دەچینە خزمەتی هاووڵاتییان.

* دەکرێت ئاماری بەشێک لە کارەکانتان بخەنە ڕوو لە بەشی مۆڵەتدان؟
– تەنیا لە بەشی مۆڵەتدان لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سنوورەکەمان: 200.4 مۆڵەتی خانووی نیشتەجێبوون. ڕێپێدانی باڵەخانەی بازرگانی (موڵک): ٢٦٥ باڵەخانە. ڕێپێدانی پێشانگه‌ی ئۆتۆمبێل (موڵک): ٨٦ پێشانگا. لەگەڵ ڕێپێدانی کارگەی بانەوانی (موساتەحە): ٩٨٥ کارگە لە سنوورەکەمان. لەگەڵ ئەمانەشدا هەموو خزمەتگوزارییەکی پێویستمان بۆ دابین کردوون. ئەمانە بەشێکی کەمن لەو خزمەتگوزارییانەی کە شارەوانییەکەمان بۆ سنووری خۆی لە هەولێردا پێشکەشی کردوون.

* ئەو خزمەتگوزارییانە چین کە شارەوانیی پێنج لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشی خەڵکی سنوورەکەی کردووە؟
– لەگەڵ هەموو ئەو کێشە و گرفتە دارایییانەی رووبەڕووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبنەوە، بەڵام کابینەی نۆیەم لە هەرێمی کوردستان درێغیی نەکردووە لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان. شاهیدیش بۆ ئەمە، درەوشانەوەی پایتەختی کوردستانە لەسەر ئاستی هەموو عێراق، ئەو خزمەتگوزارییانەی لە سنووری ئێمەش پێشکەش کراون، کۆی گشتیی بڕی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی خەڵکی سنووری شارەوانیی پێنجمان کردووە، یەکسانە بە ٨,٠١٧,٧٣٨,٤٧٥ (هەشت ملیار و ڕاژدە ملیۆن و حەوت سەد و سی و هەشت هەزار و چوارسەد و حەفتا و پێنج) دیناری عێراقی، تەنیا لە کابینەی نۆیەمدا گەڕەکی تیماری هەزاری دروست بووە، لەگەڵ گوندی تۆبزاوەی ئەحمەدیش ڕێکخراوەتەوە و پرۆژەی ئاوەڕۆ و دروستکردنی شەقامەکانی جێبەجێ کراوە. ئەم پرۆژانە دەرخەری ئەوەن کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کابینەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانییە.

* ئەو گرفتانە چین لە کاتی کارکردندا دێنە بەردەمتان؟
-کاتێک سنوورێکی فراوانت دەبێت بۆ کارکردن و خزمەت دەکەیت، بەدڵنیایییەوە بەربەستیش دێتە پێشت. لە کابینەی نۆیەمدا دەتوانم بڵێم هیچ کەس جۆرئەتی ئەوە ناکات زێدەڕۆیی بکاتە سەر زەوی و مۆڵکی گشتی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەسانێک هەن ڕۆژانە زێدەڕۆییی بچووک دەکەن بۆ سەر شەقام و شۆستە. ئێمەش بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین و زێدەڕۆیییەکان لادەدەین و پێبژاردنیان بۆ دەکەین، یاخود شوێنەکە دادەخەین تا ئەو کاتەی بەڵێن دەدات کە جارێکی دیکە کاری نایاسایی دووبارە نەکاتەوە، لە ئێستاشدا هاووڵاتییان زۆر هاوکاریی تیمەکانی شارەوانین؛ هر کارێکی نایاسایی ببینن، بەزووترین کات ئێمەی لێ ئاگادار دەکەنەوە و ئێمەش بەپێی داواکارییەکانیان دەچین و بەپێی یاسا مامەڵە دەکەین، کەسیش لە یاسا بەرزتر نابینین.

* لە کۆتاییدا(خەبات) دەپرسێت: دەتوانیت بڕی داهات و خەرجیی شارەوانیی پێنج بڵێیت لە کابینەی نۆیەمدا؟
– ئێمە وەکو شارەوانیی پێنج لە هەولێر، زۆر شەفافانە بڕی داهات و خەرجی دەخەینە ڕوو. بەهۆی ئەو هەموو خزمەتگوزارییەی پێشکەشی خەڵکی سنووری خۆمانی دەکەین، بەدڵنیایییەوە بڕی خەرجیمان زۆر زیاترە لە بڕی داهات، چونکە ئێمە دەزگایەکی جێبەجێکاری خزمەتگوزارین.
بڕی داهاتمان لە کابینەی نۆیەمدا دەکاتە ٦,٧١٠,١٤٧,١٠٤ دیناری عێراقی، بەڵام بڕی خەرجیمان لەم کابینەیەدا یەکسانە بە ١١,٥١٧,١٤٩,٤٣١ دیناری عێراقی. جیاوازیی ئەم ژمارەیەش دەرخەری ئەوەیە کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای سەختیی قەیرانی دارایی، کۆڵ نادات لە پێشکەشکردنی کارە خزمەتگوزارییەکانی. هەر ئەم سیاسەتەی کارکردنەشە وا دەکات ڕۆژ بەڕۆژ هەولێر جوانتر و درەوشاوەتر دەرکەوێت لەنێو هەموو شارەکانی عێراقدا.