خه‌بات: مسلم دۆلەمەری:- عومەر جەمیل حەمەوه‌یس، هونەرمەندی پەیکەرساز، لە ساڵی ١٩٨٥ لە ناوچەی هەورامان لەدایكبووە، ساڵی ٢٠١٠ پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی، لە بەشی شێوەکاری (پەیکەرسازی) تەواوکردووە، لەم دیدارەدا باس لە ئەزموونی خۆی لەکاری پەیکەرسازی و جۆرو شێوازەکانی پەیکەرسازی دەکات.

ئایا هونەری پەیکەرسازیت وەک پیشە هەڵبژاردووە یان ئامانجێکی تایبەتت لەم کارەدا هەیە؟
هونەری پەیکەرسازی بۆ من تەنیا پیشە نییە، بەڵکو شێوازی ژیان و ڕێگەی دەربڕینی بیر و ناسنامەی کولتوورییە. لە ماوەی ساڵانی کارکردنمدا، چەندین پەیکەر و کاری هونەریی جیاوازم دروست کردووە کە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دانراون، هەروەها بەشداری چەندین پڕۆژە و چالاکیی هونەریم لەسەر ئاستی کوردستان و عێراقم کردووە.

ئامانجی سەرەکیی من ئەوەیە کە لە ڕێگەی پەیکەرسازییەوە مێژوو، ناسنامە، کەسایەتییە نیشتمانییەکان و ڕووداوە گرنگەکانی کوردستان بە شێوەیەکی هونەری بپارێزم و بگوازمەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو. هیوام وایە هونەر هەمیشە بتوانێت پەیامی جوانی، ئاشتی و هۆشیاری بگەیەنێت و ببێتە پردێک بۆ لێک نزیککردنەوەی مرۆڤەکان.

بە گشتیی، پەیکەرسازی تەنیا دروستکردنی شێوە نییە؛ بەڵکو گواستنەوەی هەست، مێژوو، ناسنامە و بیرۆکەیە بە ماددەیەکی بینراو و هەستپێکراو.
بە گشتیی، کارە هونەرییەکانم لەسەر ڕێبازی ڕیالیزمی (واقعی) بنیاد نراون، چونکە باوەڕم وایە ڕاستی و وردەکارییەکانی مرۆڤ دەتوانن باشترین شێوەی گەیاندنی مێژوو و ناسنامەی کەسایەتییەکان بن.
زیاتر لە بواری پەیکەرسازیدا خەریکی دروستکردنەوەی پەیکەری کەسایەتییە سیاسیی، کۆمەڵایەتی، ئەدیب، ڕۆشنبیر و هزرڤانانی کوردم، بە شێوەیەک کە تایبەتمەندی و ڕوحی کەسایەتییەکانیان، بە دڵنییایی و وردی لە کارەکاندا بەرجەستە بکرێت. هەروەها زۆربەی ئەو پڕۆژانەی کە ئەنجامیان دەدەم لەسەر بنەمای داواکاری و خواستی سەرمایەداران، دامەزراوە فەرمییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت دەبن، کە ئامانجیان پاراستن و بەرجەستەکردنی مێژوو، کەسایەتییە نیشتیمانییەکان و میراتی کولتووریی کوردستانە.

ئەی کەسایەتییەکی تایبەت و شاراوە لەژیانتدا هەیە کە ڕۆژێک بێت کاری لەسەر بدەیت؟
تا ئێستا بیرم لەوە نەکردۆتەوە ئەگەر ڕۆژێک تەنیا یەک دەرفەتی کۆتایی ژیانم هەبێت بۆ دروستکردنی پەیکەر، ئەو پەیکەرە بۆ کام کەسایەتی دەبێت،
بەڵام شتێک کە دڵنییام لێی ئەوەیە کە لە ڕابردوو، لە ئێستا و لە داهاتووشدا، هەموو ئەو کارانەی بەریان دەکەوم یان کاریان تێدا دەکەم، بۆ ئەو کەسایەتییانەن کە خزمەتێکی گەورەیان بە نەتەوەی کورد و کۆمەڵگەی کوردستان کردووە و شوێنەوار و کاریگەرییەکی باشیان لە مێژوویی کورددا جێهێشتووە. بۆ من، پەیکەرسازی تەنیا دروستکردنی شێوەی مرۆڤ نییە، بەڵکو ڕێگەیەکە بۆ پاراستن و زیندووڕاگرتنی یاد و بەهاکانی ئەو کەسانەی شایستەن.

تا ئێستا چەند کاری هونەریت ئەنجامداوە، گرنگترینیان کامانەن؟
بە شێوەیەکی گشتیی، ژمارەی کارە هونەرییەکانم زۆرە و لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان دابەشکراون و بەشێکن لە ژیانی کولتووری و گشتیی ئەو شوێنانە.
لە نێوان گرنگترین ئەو کارانەدا، پەیکەری هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد فوئاد ئەحمەد، هەروەها پەیکەری ڕۆشنبیر و سیاسەتمەداری ناسراوی کورد فەلەکەدین کاکەیی، کە لە شاری هەولێر دانراون.
ئەم کارانە هەر یەکەیان بەشێکن لە هەوڵێکی درێژخایەن بۆ پاراستن و ناساندنی مێژوو، کەسایەتییە نیشتمانی و کولتوورییەکان.

هیچ پڕۆژەیەکی نوێت لەبەردەستدایە؟
لە ئێستادا لەسەر دوو پڕۆژەی گرنگ كاردەكەم, پەیكەری مامۆستا ئەحمەد سالار لە قۆناغی كۆتاییدایە و بڕیارە لە شاری سلێمانی پەردەی لەسەر لابدرێت.
هەروەها لە قۆناغی سەرەتایی پڕۆژەیەكی تایبەتدام كە تێیدا سێ پەیكەری هونەرمەندانی گۆرانیی كورد، تایەر تۆفیق، ڕەسوڵ گەردی و تەحسین تەها، بۆ دامەزراندن لە هەولێری پایتەخت ئامادە دەكرێن. بەپێی پلانەكە، ئەم پڕۆژەیە لەسەر داوای كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی و بە سپۆنسەری كەسایەتییەكی نیشتمانی، بودجەی بۆ دابین دەكرێت.