سهرهتا وتار مەسرور بارزانی.. ڕزگارکاری کوردستان و ئەندازیاری تێپەڕاندنی قەیرانەکان
ڕێنوێ دژوار فایق
لە ساتەوەختێکدا کە هەرێمی کوردستان لە نێوان قەیرانی دارایی، بڕینی سیستماتیکی بودجە و گەمارۆ سیاسییەکاندا ڕۆژگاری دەگوزەراند، مەسرور بارزانی شانی دایە بەر بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و ڕابەرایەتیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، لەگەڵ دەستپێکی ئەم کاروانەدا، سەرۆکوەزیران ستراتیژێکی جیاواز و دەگمەنی پەیڕەو کرد؛ ستراتیژێک کە تێیدا “قەیران” نەک هەر نەبووە هۆی ڕاوەستان و کۆڵدان، بەڵکو بووە بزوێنەری شۆڕشێکی بێدەنگی چاکسازی و وەرچەرخانێکی گەورە لە بونیادنانی ژێرخاندا لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا.
سەرەڕای کۆسپە ناوخۆییەکان و گوشارە ئاڵۆزەکانی دەرەوە، مەسرور بارزانی توانی مۆدێلێکی هاوچەرخ و سەرکەوتوو لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا (Crisis Management) پێشکەش بکات. ئەنجامدانی هەزاران پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سێکتەرەکانی شارەوانی، گەشتوگوزار و شوێنەواردا لە سەردەمێکدا کە هەناردەکردنی نەوت دووچاری کێشە بووبووەوە و شایستە داراییەکان دەستبەسەر کرابوون یان بڕدرابوون، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئیرادەی ڕاستەقینەی سیاسیی و پلانی تۆکمە دەتوانن ئاستەنگە داراییەکان تێکبشکێنن. ئەم کابینەیە ڕێچکەیەکی پتەوی بونیاد نا کە نەوەکانی داهاتوو شانازیی پێوە دەکەن، و سەلماندی کە هیچ گەمارۆیەک ناتوانێت چەرخی ئاوەدانیی کوردستان ڕابگرێت.
کابینەی نۆیەم تێڕوانینێکی گشتگیر و هاوسەنگی بۆ گەشەپێدانی سێکتەرە جیاوازەکان جێبەجێ کرد و شۆڕشێکی نوێی خزمەتگوزاری بەرپا کرد لە بواەرکانی:
– ئاسایشی ئاو: بە تەرخانکردنی ٢٦٥ ملیار دینار، توانرا ڕووبەڕووی مەترسییەکانی وشکەساڵی ببێتەوە و کۆتایی به کێشەی ئاو بهێنێت، بە جۆرێک بڕی کۆکردنەوە و گلدانەوەی ئاو بۆ ٢٥٢ ملیۆن مەتر سێجا بەرز بووەوە.
– تۆڕی ڕێگاوبان: بە گوژمەی ٥.٣ ترلیۆن دینار، زیاتر لە ١٢٧١ پڕۆژەی ڕێگاوبان جێبەجێ کران و نزیکەی ٦ هەزار کیلۆمەتر ڕێگا دروست کرا؛ ئەمەش شادەماری ئابووری و پەیوەندیی نێوان شارەکانی پتر بەهێز کرد.
– کەرتی وزە و کارەبا: شۆڕشێکی بێوێنە لە بەرهەمهێنانی کارەبادا بەدی هات و بڕی ١٩٧٤ مێگاوات کارەبا زیادی کرد. لە ڕێگەی پڕۆژەی ستراتیژیی “پڕۆژەی ڕووناکی”، کارەبای ٢٤ کاتژمێری گەیێنرایە ٥ ملیۆن و نیو هاووڵاتی و بووە هۆی کوژاندنەوەی زیاتر لە ٦ هەزار مولیدەی ئەهلی و پاراستنی ژینگە.
لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونیەوە، جەنابی مەسرور بارزانی جەختی لە پێویستیی چاکسازیی ڕیشەیی کردەوە لە هەرێمی کوردستاندا. لە ڕێگەی دیجیتاڵکردنی حکوومەتەوە توانیی:
– پڕۆسەی “هەژماری من”: بە بانکیکردنی مووچەی هاووڵاتییان، سیستەمێکی دارایی ستاندارد و شەفاف دروست کرا، کە ئەنجامەکەی بڕینی ٤١٨ حاڵەتی دوو موچەی نایاسایی بوو.
– دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان: لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای هاوچەرخەوە، بیرۆکراسیی کۆن و ئاڵۆز کەم کرایەوە، بە شێوازێک کە هاووڵاتییان دەتوانن تەنیا لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە ڕاستەوخۆ سوودمەند بن لە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت.
هێمای سەرکەوتنی ئەم کابینەیە لەوەدا بەرجەستە بوو کە توانی متمانەی تەواو بۆ کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی بگەڕێنێتەوە. پەسەندکردنی ٧٧٨ پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە ٢٢.٧ ملیار دۆلار لە سێکتەرەکانی پیشەسازی، گەشتیاری، بازرگانی و نیشتەجێبووندا، وەک بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر دەیسەلمێنێت کە کوردستان—سەرەڕای تەحەددییە ئەمنی و سیاسییەکان و گوشارەکانی ناوخۆ و دەرەوە؛ وەک مۆڵگەیەکی ئارام و سەرنجڕاکێش بۆ سەرمایەگوزاری دەمێنێتەوە.
ئەم کابینەیە سەلماندی کە کاتێک عەقڵییەتێکی سیاسیی داهێنەر لەگەڵ پاڵپشتیی هاونیشتمانیاندا یەکدەگرێتەوە، هیچ گەمارۆ و گوشارێک ناتوانێت ئیرادەی پەرەسەندنی کوردستان پەک بخات. ئەم هەنگاوانە کلیلی چارەسەری قەیرانەکان بوون و ڕێگەیان بۆ سەرکەوتن و ئاوەدانیی زیاتری کوردستان خۆش کرد.