بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و هاتنی وەرزی هاوین، بەرگریی شارستانیی هەولێر هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوەی ئۆتۆمبێلی خستەڕوو و ڕێنوێنیی خۆپارێزیی بۆ شۆفێران بڵاوکردەوە.

چیرۆکی سەرەکی: لەگەڵ دەستپێکی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، مەترسیی ئاگرکەوتنەوە لە ئۆتۆمبێلدا زیاتر دەبێت. بۆیە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر کۆمەڵێک ڕێنوێنیی خۆپارێزیی خستە ڕوو و جەختی لەسەر پێویستیی پابەندبوون بە ڕێکارەکان کردەوە، بە ئامانجی پاراستنی سەلامەتیی شۆفێران و کەمکردنەوەی ئەم جۆرە حاڵەتە نەخوازراوانە.

  بەرگریی شارستانیی هەولێر چەند هۆکارێکی سەرەکیی بۆ ئاگرگرتنی ئۆتۆمبێل دیاری کردووە کە بریتین لە:

  • گەرمبوونی بزوێنەر: لەکارکەوتنی سیستەمی ساردکەرەوە یان کەمیی ئاوی ڕادێتەر، دەبێتە هۆی گەرمبوونی مەکینەکە بە شێوەیەکی مەترسیدار.

  • دزەکردنی ماددە سووتێنەرەکان: لێچوونی بەنزین یان ڕۆنی مەکینە لەسەر بەشە گەرمەکان دەبێتە هۆی داگیرساندنی خێرا.

  • کێشەی کارەبایی: تێکچوون یان داخورانی وایەرەکان کە دەبنە هۆی دروستبوونی پریشکی کارەبایی.

  • ماددە گڕگرتووەکان: جێهێشتنی چەرخ، بۆن، بوتڵی بەتاڵ، پاوەربانک و مۆبایل لەناو ئۆتۆمبێل و لەژێر تیشکی ڕاستەوخۆی خۆردا، مەترسیی گڕگرتن و سووتانیان لێ دەکرێت.

    بەرگریی شارستانی داوای دابینکردنی مەرجەکانی سەلامەتی دەکات، لە سەرووی هەمووشیانەوە بوونی بوتڵی ئاگرکوژێنەوە لەناو ئۆتۆمبێلدا بۆ کەمکردنەوەی زیانە گیانی و ماددییەکان. هەروەها داوا لە شۆفێران دەکات لە کاتی ڕووداوەکانی سووتاندا، دەستبەجێ پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکانی بەرگریی شارستانییەوە بکەن لە ڕێگەی ژمارەکانی (115) و (125)، بۆ ئەوەی تیمەکان بە زووترین کات بە هانایانەوە بچن.