پارێزگای هەولێر بڵاوی کردەوە، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری دابەزاندنی نرخی بەنزین و پاراستنی مافی هاووڵاتییان، لێژنەی چاودێریکردنی نرخ و کوالێتی بەنزین لە پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ هەینی 24/7/2026، بەردەوام بوون لە چاودێرییەکان و زیاتر لە 28 بەنزینخانەیان لە ناو پارێزگا بەسەرکردەوە.
ئاماژە بەوەش دراوە، لە ماوەی ئەم چاودێرییەدا، ئەو بەنزینخانانەی پابەند نەبوون بە بڕیارەکانی دیاریکراوی نرخی فرۆشتنی بەنزین کە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بۆ بەنزینی جۆری ( سوپەر و محەسەن و نۆڕماڵ ) دیاری کردووە، ئاگادار کرانەوە و ناچار کران بە جێبەجێکردنی بڕیارەکان، هەروەها هۆشداری درایەوە کە هەر سەرپێچییەک ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی دەبێتەوە. لە هەمان کاتدا، لێژنەکە سوپاسی ئەو بەنزینخانانەی کرد کە هاوکارییان کردووە و پابەند بوون بە نرخە دیاریکراوەکان.
بە پێی گوتەی لێژنەکە، ئامانجی ئەم هەنگاوە جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆ دابینکردنی بەنزینێکی کوالێتی باش بە نرخێکی گونجاو، بەهێزکردنی چاودێری بازاڕ و پاراستنی بەرژەوەندی و مافی هاووڵاتییان.