هێرشەکەی چەند کاتژمێری ڕابردووی ئەمریکا بۆ سەر دیوی ئێران لە دەروازەی شەلامچە لە پارێزگای خوزستان کە هاوسنورە لەگەڵ پارێزگای بەسرە لە باشووری عێراق، کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی 11 کەسی دیکەی لێکەوتەوە، لە کاردانەوەی هێرشەکەشدا سوپای پاسداران بە مووشەک بنکەکانی ئەمریکای لە ئوردن کردە ئامانج.
ئەم بەیانییە فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، بۆ 12ـەمین شەوی لەسەر یەک پێگە سەربازییەکان، توانای دەریایی و کۆگای مووشەک و درۆنی ئێرانیان بۆردوومانکردووە، ئاشکراشیکرد بەهۆی سەپاندنەوەی ئابڵووقەی دەریایی ڕێگریان لە نۆ کەشتی بازرگانی کردووە و کەشتییەکی تریشیان پەکخستووە کە ویستوویەتی کەناراوەکانی ئێران بەکاربهێنێت.
یاریدەدەری پارێزگاری خوزستان لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران ڕایگەیاند، لە هێرشەکەی ئەم بەیانییەی ئەمریکادا بۆ سەر بەشی گەشتیاران لە دەروازەی شەلامچە، دوو کەس کوژراون و 11 کەسیش برینداربوون، ناوچەیەکی سەربازیی و دەروبەری شاری ئاندیشمکی هەمان پارێزگاش بۆردوومانکراون.
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، دوای هێرشەکانی ئەم بەیانییە، ئەوانیش دەست بە تۆڵەکردنەوە لە ئەمریکا دەکەن و هۆشداری بە واشنتن دەدەن کە هێرشەکانی ڕابگرێت و چیتر ئاسایشی کەشتییە بازرگانییەکان و وزەی جیهانی نەخاتە مەترسییەوە.