سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی ئاوی (باڵندا – بارزان)ی كردەوە کە ئاوی خواردنەوە بۆ 53 گوندی سنووری قەزاکانی مێرگەسۆر و خەلیفان و ئاکرێ دابین دەکات.
ئەمڕۆ یەكشەممە 19/7/2026، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی ئاوی (باڵندا – بارزان)ی كردەوە کە ئاوی خواردنەوە بۆ 53 گوندی سنووری قەزاکانی مێرگەسۆر و خەلیفان و ئاکرێ دابین دەکات.
لە ڕێوڕەسمەكەدا، سەرۆكی حكوومەت لە وتارێكدا گوتی: “زۆر كەیفخۆشم كە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوە بەشدارم بۆ كردنەوەی پرۆژەیەكی گرنگ كە ئەویش پرۆژەی ئاوی ٥٣ گوندی دەڤەری بارزان و چەندین گوندی (بەرۆژیا و نزاریا) و هەندێك گوندی ناوچەی زێباری و سورچیایەتیش سوودمەندن لەم پرۆژەیەدا.”
مەسرور بارزانی هەروەها ئاماژەی بەوە دا: “زۆر خۆشحاڵم كە گەلێك فەرماندە و قارەمانی میللەتی ئێمە جارێكی دیكە لێرە دەبینمەوە، زۆر كەیفخۆشم بە دیتنی ئێوە. من دەزانم كە ئەو پێشكەوتنەی ئەمڕۆ لە كوردستان بەدەست هاتووە و ئەو دەستی ئاوەدانییەی كە دەگاتە هەموو دەڤەرەكانی كوردستان، لە سایەی خەباتی ئێوە و خوێنی شەهیدانی ئێمەیە، لەبەر ئەوە پێش هەموو كەسێك دەستخۆشیی لە ئێوە دەكەم.”
دەقی وتاری سەرۆكی حكوومەت:
بەخێرهاتنێكی گەرمی ئێوە هەمووتان دەكەم و زۆر كەیفخۆشم كە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوە بەشدارم بۆ كردنەوەی پرۆژەیەكی گرنگ كە ئەویش پرۆژەی ئاوی ٥٣ گوندی دەڤەری بارزان و چەندین گوندی (بەرۆژیا و نزاریا) و هەندێك گوندی ناوچەی زێباری و سورچیایەتیش سوودمەندن لەم پرۆژەیەدا.
پرۆژەیەكی زۆر گرنگی ئاوە لە چوارچێوەی ئەو پرۆژانەی كە حكومەتی هەرێم بەردەوامە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو ناوچە و دەڤەرەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ فەرق و جیاوازی. زۆر كەیفخۆشم كە ئەمڕۆ ئەم پرۆژەیە گەیشتە ئەنجام و ئەمڕۆ بە فەرمی دەكرێتەوە.
زۆر خۆشحاڵم كە گەلێك فەرماندە و قارەمانی میللەتی ئێمە جارێكی دیكە لێرە دەبینمەوە، زۆر كەیفخۆشم بە دیتنی ئێوە. من دەزانم كە ئەو پێشكەوتنەی ئەمڕۆ لە كوردستان بەدەست هاتووە و ئەو دەستی ئاوەدانییەی كە دەگاتە هەموو دەڤەرەكانی كوردستان، لە سایەی خەباتی ئێوە و خوێنی شەهیدانی ئێمەیە، لەبەر ئەوە پێش هەموو كەسێك دەستخۆشیی لە ئێوە دەكەم و سوپاسی ئێوە دەكەم بۆ ئەوەی كە ئێوە ئەم دەرفەتەتان دا بە ئێمە.
پرۆژەی ئاوی (باڵندا – بارزان) لە ساڵی ٢٠١٣ بڕیاری لێ دراوە، بەڵام پاش ئەوە لەبەر چەند هۆكارێكی وەك قەیرانی ئابووری و شەڕی داعش و چەند كێشەی دیكەی ئابووری یان هەتا كێشەی كۆرۆنا كە هاتە پێشەوە، بووە هۆكاری ئەوەی كە ئەم پرۆژەیە لە كاتی خۆیدا جێبەجێ نەكرێت. پاشان لە ساڵی ٢٠٢٢ جارێكی دیكە بڕیار لەسەر ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیە درا و كۆمپانیای (ئەرگێل) بەشدار بوو لە جێبەجێكردنی بەشێكی زۆری ئەم پرۆژەیە، بەڵام دیسان لەبەر هەندێك هۆكار ئەم پرۆژەیە تەواو نەبوو. پاشان داوا لە كۆمپانیای (جی ئی جی) كرا بۆ درێژەدان و بەردەوامبوون و جێبەجێكردن و تەواوكردنی ئەم پرۆژەیە. من دەستخۆشیی لە هەردوو كۆمپانیا دەكەم، بە تایبەت كۆمپانیای (جی ئی جی) كە هەموو ئەندازیار و پسپۆڕ و ئەو كەسانەی لەسەر ئەم پرۆژەیە كاریان كردووە، خۆماڵی بوون. جێی سەربڵندیی ئێمەیە كە لە كاتێكی نزیكدا ئەم پرۆژەیان بەجێ گەیاند، ئینشائەڵا بەردەوام لە سەركەوتندا دەبن و كوردستانیشمان ڕۆژ بە ڕۆژ ئاوەدانتر دەبێت.
ئاو سەرچاوەی سەرەكیی ژیانی هەموو كەسێكە و پێویستە ئێمە هەموومان دەست بە ئاو بگرین و زیادەڕۆیی لە بەكارهێنانی ئاودا نەكەین. ئەم دەڤەرە بە ژینگەپارێزی ناسراوە، زۆر كەیفخۆشم كە دەبینم ناوچەكە، بە تایبەتیش دەڤەری بارزان كە لە لایەنی ژینگەپارێزی بووەتە پێشەنگ، پاشماوە و زبڵ و خاشاك فڕێ نادەنە سەر شەقام یان جێگە پیس ناكەن، هیوادارم ئەم كەلتوورە جوان و باشە بۆمان بەردەوام بێت. ژینگەپارێزی بەس پاك و خاوێنڕاگرتنی ژینگە نییە، بەڵكوو پاراستنی دار و دارستان و ئاژەڵەكانیشە، ئەمە كەلتوورێكە كە لە مەزنەكانمانەوە بۆمان ماوەتەوە و هیوادارم ئێمە هەموومان پێیەوە پابەند بین و ڕێنماییەك كە مەزنەكانمان بۆیان بەجێ هێشتووین، ڕێز لە ژینگەی خۆمان بگرین و وەك ماڵی خۆمان بیپارێزین.
جارێكی تر من دەستخۆشیی لە جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە دەكەم، هیوادارم هەموو كوردستان ئەم پرۆژانە بگەنە هەموو بەشەكانی كوردستان. هەرچەندە چەندین پرۆژەی وەك ئەمە و مەزنتر لە كوردستان هاتووەتە جێبەجێكردن، پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر لە هەردوو لای راست و چەپی شار، یان چەندین دەڤەری دیكە لە هەرێمی كوردستان، پرۆژەكانی گەیاندنی ئاو بۆ دابینكردنی ئاسایشی ئاو لە سەرانسەری كوردستان، هەندێكیان ئەنجام دراون و هەندێكیش لە بەرنامەدان بۆ ئەوەی ئەوانیش جێبەجێ بكرێن.
لەسەر ئەم پرۆژانە بەردەوام دەبین و هەوڵ دەدەین هێندەی لە تواناماندا بێت، خزمەتگوزاریی بگەیەنینە هەموو بەشەكانی هەرێمی كوردستان. جێی خۆیەتی لێرە سوپاسێكی گەرمی وەزیر ساسان عەونی و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەموو ئیدارە و لایەنە پەیوەندیدارەكان و قایمقامی مێرگەسۆر بكەم بۆ بەشداری و پشتیوانیی ئەوان لەو پرۆژەیە. هەروەها دەستخۆشیی لە برای ئازیز مەلا مستەفا دەكەم كە گەلێك بە خەمخۆری بەدواداچوونی بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە كردووە و خەمخۆری ئەوە بووە هەموو كاتێك پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بگەن بە خەڵك بەبێ فەرق و جیاوازی. دەستخۆشیی لە ئێوە هەمووتان دەكەم بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژەیە، ئینشائەڵا خوا پشتیوان بێت و پرۆژەی زیاتریش جێبەجێ بكرێن.
دەرفەتە من هەندێك باسی بارودۆخی نێودەوڵەتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا و بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش بكەم. دیارە هێشتا گرژی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامن و ئێوەش دەبینن كە بەداخەوە گەلێك جار زەرەر و زیان بە ئێمە گەیشتووە، بەبێ ئەوەی ئێمە بەشێك بین لەم شەڕ و گرژییەی كە ئێستا لە ناوچەكەدا هەیە. دیسان دووپاتی دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان بەشێك نییە لەم گرژییانە و ئێمە نامانەوێ ببینە بەشێك لەم ململانێ و ئەو شەڕەی ئێستا لەم ناوچەیەدا هەیە. هیوای ئێمە ئەوەیە كە ئاشتی و سەقامگیری جارێكی دیكە بگەڕێتەوە و شەڕ و كوشت و كوشتار بەرەو كۆتایی بچن. هەموو وڵاتێك داخوازی دەكات كە وڵاتانی دیكە نەبنە جێی مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و نەتەوەیی و نیشتمانیی ئەوان، ئێمەش ئەم داخوازییە دەكەین، ئێمەش نامانەوێ هەرێمی كوردستان لە لایەن هیچ كەسێكەوە هەڕەشەی لێ بكرێت یانیش ئەو ئاژاوە و كوشتن و گرتن و هەڕەشە و بۆردومانەی كە بەردەوام، ئەو هێرشە بەردەوام لەسەر هەرێمی كوردستان بێ پاساو هەیە، هیوادارم رابگیرێن، چونكە شەڕ و كوشتن و گرتن خێری كەسی تێدا نییە و بەرفراوانكردنی ئەم شەڕە لە ئەنجامدا هەموو لایەك تێیدا زەرەرمەند دەبن. بۆیە ئێمە بەردەوامیی ئەم هێرشانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و ناوچەكە شەرمەزار دەكەین و هیوادارین كە بەرەو كۆتایی بچن و ئەم شەڕانە نەمێنن و ئاشتی و سەقامگیری جارێكی دیكە بۆ هەموو میللەتانی ئەم دەڤەرە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێتەوە.