وەزارەتی دەرەوەی سووریا دەڵێت، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە سەرکۆنە دەکات و وەک هەوڵێکی ئاشکرا بۆ پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتان و دروستکردنی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاسایش و ئارامییان لەقەڵەمی دەدات.

 لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە بەردەوامیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشی درۆنی و مووشەکی دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان، سەخترینیان هێرشەکەی شەوی هەینی بوو کە کردیە سەر تاسڵوجە لە سلێمانی و تەقینەوەیەکی گەورە ڕوویدا، کە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لەناو خەڵكی سلێمانی بە تایبەت و هەرێمی کوردستان بەگشتیی دروست کرد.

– بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممەش، سیستەمی بەرگریی هێزەکانی هاوپەیمانان لە شاری هەولێر، هێرشێکی نوێی درۆنیان پووچەڵکردەوە و چەند درۆنێکیان لە ئاسمانی پایتەخت خستە خوارەوە.

 وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕاگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، “بەتووندی هێرشەکانی ئێران لەڕێگەی درۆن و موشەکەوە بۆ سەر کوێت، عومان، بەحرەین، ئوردن و هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکەین. هێرشەکەش پێشێلکاریی سەروەریی وڵاتان، هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاسایش و ئارامی و پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتییە.

– “هەموو هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە ڕەت دەکەینەوە و داوا دەکەین ڕێز لە سەروەری و یەکێتیی خاکی وڵاتان بگیرێت و هەمووانیش پابەندی یاسای نێودەوڵەتی و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە بن”.