وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاندراوێكی لەبارەی تەمویلی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 13/7/2026، وەزارەتی دارایی و ئابووری، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە: “کەمێک لەمەوبەر بڕی 841 ملیار و 161 ملیۆن دینار، وەک تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.”
ئەوەش خراوەتە ڕوو: “هاوشێوەی مانگی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەك پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی حوزەیران لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە.”
دارایی هەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی بڕی 3 ملیار و 326 ملیۆن و 931 هەزار دینار لە تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیران نەنێردراوە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا جەخت لەوە كراوەتەوە: “دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، ڕاستەوخۆ لیستی مووچە بڵاو دەکرێتەوە و لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران دەکرێت.”