شنگال… ئەوەی بە چاوی خۆم بینیم، نیشتمانێك چاوەڕێی ڕۆڵەكانیەتی و دادگەرییەك چاوەڕێی بڕیارە

144

د. حەمدی شنگالی
هەندێك سەردان هەن هەرگیز لەبیر ناكرێن؛ نەك لەبەر ئەوەی شوێنێكت پێ دەناسێنن، بەڵكوو لەبەر ئەوەی ڕووبەڕووی ئازاری مرۆڤی ڕاستەقینەت دەكەنەوە، لەگەڵ ئەو هیوایانەی كە هێشتا نەكوژاونەتەوە. كاتێك لەلایەن ژمارەیەكی زۆر لە ڕۆڵەكانی شنگالەوە، كە ئاوارەی دهۆك و هەولێرن، بانگهێشت كرام، خۆم لەبەردەم سەردانێكدا بینییەوە، كە زۆر زیاتر دوامخستبوو. لەوێ شنگالێكی ڕاستەقینەم بینی؛ موسڵمان، ئێزدی، مەسیحی. عەرەب، كورد و توركمان. مرۆڤگەلێك كە یەك خۆبەندی بۆ یەك شار و یەك نیشتمان كۆیان دەكاتەوە، لەگەڵ مێژوویەكی هاوبەش لە ئارامگرتن، كە قووڵاییەكەی هیچی لە مێژووی ئازارەكانیان، كەمتر نییە. بۆ ساتێكیش هەستم بەوە نەكرد، لەبەردەم پێكهاتەی جیاواز دام. لەبەردەم یەك خێزانی عێراقیدا بووم، كە شەڕ، ئاوارەیی و تیرۆر شەكەتی كردبوون، بەڵام بڕوایان بە پاشەڕۆژێكی باشتر لەدەست نەدابوو. بەڕاشكاوییەك كە هیچ مەراییەك هەڵناگرێت، دان بەوەدا دەنێم، كارەكەم دەرفەتی تەواوی پێنەداوم، لەماوەی ساڵانی ڕابردووا، ئەوە پێشكەشی ئەو خەڵكە بكەم، كە شایستەن. هەستم بە پەشیمانی كرد، نەك شانازی، كاتێك ئەو هەموو خۆشەویستییەم بینی كە پێیان بەخشیم؛ پێشوازییەك زۆر گەورەتر لەوەی كە شایستەی بم. لە ناخمدا دەنگێكی كپ سەرزەنشتی كردم: بۆچی زووتر نەهاتی بۆ ئێرە، بۆ ئەوەی گوێیان لێ بگریت و دەنگیان بگەینیتە بڕیار بەدەستان؟ ساڵانێكی درێژ لە ئاوارەیی، ژیانێكی سەخت لە كەمپەكان یان لە شوێنە دوورەكانی پەنابەری. بارودۆخێكی ئابووری و كۆمەڵایەتی خراپ، كە چیاكان بەرگەی ناگرن. لەگەڵ ئەوەشدا، بێجگە لە (ئەلحەمدو لیللا) هیچ شتێكی ترم لێیان نەبیست. ڕەزامەندییەكی سەیر بە قەدەری خودا و متمانەیەكی سەرسوڕهێنەر بەوەی، كە ڕزگاری بێگومان هەر دێت. ئەمەش خۆی لە خۆیدا، وانەیەكی خۆڕاگرییە، كە شایانی گێڕانەوەیە نەك كورت كردنەوە.
برینەكان لە داعش كۆنترن
مەینەتییەكانی شنگال لەگەڵ داعش دەستی پێ نەكردووە، لەكاتی قسەكردنم لەگەڵ ڕۆڵەكانیدا، ئەوەم زانی. ئازار لەوێ زۆر كۆنترە. لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا، شارەكە بەر سیاسەتی ڕاگواستنی زۆرەملێ و تەعریبی بە بەرنامە كەوت، كە شوێنەواری قووڵی لەسەر پێكهاتەی كۆمەڵایەتی ناوچەكەدا جێهێشتووە. بەڵام ئەم سیاسەتانە، سەرەڕای توندیشیان، نەیانتوانی ئەو شارە پارچەپارچە بكەن، بەڵكو بەپێچەوانەوە، خەڵكەكەی یەكگرتووتر بوون و بەهاكانی هاوكاریان تێدا چەسپا، كە دواتر بووە دوایین هێڵی بەرگرییان. شوێنی جوگرافیی شنگالیش، هەمیشە خستوویەتییە ناو جەرگەی ململانێكان، ئەو شارە كە بەپێی دەستوور، لە چوارچێوەی ماددەی 140 دایە، وەك یەكێك لەو ناوچانە پۆلێن كراوە، كە لەسەردەمی ڕژێمی پێشوودا، ڕووبەڕووی گۆڕینی دیمۆگرافی بوونەتەوە. هێرشی داعش و دڕندەترین قۆناغ بوو؛ تاوان و پێشێلكاری دەرهەق بە مەدەنییەكان، هێشتا شوێنەوارەكەی لەسەر یادگەی بەكۆمەڵی شارەكەدا ماوە. تەنانەت دوای ڕزگاركردنیش، بارودۆخەكە وەك ئەوەی چاوەڕوان دەكرا ئارام نەبووەوە. شنگال هەر بە دیلی دەستی ململانێ و دەستوەردانی هەرێمیی ئاڵۆز مایەوە، كە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی تەناهی و سیاسیدا هەبوو و سێبەرێكی قورسیشی خستە سەر ژیانی ڕۆژانەی دانیشتووانەكەی.
شیرازەیەك دابەشبوون هەڵیناوەشێنێتەوە
ئەوەی سەرنجڕاكێشە، ڕۆڵەكانی شنگال بە پێداگرییەوە هەر وتارێك ڕەتدەكەنەوە كە داوای دووبەرەكی بكات. لە نێوانیاندا ویستێكی ڕاستەقینەم بۆ پێكەوەژیان بەدی كرد، نەك وەك دروشم، بەڵكوو وەك كارێكی ڕۆژانە. خۆشەویستی بۆ یەكتر، كاری هاوبەش و بڕوایەكی قووڵ، بەوەی پاشەڕۆژی شارەكەیان تەنها بە یەكگرتوویی هەمووان دەبێت، بە هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەكانەوە. داواكارییەكانیان ناشۆ نەبوون، بەڵكو زۆر مرۆیی بوون. داوایان لە بەغدا و هەولێر كرد، بۆ كۆتاییهێنان بە مەینەتییەكانیان، هاوكاری یەكتر بكەن. لەم چوارچێوەیەدا، ڕێككەوتنامەی شنگال، كە لە ساڵی 2020دا لە نێوان هەردوو حكومەت و بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان واژۆ كرا، وەك چوارچێوەیەكی سیاسی و تەناهی ئومێدبەخش دەركەوت، كە ئامانجی ڕێكخستنەوەی كاروبارەكان، دابینكردنی ئاسایش، ڕێگەخۆشكردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوادەنكردنەوەیە، تاكو ئێستا جێبەجێ نەكراوە، زۆرێك لە ئامانجەكانیشی بەدی نەهاتوون.
ساتێكی لەبیر نەكراو: دیدارم لەگەڵ دایكە (شەمێ)
ئافره‌تێكی ئێزدی كە بەهۆی هێزی ئازارەوە بووەتە سیمبولی ئارامگرتن و خۆڕاگری. لەبەردەمیدا دانیشتم و دەمزانی تەنها گوێ لە چیرۆكێكی سەرپێی ناگرم، بەڵكو گوێ لە لاپەڕەیەكی خوێناوی لە مێژووی شنگال دەگرم. بە دەنگێكی هێمن كە دەریایەك لە خەمی لەپشت بوو، باسی ئەوەی بۆ كردم، چۆن بینیویەتی تیرۆریستانی داعش لەبەردەم چاویدا چەندین كوڕ و برا و ئەندامی خێزانەكەیان كوشتووە. تاوانێك، كە هیچ ئایینێك پەسەندی نادات و هیچ ویژدانێكی مرۆییش، بەگەنی ناكات. وشەكانی كەم بوون، بەڵام بێدەنگییەكەی لە هەموو قسەیەك، كاریگەرتر بوو. لە سیمایدا تەنها خەمێكی قووڵم بینی، كە تێكەڵی ئارامگرتنێكی سەرووی وەسفكردن بوو، لەگەڵ باوەڕێك، كە ساڵانی لەدەستدان لەقیان نەكردبوو. بە چاوێكی پڕ لە فرمێسكەوە، باسی ئازیزە لەدەستچووەكانی دەكرد، بەڵام هەرگیز هیوای لەدەست نەدابوو. بڕوای وابوو، هەر دەبێت رَۆژێك بێت، كە دادگەری سەركەوێت، شنگالیش لەژێر وێرانەی كارەساتەكانیدا هەڵستێتەوە. دوای ئەم دیدارە، لە شتێك تێگەیشتم كە پێشتر بەم ڕوونییە بۆم دەرنەكەوتبوو: ئاوەدانكردنەوەی شنگال، تەنها دروستكردنی خانوو و ڕێگاوبان و قوتابخانە نییە، بەڵكو زۆر لەوە قووڵترە. گەڕاندنەوەی جیلوەیە بۆ خودی مرۆڤ، ساڕێژكردنی ئەو دەروونانەیە كە جەنگ ماندووی كردوون و پاراستنی یادگەی قوربانییەكانە، بۆ ئەوەی كارەساتەكەیان وەك چاوەرێكی زیندوو لەسەر قێزەوەنی تیرۆر بمینێتەوە و ببێتە پاڵنەرێك، بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە.
داواكارییەكان نابێت دوابخرێن
ڕۆڵەكانی شنگال، داوای دەستپێكردنی بەرنامەیەكی گشتگیریان بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە، بەهەموو شارۆچكە و گوندەكانی كرد، بەجۆرێك كە گەڕانەوەی هەموو ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان مسۆگەر بكات. شیاندنەوەی ژێرخانی بنەڕەتی، گەڕاندنەوەی ژیان بۆ قوتابخانە و نەخۆشخانەكان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەكان. بە بڕوای ئەوان، ئەمانە تاكە ڕێگەی گەڕاندنەوەی پێگە و سەقامگیرییە بۆ شارەكە. هەروەها داوای پێداچوونەوەی ڕیشەییان بە دۆخی تەناهی، ئابووری، تەندروستی و خزمەتگوزاری كرد. چونكە گەڕانەوەی خەڵك سەقامگیر و بەردەوام نابێت، ئەگەر بەكردەنی هەست بە پارێزراوی نەكەن. ئەگەر قوتابخانە بۆ منداڵەكانیان، نەخۆشخانە بۆ چارەسەركردنی نەخۆشەكانیان، هەلی كار بۆ گەنجەكانیان و خزمەتگوزاری سەرەكیی نەبێت، كە دەرفەتیان پێ بدات، ئایندەیەكی ڕاستەقینە بۆ شارەكەیان بنیات بنێن.
كێشەی نیشتمان، نەك كێشەی پێكهاتەیەك
لەو سەردانەدا بە باوەڕێكی نەگۆڕەوە هاتمە ده‌ره‌وه‌: شنگال تەنها كێشەی ڕۆڵەكانی خۆی نییە، بەڵكو كێشەی هەموو مرۆڤە بەشەرەفەكانە. ئەم شارە باجێكی قورسی ململانێ و تیرۆرۆ داوە، قوربانی زۆری پێشكەش كردووە، ئەمڕۆكە شایانی ئەوەیە، پێگەی خۆی وەك نموونەیەكی ڕاستەقینەی پێكەوەژیانی ئاشتیانە بەدەست بهێنێتەوە. پەیامم بۆ بڕیار بەدەستان ڕوون و ڕاستەوخۆیە: شنگال و خەڵكەكەیتان لەبەرچاو بێت. ژینگەیەكی ئارام بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان دابین بكەن. بەكردار پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە دەست پێ بكەن، نەك تەنها لەسەر كاغەز، سەقامگیری پتەو بكەن، خزمەتگوزاری و دەرفەتی ژیانێكی باشیان پێشكەش بكەن. ئەم خەڵكە داوای تازیاری ئاوارتە ناكەن، تەنها داوای مافی دەستووری و مرۆیی خۆیان دەكەن: دوای ساڵانێكی درێژ لە چاوەڕوانی و ئازار، بە شكۆمەندی و ئارامی لەسەر خاكی خۆیاندا بژین. كاتێك ئەم دێڕانە دەنووسم، دەزانم كە تەنها هەستی سەردانكەرێكی ئاسایی ناگوازمەوە، بەڵكو ڕاسپاردەیەكی قورسم لەسەر شانە كە پیاوان، ئافرەتان، پیر، گەنج و منداڵانی ئەوێ خستیانە ئەستۆم. ڕاسپاردەیەكی سادە و قووڵ: شنگال ژیانی دەوێت، خەڵكەكەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە. عێراقیش بەبێ گەڕانەوەی ژیان بۆ شنگال پتوون نابێت، بۆ ئەوەی وەك شارێك بمێنێتەوە، كە ڕۆڵەكانی لەسەر خۆشەویستی و ئاشتی كۆدەكاتەوە.
و: ڕەمزی میرەكانی