وەزارەتی کارەبای عێراق بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی هاوسەری پەرلەمانتارێکی دەستگیرکراو لە پۆستەکەی و بڕینی ئەو هێڵە کارەبا بەردەوامەی کە پێشتر بۆ گەڕەکەکەیان ڕاکێشرابوو.

  بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی فەرمیی وەزارەتی کارەبای عێراق، عەلی سەعدی ووهەیب، وەزیری کارەبا، فەرمانێکی وەزاریی بۆ دوورخستنەوەی محەممەد حسێن حەلاوی، هاوسەری هیند عەباسی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی عەزم دەرکرد. ناوبراو لە پۆستی بەڕێوەبەری بەشی کارپێکردن و کۆنتڕۆڵ لە لقی دابەشکردنی کارەبای سەڵاحەدین لادراوە و لە جێگەکەی زەید کەنعان عومەری بۆ هەمان پۆست دەستنیشان کراوە.

 لە پاڵ لادانی هاوسەرەکەی لە پۆستەکەی، وەزارەتی کارەبا بڕیاریشی داوە بە بڕینی هێڵی بەردەوامی کارەبا لەو گەڕەکەی کە پەرلەمانتارەکە و هاوسەرەکەی تێیدا نیشتەجێن. ئەم هێڵە تایبەتە پێشتر تەنیا بەهۆی هەژموونی پۆستەکانیانەوە بۆ ئەو گەڕەکە دابین کرابوو.

  ئەم بڕیارانەی وەزارەتی کارەبا دوای ئەوە دێن کە بەرەبەیانی 28ـی حوزەیرانی 2026، هیند عەباسی لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراوانی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی پەرلەمانتاران و بەرپرسانی باڵا، بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی دەستگیر کرا.