سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، دۆسیەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێدەهێنین، ئاشکراشیکرد کە بەمزووانە حکومەتی عێراق هابەشی ئابووری و سیاسیی لەگەڵ ئەمریکادا ڕادەگەیێنێت.

  عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی حەدەسی سعوودی وتی “هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگە لە عێراق و دۆسیەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێدەهێنین”.

 لەبارەی دۆسییەکانی گەندەڵیش لە عێراق، وتی، تائێستا هیچ پەیوەندییەکی ناوخۆیی و دەرەکی نەبووە بۆ ئازادکردنی ئەوانەی بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون یانیش ئەوانەی تۆمەتبارن تا دەستگیر نەکرێن، بەڵام دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی بووە هۆی ئاشکراکردنی تێوەگلانی ژمارەیەک خەڵکی تر.

٠ دادگا بەگوێرەی یاسا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەو کەسانە دەرکرد کە لەم دۆسیەیەدا تێوەگلاون و فەرمانی دەستگیرکردنەکانیشی بۆ حکومەت نارد کە لایەنی جێبەجێکاری فەرمانەکانە، “ئەو تانک و زرێپۆشانەی لە هەڵمەتی بەرەبەیانیشدا بەکارهێنران، بۆ داخستنی ناوچەی سەوز بوو.”

  سەبارەت بە دۆسیەی گرووپە چەکدارەکانیش، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، گرووپە چەکدارەکان پێیان وایە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق ناکشێنەوە، بەڵام ئێمە بەرنامەیەک بۆ وەرگرتنی چەک لە گرووپەکان ئامادە دەکەین و ئەوانیش بواری کارکردنیان لە چەکدارییەوە بۆ بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەگوازنەوە، دوای ئەو وادەیەش کە دیاریکراوە (30ـی ئەیلوولی ئەمساڵ) چەکی دەستی گرووپەکان بەدەستی دەوڵەتەوە دەبێت.

٠ لەگەڵ ئەو وادەیەدا، کۆنگرەیەکی گەورە بەناونیشانی “کۆنگرەی سەروەری نیشتیمانی” دەبەسترێت، تیایدا کۆتاییهاتنی چەک لە دەرەوەی دەوڵەت ڕادەگەیێنرێت.

سەبارەت بە هاتنی دۆلار و پارەی کاشیش، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد کە ئەو دۆلارانەی بە کاش لە ئەمریکاوە دەگەڕێنرێنەوە ملکەچی ئەو پێوەرانەن کە بانکی ناوەندی پەیڕەویان دەکات، پێویستی عێراقیش بۆ پارەی کاش سەرەتای هەموو ساڵێک لەسەر بنەمای توێژینەوە و ئامادەسازی بانکی و ئەمنیی دیاری دەکرێت. وتیشی، بەمزووانە هاوبەشی ئابووری و سیاسیی لەنێوان بەغدا و واشنتن ڕادەگەیێنین.

پەیوەست بە گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانیش عەلی زەیدی ئەوەی خستەڕوو، هەوڵ دەدەن ئەمریکا و ئێران لە یەک نزیک بکەنەوە، عێراق خاڵی بەیەک گەیشتنە نەک گۆڕەپانی ململانێ و “ئێمە ناچینە هیچ بەرەیەک دژی بەرەکەی تر.”

عێراق لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت ( ئۆپێک) ناکشێینەوە، بەڵام داوای پشکی دادپەروەرانەی عێراق دەکەن.