شەوی چوارشەممە دەنگی چەندین تەقینەوە لە چەند شارێکی باشووری ئێران بیستران و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە بەندەر عەباس چالاک کرا؛ هاوکات لە شاری چابەهار تەزووی کارەبا بڕاوە.

بەگوێرەی میدیا نێوخۆییەکانی ئێران، دەوروبەری کاژێر 11:15ـی شەوی چوارشەممە دەنگی چەندین تەقینەوە لە شارەکانی بەندەر عەباس، سیریک، بوشەهر، کونارەک و چابەهار لە باشووری ئێران بیستراوە.

لە شاری بەندەر عەباس دەنگی چەند تەقینەوەیەک بیستراوە کە بە گوتەی شایەتحاڵەکان، دەنگەکان لە بەشی رۆژئاوای شارەکە بەهێزتر بوون؛ هاوکات سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی شارەکە بۆ بەرپەرچدانەوەی “ئامانجەکان” چالاک کراوە. لە شاری سیریکیش دەنگی تەقینەوەکان لە لای دەریاوە بیستراون.

ئاژانسی هەواڵی “مێهر” بڵاویکردەوە، لە شارەکانی چابەهار و کونارەک دەنگی نزیکەی 10 تەقینەوە بیستراوە. ئاژانسی “ئیرنا”یش رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەکانەوە تەزووی کارەبا لە بەشێکی شاری چابەهار بڕاوە. هاوکات دانیشتووانی پارێزگای بوشەهریش دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێزیان بیستووە.

ئاژانسی ئیرنا رایگەیاندووە، دەنگی فڕینی چڕی فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی دوورگەی کیش دەبیسترێت.

میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای ئەمریکا بۆ سەر بەندەری چابەهار لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، پارچەی ئەو مووشەک و پاشماوەی تەقەمەنییانەی بەکارهێنراون، بەر نەخۆشخانەی “ئیمام عەلی” لەو شارە کەوتوون. تاوەکو
ئێستا ئاستی زیانەکانی نێو نەخۆشخانەکە بە وردی رانەگەیێندراوە.