
د.محهمهد خدر مهولود
پەیڤێک: ژیاننامەی ئەنوەر مایی لە دایک بوون و کۆچی دوایی کردنی ( 1913-1963)، ژیان و خەباتی نووسەرو ئەدیب و وتاربێژ و مێژوونووس و رۆژنامەنووس و شۆرشگێڕ و سیاسییەکی چالاکی کوردستانە. بۆیە هێشتا بە چەندین سەرچاوەی هەمەلایەن، بایۆگرافیای ژیانی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەو زاتەیان نە خراوەتە نێو کتێبخانەی کوردییەوە. باسکردنی ئەم ژیاننامەیە چ بەزمانی کوردی بوو بێت یا عەرەبی بە هۆی ڕاستگۆیی باسکردن و ڕەسەنایەتی ڕووداوەکانە و بەداخەوە نووسەرانی کورد کەمتر پڕژاونەتە سەر بایەخدان بەژیان وبەرهەم وخەباتی. جگە لەو سەرچاوە دێرین و بایۆگرافیاییانەی کە باس لە ژیانی رۆشنبیری و بنەماڵەی ئەنوەر مایی دەکەن و بە ڕوون و ڕەوانی، ڕوونی دەکەنەوە، سەرچاوەیەک لە سەرچاوە ئەدەبییە باوەڕ پێکراوەکان سەرچاوەی ‹ گیوی موکریانی› یە، کە بەیەکەمین سەرچاوەی نووسراوی زانستی نووسینی ژیاننامەی ئەنوەر مایی شاعیرو نووسەر دادەنرێ، لە سەردەمانی زووی پەیوەندی و بەکتر ناسینییانەوە، ناسینی (ئەنوەر مایی و گیوی موکریانی) یەوە سەرچاوەیان گرتووە و بە ژێدەر و سەرچاوەیەکی گرنگ دەژمێرێ . گیوی موکریانی، بەم جۆرە ئەنوەر مایی دەناسێنێ:
بنەماڵەی (ئەنوەر شێخ تایەر- مەبەستی ئەنوەر مایی)، بە زانست و زانیاری سێ سەدە ساڵێک لەمەوبەر نێوداربووە و زانایانی ئایینی وەک عەبدوڵڵا مایی و مەلا عەبدولقادر شێخ قاسمی زەریر هی دییان تێدا هەڵکەوتووە. هەموویان دیوانی شیعرییان بە زمانی کوردی و فارسی و عەرەبی هەبووە، بەڵام کۆچکردن و لانەوازەی ساڵی 1923 یان رووداوەکانی (فەلەڕەش) و(سوپای لیڤی)، بووە هۆی لە نێو چوون وسووتانی کتێبخانەکەیان ونەمانی دەستنووسەکانیان.
شێخ محەمەد تاهری باوکی،شێخی رێبازی نەقشبەندی بووە وپەیوەندی پتەوی بە(تەکیەی بارزان)ەوە هەبووە. ساڵی 1915 کۆچی دوایی دەکا.ئەوسا ئەنوەر منداڵێکی تەمەن دوو ساڵان بووە. بۆیە دایکی (حەلیمە سەید ساڵح) بەخێوی دەکا و بۆ وەدەست هێنانی زانست و زانیاری ئایینی دەینێرێتە لای شێخ مەزهەر نەقشبەندی مامی ئەوسا شێخ مەزهەر نەقشبەندی هەم براگەورە و هەم سەرۆکی خێلەکەشیان بووە.
ئەنوەر مایی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر کاروچالاکی و بزوتنەوەی هزری نیشتمانپەروەری و شۆرشگێری لای ئەنوەر مایی لە سەردەم و قۆناغەکانی سەرەتای نەشونوماکردنی هزر و هەستکردن بە بابەتەکانەوە لە مێردمنداڵییەوە لە هزروناخیا چەکەرەی کردووە. ئەم هەمووهزرە تا ئەو ئاست و پلەیەی بۆی دەبێیتە (گیانی ئازایەتی وبوێری و باوەڕبەخۆ بوون وخەبات وتێکۆشان،بۆئازادی وسەربەخۆی). ئەم هەمووهەست و نەستە لە نێو هزروناخی دا ڕووچوو تە نێوکەسایەتی ولە هەڵسوکەوت و ژیانی دا ڕەنگی داوەتەوەو دەیکا بە کەسێکی خاوەن خود وکەسایەتی خۆی، خاوەن بریار و کارو کردەوەکانی کە هەڵبژاردەی هزرو ئیرادەی خۆی بێ.
بۆیە هەر لە سەرەتاکانی ژیانی ئەنوەر مایی،هەموو ئەو هەست و نەست و بیرو هزرە نیشتیمانی وسیاسییانە وەک هەن لە قاڵبی ئاسایی خۆیدا چەکەرە دەکەن و لە هزرو ناخی دا دەدبن بە بابەت. دیارترینی ئەو بابەتانە، شکستی دەوڵەتی عوسمانی یە لەجەنگی یەکەمی جیهاندا،لەکاتێکا شەڕو هەڵگیرسانی ئەو جەنگە مەزنەی جیهان، خۆی لەخۆیدا کارەساتێکی گەورە بوو، هاوکێشەی هێزی گۆڕی و چەندین ئیمپراتۆرو وڵاتانی شکست پێ هێنا وهێزو وڵاتی دیکە و نەخشەی سیاسی تازەی هێنا گۆڕێ . ئەمانە هەمووی جۆرە ووردبوونەوە و ڕامان وگومان و پرسیار دروستکردن بوون لە ناخی مرۆڤ و کەسانی پێڕاگەیشتوو و تێگەیشتووی وەک ئەنوەر مایی. بە چەشنێ جۆرە وورد بوونەوە وڕامان و پرسیارو نیگەرانی و گومان دروستکردن بوون لە هزرو بیرکردنەوەی دا نەک هەر وەک بابەتی شیعری، بەڵکو وەک بابەتی گرنگی ڕۆژانەی ژیانی نەتەوەیش.
هاتنی سوپای بەریتانی بۆ دەڤەری بادینان لەساڵی 1918 بەمەبەستی داگیرکردنی وڵاتانی ژێر قەڵەمڕەوی دەوڵەتی عوسمانی، کە کوردستان و دەڤەری بادینانیش یەکێک لەو دەڤەر و وڵاتە بە پیت و بەرەکەتە بوون، بەریتانییەکان چاوییان تێ بڕیبوو. بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ژێرنیری دەوڵەتی› پیاوە نەخۆشە شکست خواردووەکەی عوسمانی› بهێننە دەرو بیخەنه ژێرنیری داگیرکاری خۆیان. بەریتانییەکان لە ناوچەکە سەرەتا بە هەڵمەتێک دژی ئاسوورییەکان هاتنە پێش و پاشان بە داگیرکردنی ناوچەکە قۆناغ بە قۆناغ تا زاڵبوونەی تەواوەتیان بەسەر دەڤەرەکە کۆتاییان بە داگیرکاری هێنا .
ڕەتکردنەوەی داگیرکاری سوپای بەریتانی و ڕووبەڕووبوونەوەی جەماوەری ناوچەکە و بەگژداچووونی قارەمانانەی خەڵکە کۆڵنەدەرە کە سەرەتا شکستی گەورەی بە سوپای بەریتانیا هێنا، بەتایبەتیش شکستیان لەشەڕی (گهلی مزیرکا)، لە نزیک ئامێدی. ئەم ڕووداوانە دەبن بە پانۆرامای سیاسی و نیشتمانیی، لە نێو هزرو ناخی ئەنوەر مایی دا وێنەیەکی مەزنی قارامانیەتی و بەرخودان دروست دەکەن، کە هەمووی بوێری و ئازایەتی گەل و نەتەوەکەیەتی.
پەچەکردار و گرتنەبەری توندووتیژی ئەوشکستە، لای بەریتانییەکان، بە سووتماکردنی گوند و ئاوایی ناوچەکانی بەرواری باڵا و لەوانیشەوە گوندی مایێ تەواو دەبێ. هەروائاوارەبوونی دانیشتوانی گوند و خەڵکەکەی، بۆ ناوچەی چەلێ (چقورچە-لە کوردستانی تورکیا). هەموو ئەوانە دەبن بەرووداو و دیمەنی تراژیدی و کاروکردەوەی کارەساتباری ناخ هەژێن و تەواوی خەڵکەکە دەتاسێن و نیگەران دەبن، ترس و تۆقاندن دایان دەگرێ و ناچار کۆچ و کۆچبار تێکدەنێن و کۆچ دەکەن. ئەو رووداوە ناخهەژێنە و بینینی سنوور و لێکجیاکردنەوەی خاکی نیشتمانی کوردستان لە هاونیشتمانیان و هاوڵاتیانی یەک نەتەوە، بە سنووری دەستکرد لە نێوان (تورکیا و عێراق) و پێکەوە لکاندنی باشووری کوردستان بە عێراق، وەک دواتر بە فەرمی گرفتی ولایەتی مووسڵی لێ دەکەوێتەوە. ئەو بابەتانە هەموو ئەوهەست ونەستە نیشتمانیی وسیاسییەی لە ناخی ئەنوەر مایی هەبوون تۆختردەبن بە جۆرێ گیانی نەتەوەیی لە لای بەرز و باڵاترخۆی دەنوێنێ.
لەم ناسینەیدا دەگەینە ئەم چەند لایەنەی خوارەوە:
یەکەم: ئەنوەر مایی لە بنەماڵەیەکی ناوداری ئایینی،بە زانست وزانیاریی لەدایک بووە، تەمەنی ئەو زانست و زانیارییەی ئەو بنەماڵەیە،نزیکەی سێ سەد ساڵ دەبێ (سێ سەدە- 300 ساڵ) لە هەڵگری هەگبە و ژێدەریی زانست و زانیاریی، مانایەکی قوڵ و گرنگ دەگەینێ لە مێژووی پەخش و بڵاوکردنەوەی زانست و زانیاری لە کوردستان بەگشتی و ناوچەی بادینان بەتایبەتی .
دووەم: ئەم بنەمالەیە خاوەنی کتێبخانەیەکی دەوڵەمەندی پڕسەرچاوەی زانستی وئەدەبی بوونە.
ئەم چەند دێرەی سەرەوە ئەوەمان پێ دەڵێ: ئەنوەر مایی لە خێزانێکی ئاینیی بەزانست پەروە و گۆشکراوی ئەدەبی کوردی و کلاسیکی فارسی و عەرەبی گروگاڵی کردوە و هاتۆتە نێو ژیان و تێکۆشانەوە .
ئەنوەر مایی، کاتێ تەمەنی نووسین و بەرهەمە هزرییەکانی دەگەنە ئەو ئاستەی بۆ بڵاوکردنەوە و گەیاندن بشێن، تێدەگەین لەبەرامبەر نووسەرێک و ئەدێبێک و مێژوونووسێک و هونەرمەندێک و زمانزانێک ڕۆژنامەوانێک و تێکۆشەڕێک وەستاوین کە لە جۆر و چەشنی ئەو نووسەرانەیە کەوا فرە بەرهەم و فرە توانای ئەفراندنی هزری و ئەدەبی و هونەرییە. بۆیە دەکرێ ئەو زاتە مەزنە لەو ڕوانگە و ژانڕانەی خوارەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین و بیناسێین:
ئەنوەر مایی : وەک شاعیر، وەک نووسەر، وەک مێژوونووس، وەک چیرۆکنووس، وەک زمانزان، وەک هونەرمەند و وەک فولکلۆرێست.
هەڵبەتە ئەمە تێڕوانینێکی زانستییە بۆ لێکۆڵینەوە لە فرە بەهرەیی هزری ئەو نووسەرهی کە لە تەواوی بوارەکاندا بەرهەمی ئەفرێنەری هەبووە. هەروا بۆ کات و سەردەمی خۆی پێشەنگ و ڕابەری زۆرێک لەو بوارە ئەدەبیانەیە.
ئەنوەر مایی شاعیر، ئەنوەر مایی توێژەری شیعری
شرۆڤەکردنی شاعیریەتی ئەنوەر مایی و لێکۆڵینەوە لە توانای شیعر نووسینی شاعیرێکی وەک ئەنوەر مایی لە نێو بواری شیعری بادیناندا لەسەردەم کاتی خویدا ناکرێ بەتەنیا وێنای شاعیێرێک و دەقە شییعرییەکانی بخەینە ڕوو. چونکە بەم کارە هزرودیدی هەندێ خوێنەردا تەنیا تەژی دەبێ لە شوێنەروار و جێماوەی شیعری و وێنەی هونەری ریتم و خەیاڵ و فانتازیایی ئەنوەر مایی شاعیر و هیچتر نا. لە کاتێکدا باگڕاوندی شیعرەکانی شاعیر، باگڕاوندی نووسەر و ڕۆشنبیر و زانا و شاعیرێکی شارەزا و پسپۆر و کەسێکی بەئاگای بوارەکانی ڕۆشنبیری گشتی نووسەرێکمان دەداتێ وێرای ئەوەی ئەوی شاعیر لە شاعیرانی پێشەنگی دەڤەری بادینانە، بە لێکۆڵەڕ و شارەزای بواری شیعری کوردیش دادەنرێ، وەک لەم لێکۆڵینەوەدا بۆمان دەردەکەوێ.
ئەنوەر مایی نووسەر، وەک ژانڕی شیعری ئەوی شاعیر لەسەردەمانێک شیعری نووسیوە کۆمەڵێک شاعیری ناوداری کورد لە ناوچە جیاجیاکانی دەڤەری بادینان پێشەنگ بوون و بوونیان هەبووە و هەندێکیشیان هاوکوفی ئەو بوونە، بۆیە گەنجینەی هزری ئەفرێنەری ئەوی شاعیر خۆی لە سێ سەرچاوە دەبینێتەوە کە ئەمانەی خوارەوەن:
یەکەم: سەرچاوەی ئەدەبیاتی کلاسیکی ناوچەکە، فارسی و عەرەبی بە تەواوی سەرچاوەی دەوڵەمەندی ئەدەبیاتی شیعری کلاسیکی کوردی قوتابخانە شیعرییەکانی ئەحمەدی خانی و بەتایبەتیش مەلایێ جەزیری وفەقیێ تەیران و …تد.
دووەم: سەرچاوەی دەوڵەمەندنی زانستی خوێندنی ئایینی وبەهۆیەوە ئاشنا بوون بەدونیای ئەدەب و ئەدەبیاتی ئاینیی بۆ ئەدەبیاتی نووسراو و زارەکی کەخۆیان لە هەموو بوارەکانی ئەدەبی فرە فۆلکلۆری ئایینی و ئیتنی دەبینێتەوە بە هۆنەری گۆرانی گۆتن و هەڵپەڕکێ وسەما و گۆرانی چیرۆک و داستان و بابەتەکانی دیگەی گێڕانەوە.
سێیەم: گەنجینەی شیعری لەو شاعیرانەی کە هاوکوف و هاوسەردەمی ئەوبوون شاعیران: ئەحمەد ئەمین – ئەحمەدێ موخڵس، ئەحمەد بریفکانی،مەلا خەلیلی مشەختی.. تد.
ئەم کۆمەڵە شاعیرە لەگەڵ ئەنوەر مایی بە سەردەستەی شاعیرانی پێشەنگی کوردی دەڤەری بادینان دادەنرێن ئەوان ئەو دەنگە ڕەسەنەی شیعری کوردین، بەداهێنانی شیعری خۆیان توانییان پێش بە شیعروزمانی عەرەبی بگرن کە خەریک بوو تەواوی ناوچەکانی بادینان تەعریب بکات، لە هەموو بواری ژیان وکەلتووری ئەدەبی سیاسی بەهۆی ئەوەی تەواوی ناوچە ئیدارییەکانی دەڤەری بادینان ناحیە و قەزا بوون سەر بە شاری موسڵی عەرەبی (قەڵای عەرەبچیاتی)، تەعریبکردنیان ساڵ بەساڵ و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێش دەچوو.
ئەنوەر مایی سەرباری ئەو هەستە نیشتمانییەی هەیبوو، پیاوێکی ئازا وکورد پەرەوەر وزمانزانی خاوەن هەست و نەستی شیعری ئەفرێنەربوو. بۆیە تەواوی شیعرەکانی لە تەوەری کوردبوون و مرۆڤبوون و خۆشەویستی دەخولایەوە، وەک شاعیرێکی نیو کلاسیکی کورد سوودی لە قوتابخانەی شیعری کلاسیکی کوردی بەتایبەتیش شاعیران ئەحمەدی خانی و مەلایێ جزیری و فەقێیێ تەیران وەرگرتبوو، لە شێوەی شیعری ئەوانەوە بەدونیا بینی ئەوانەوە شیعری تازەی بە هزری سەرەمیانە دەنووسی. بەڵام بەشێوە گشتییەکە لە تایبەتمەندیەتیەکانی شیعری کلاسیکی کوردی لاینەداوە، وەک شاعیرێکی نێو ئەدەبی نیوکلاسیکی کوردی سەدەی بیستەم لەم کۆمەڵە پرەنسیپە ئەدەبییە شیعرییە لە تەواوی شیعرەکانی ئەنوەر مایی بەدی دەکەین:
یەکەم: کێش و سەروای شیعری:
شیعرەکانی ئەنوەر مایی شیعری بە غەزەل و قەسیدەوە، خاوەن کێش و سەروان، واتا قافیەدارن و شاعیر پابەندە بە کێشی عەرووزی و یەکگرتوویی سەرواو و کێشی برگەیی لە کۆتایی دێرە شیعرییەکانی دا. بۆیە شیعرەکانی شاعیر لەکاتی خوێندنەوەدا،مۆسیقایەکی شیعری- ریتم وئاوازی ڕەوان و ئاهەنگی شیعری دەبەخشن و شیعرەکە جوان دەکەن .
دووەم: شێوەی شیعری: زۆربەی شێوەی شیعرەکانی شاعیر لە قەسیدەی شیعری، دارشتنی ستوونی شیعرین، بە بابەتی هەمەجۆرەوە.
سێیەم: بابەتی شیعری: شاعیرانی کلاسیک و تەنانەت نیوکلاسیکیش زۆربەی بابەتە هزرییە شیعرییەکانیان کە بریتین لە بابەتی شیعری لە بارەی (نەمری و مانەوە،جوانی هەمیشەیی،ئەڤینی و خۆشەویستی و بۆ مرۆڤ و بۆ خاکی نیشتمان، جەنگی داگیرکاری و جەنگی رزگاری نیشتمانی و نەتەوەیی، مەرگ وشەڕ وکوشتن و بڕین و مەرگی ئازیزان و دۆستان، ناڵەباری ژیان مرۆڤ و بیری فەلسەفی قووڵ و خەیاڵی ناسک خۆشەویستی خاک و نیشتمان..تد) بە شێوەی (غەزەل و لیرکی) لە بابەتە شیعرییەکانی ئەنوەر مایی دا بە ئاسانی هەست بە خۆشەویستی نیشتمان وگیانی بەرزی کوردایەتی دەکرێ.
بوونی بابەتی خەیاڵی ڕەنگین وسۆزی هەستکردن بە گیانی دەروێشی وعیرفانی بۆجوانی سروشت وئەفراندنی خوایی لە جوانی مرۆڤ وجوانی نیشتمان، وەسفی قارەمانانەی پاڵەوانی دەقی شیعر و بەرزکردنەوەی گیانی نیشتمانپەروەری و باوەربوون بە پیرۆزییەکانی مرۆڤ، وەک پرسی کورد وکوردایەتی بە گشتی. بۆیە ئەو وەک شاعیرێکی متەسەوف وراستبێژوخواپەرست وعیرفانی خودان ئەزموونی دەروونی و شیکاری هزرییەوە لە شیعرەکانی جارناجارێ، عیرفانی و تەسەوفی لێ بەدی دەکرێ.
چوارەم: زمانی شیعری ئەنوەر مایی لەو چەشنە زمانە هونەرییە پڕلە هونەر و بابەتی ڕەوانبێژی ئەدەبی یە، بەجۆرێ جوانکاریان بە زمانەکەی بەخشیوە. بە ئاسانی خوێنەرهەستی پێ ناکات. مەگەرخوێنەری وریا و بە ووردی لێوربوونەوە و لە دێرە شیعرەکانی و وشەو دەستەواژە و وێنە شیعرییەکانی نەکرێ .
پێنجەم: سادەی زمان، لە شیعرەکانی ئەنوەر مایی دا بابەتی ئاڵۆزی پەیوەندار بە هزر و سۆزی مرۆڤی کورد بەدی دەکەین .بابەتەکە چەندە لە بیر وهزردا ئالۆزوبەگرێ و گۆڵە، بەڵام ئەوی شاعیر کە بە زمانێکی سادەی بێ گرێ،ناوەرۆک و بابەتە بە گرێ گۆڵەکانی شیعرەکانی پێ گوزارشت دەکا، مەبەستیەتی سەرنجی زۆرترین خوێنەرین بۆ دەقە شیعرییەکانی خۆی رابکێشێ بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتن .
ئەم تایبەتمەندیەتییە، یەکێکە لەو پرەنسیپانەی خودی ئەنوەر مایی لە پێناویدا تێکۆشاوە و خەباتی لە پێناو کردووە تا بە ئەدەب و نووسین بۆ فێربوون و پەروەردەکردنی جهماوەر و خوێنەری خۆی بە زمانی شیرینی کوردی و خۆشەویستکردنی زمانەکەیان ڕابێنێ و پێڕابگەێنێ . لە بەرامبەر و دژی زاڵبوونی زمان و کەلتووری عەرەبی کە بەمەستی تەعریبکردنی زمانی کوردی و زاڵبوونی ڕۆشنبیری عەرەبی بە ئاشکرا وەک پرسێکی سیاسیی داگیرکاری مەزن، بە بەرنامە لە شاری مووسڵەوە ئاراستەی ناوچەکە دەکرا.
بەگشتی هەموو ئەو دەقە شیعریانەی شاعیرێکی مەزنی وەک ئەنوەر مایی، لە پێناو جوانییەکانی ژیان و بەها بەرزو پیرۆزییەکانی روح وئاشقبوون بە سروشتی رەنگینی کوردستان نووسیوویەتی، هەڵوێستیش بوون بۆبەرگری لە زمانی کوردی و بەرز و پیرۆز هێشتنەوەی ئەوکەلتوورو ئەدەبیاتە ڕەسەنەی فرە دوژمنی هەمەجۆری لەمێژینەی هەبوو
نموونەی پڕاکتیکی: ئەم چەند (دەقە شیعری)یانەی ئەنوەر مایی یانەی دەخوێنینەوە لە ژێر ناونیشان و ناوەرۆجیا دایە، ئەم رایانەمان باشتر بۆمان ڕووندە بێتەوە .
دەقی یەکەم: جانا جانا
جانا جانا بەس بهانا، باڤی مانا ڤەبری
تول و ڕەندی، بەوی چەندی، دڵ تەژی کر ژ ئاگری
نە تو حوری، نە پەری، زەندی ژ توخمێ بەشەری
ئەز دخۆم سویند ب زەندی ماهـ و ئاب و فەنەری
دارو بار هەیڤ و ستار، سەرخۆشی دیدارا تەیە
ما تنێ سەرخۆش و بێهۆش، بویە بەس مێوا تری
مام بزاکەفتی چەما، هەتا سەما لۆما نەما
های ژ خوە، چما ژ خوە، وی نازکی دڵ کەرکری
سوڕگوڵ و نەسرین ژ تە بوون شەهمزار، نابن دیار
لەو کەتن لات و کهلاتا، ئان ل ناڤ دەحل و دڕی
ما تنێ حەیران و دیوانێ بۆ (لاوێ چیا)؟
سەد کەمال پێنج سەد رزا گاڤا تو دی دل ژ خۆ کری
هاتیە زینا را مانی، خۆ هەژانی، کر کەنی
مە برا سوجدە ژ بۆ تاووس مەلهکا (ئەنوەری).
دەقی دووەم: دلبەر
دلبەر ل سحەر جارەکا دی برهـۆ کشـــاندن
سەد گەزمە ئەو قەزمە لە دڵی خستە رشاندن
هاتا بە گرانی خوە هەژاندی، مە دزانی
زەندێت کو بە بازن، پوچە داخوازی هلاندن
کەزیێت وەکی مارا، کو بژارا، خوە سیارا
دهاڤێن دکوژن، ئەو دبهێژن، دێ ل مه هژاندن
زولفا وەکی دوپشکان، ئەو چاڤا بە بروسکان
دل سۆت و جگەر کوت و هزار ئێش ل مە چەماندن
ژ کەنێ تە مە زانی، تو ژ بو جانی مە هاتی
ئەڤ جانێ پژان، هەردەم مەلان، ل سەر کری خواندن
ژینا بدرەوە، بۆ چیە ئەو؟ گەندە ئەو دەردە
لێ یارێ ژمێژ جان و ڕەوان، برن و ڕەڤاندن
(ئەنوەر) دو هزار دەفتەر، بە مهدەر ژ ئەو بە هیڤی
بۆ وی تەڤیا کوڤی بەبی فایدە وی شاندن
شرۆڤەی دەق:
ئەم دوو دەقە شیعریە (جانا جانا و دلبەر) لەو جۆرە شیعرانەن کەوا دەچنە خانەی شیعری وەسف وستایش و پیا هەڵدان. لەو شیعرە رۆمانسییانەن بۆ خوێنەر، کەش و هەوای دڵگیر و بەختەوەری و شادی و خۆشی دەخوڵقێنێ. کەش و هەوایەک دلێگیرە بە وێنەی جوان و ڕەنگینی روخسار و زولفی یار و دلبەر. ئەم جۆرە دەقە شیعرییانە هەڵقوڵاوی ناخ و دڵ و دەروونن لە ئەنجامی سەرسام بوون و کاریگەرییەکانی ناخ و دەروونەوەیە، بە دەرەوەی خودی مرۆڤ – شاعیر، بەو هەموو جوانییە گەردوونییە سروشتیە یا مرۆڤ کردەن و لە سروشت دا هەن. جوانییەکانی دەرەوەی خودی شاعیر بە هەموو جوانییە گەردونییە سروشتییەکەیەوە جا جوانی مرۆیی بێ. یا سروشتی، ئەوی شاعیر وەک کەسێکی هەست و سۆز ناسک شەیدای جوانییەکان دەبێ.
ئەنوەر مایی شاعیریش لەم دەقە شیعریانەدا، زۆربەی هەرەزۆری هونەرەکانی ڕەوانبێژی گوزارشت پێکردووە تا دەقێکی تۆکمەی کاریگەری چێژبەخشی هونەری ژیبێژانەی ئەفرێنەر بەرهەم بهێنێیت. هەروەک لە دەقی ئەم شیعرەدا:
هونەری لێکچواندنی لەم چەند دێرە شیعرە بە جوانی و سەرنجڕاکێشی بەکارهێناوە:
هاتا بە گرانی خوە هەژاندی، مە دزانی
زەندێت کو بە بازن، پوچە داخوازی هلاندن
کەزیێت وەکی مارا، کو بژارا، خوە سیارا
دهاڤێن دکوژن، ئەو دبهێژن، دێ ل مه هژاندن
زولفا وەکی دوپشکان، ئەو چاڤا بە بروسکان
دل سۆت و جگەر کوت و هزار ئێش ل مە چەماندن
لە کاتێکدا لێکچواندن لەسەر بنەمای بەراوورد هاتووە. بۆ ڕوون کردنەوە و چەسپاندنی سیفەتی شتێک، کە لەگەڵ شتێکی تر بەراورد دەکرێت سیفەتە مەبەست دارەکەی تێدا زاڵە، بۆ ئەوەی سیفەتەکە بەم بەراوردە زێدەڕەوییە دەربکەوێیت.
(بابەتی باسکراو- لێچوو)، لەم دەقە شیعیرییەی ئەنوەر مایی شاعیر دا (کەزی- مار، زولف– دوپشک)ە. شاعیر بۆ بابەتی (بەراوردو ڕوونکردنەوە – لەوچوو) بە سیفەتی هاوبەشی نێوان هەردوو بنەرەتییەکە (ئەوزاری لێکچواندن)ی ئاوا رازاندۆتەوە:
دهاڤێن دکوژن، ئەو دبهێژن، دی ل مه هژاندن
خوێنەری وریای شیعرەکانی ئەنوەر مایی، هەست بە گۆڕینی مانا و واتای وەسف و هونەری ڕەوانبێژی شیعرەکانی بە شێوەی قۆناغ بەندی، قۆناغ بە قۆناغی ژیانی سیاسی و ژیانی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی شاعیر دەکا لەنێو شیعرەکانی (نیشتمان-کوردستان) هۆکارە بۆ(برینداربوون-داگیرکاری)، کۆڵێ گرفت و ئێش و ژان و سووتانی جێ هێشتووە. دەستی داگیرکارانەی دوژمن (خاک – کوردستان، مرۆڤ – جانان و دولبەر)ی پێکەوە سوتاندووە.
سەرنج:- ئەو بەشەی لێرە، لە هزرو هونەری رۆژنامەی خەبات بڵاوکراوەتەوە، بەشی سێیەمە و پشک و بەشێکی ئەو کتێبەمانە،کە بەهەمان ناونیشانی سەرەوە (ئەنوەر مایی شەبچراغێ شەبێ کوردستان،پێشەنگ و ئەفرێنەری بادینان)ە . لە ساڵی پارەوە ئامادەیە بۆ چاپ.