لە بازگەیەکی نێوان پارێزگاکانی سەڵاحەددین و دیالە، دەست بەسەر بڕی چوار ملیۆن دۆلاری ئەمریکیدا گیرا کە لەناو ئۆتۆمبێلێکدا بوو و شۆفێرەکەشی دەستگیر کرا.

 لە بازگەی عەباس جوومعە، کە دەکەوێتە باشووری قەزای خورماتوو و سنووری نێوان پارێزگاکانی سەڵاحەددین و دیالە جیا دەکاتەوە، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی پشکنینی ئۆتۆمبێلێکی جۆری (نیسان پاتفایندەر)، توانییان بڕی چوار ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بدۆزنەوە و دەستی بەسەردا بگرن.

 سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای سەڵاحەددین ڕایگەیاند، هێزەکان دەستبەجێ شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەیان دەستگیر کردووە و ڕێکارە یاساییەکانیان بەرامبەر گرتووەتەبەر. لە ئێستاشدا تۆمەتبارەکە ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەبارەی سەرچاوەی ئەو پارە زۆرە و مەبەستی گواستنەوەی.

  ناوچەکانی باشووری دووزخورماتوو و بازگەکانی نێوان سەڵاحەددین و دیالە، بە یەکێک لە ڕێڕەوە سەرەکییەکانی گواستنەوەی نێوان ناوەڕاست و باکووری عێراق هەژمار دەکرێن.

٠ بەهۆی مەترسییەکانی قاچاخچێتیی دراو و پرۆسەکانی سپیکردنەوەی پارە، لە ماوەی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکان چاودێری و ڕێکارەکانیان لەو ناوچانە چڕتر کردووەتەوە.