ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 27ی حوزه‌یرانی 2026، وه‌زاره‌تی دارایی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕاگه‌یاندراوێكی له‌ باره‌ی خه‌رجییه‌كانی له‌ حه‌وت ساڵی ڕابردوودا، به‌ داتا و زانیاری بڵاو كرده‌وه‌.

له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، لە درێژەی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی پەرتووکی کار و چالاکی و چاکسازییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ساڵی (٢٠١٩ تا ٢٠٢٥) بەشێکی تایبەتە بەخەرجییە گشتییەکانی حکوومەتی هەرێم لەو حەوت ساڵەدا کە تێکڕای خەرجییە کردارییەکان دەگاتە زیاتر لە

( ٨٧ ) ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، لەو ژمارەیە زیاتر لە (٦٥) ترلیۆنی خەرجیی مووچە بووە و زیاتر لە (١٤) ترلیۆنیش خەرجیی بەکارخستن کە بریتییە لە خزمەتگوزارییەکانی ڕۆژانەی فەرمانگە و وەزارەتەکان و هتد.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌، هەروەها زیاتر لە (٤) ترلیۆن خەرجیی بەرهەمهێنانی کارەبا بووە و نزیکەی (٤) ترلیۆنیش خەرجیی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بووە.

هاوكات وه‌زاره‌تی دارایی ڕایگه‌یاند، ئەمە جگە لەو  مووچانەی کە لەو ماوەیەدا خەرج نەکراون، لەگەڵ ڕێژەی لێبڕینەکانی خانەنشینی مووچە و پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و جیاوازییەکانی، هەروەها لەگەڵ شایستەی کۆمپانیاکان و بەڵێندەران کە خەرج نەکراون، لەگەڵ خەرجیی بەرهەمهێنانی کارەبا کە بەشێکیان بەشێوەی چەک و مەقاسە خەرجکراون بەهۆی کەمی نەختینەی بەردەست لە بانکەکاندا.

تێبینی؛

١- سەرجەم خەرجییەکانی بەکارخستن و وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی کارەبا لەداهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت و لە دوای ساڵی ( ٢٠١٣ ) ەوە وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنها بەشێک لە تەمویلی بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ناردووە کە بۆتە بەشێک لە تەواوکاری خەرجی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و مووچەخۆران.

٢- وەک پێشتر لە خشتەکانی میکانیزمی دابەشکردنی مووچەی حەوت ساڵی ڕابردوو بە پێی مانگ و ساڵ لە پەیجی فەرمی وەزارەتمان بڵاو کراوەتەوە.