بەرپرسانی ئیسرائیلی و لوبنانی ئاشکرایان کرد، دوای چوار رۆژ لە دانوستانی چڕ لە واشنتن، هەردوو حکوومەت گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی چوارچێوەیی. چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا وردەکارییەکانی ئەم رێککەوتنە بە فەرمی بۆ رای گشتی بڵاو بکرێتەوە.

هەینی 26ـی حوزەیرانی 2026، ماڵپەڕی “ئەکسیۆس” لە زاری بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و لوبنانەوە بڵاوی کردەوە، پاش چوار رۆژ لە گفتوگۆی بەردەوام لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا، هەردوو لایەن گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی کۆتایی لەسەر چوارچێوەی رێککەوتنێکی سیاسی.

بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە، رێککەوتنی چوارچێوەیی لەگەڵ لوبنان بەدی هاتووە و هەموو ئامادەکارییەکان تەواو کراون بۆ ئەوەی هەر ئەمڕۆ پەیامی فەرمیی هەردوو حکوومەت لەو بارەیەوە بڵاو بکرێتەوە.

هاوکات کەناڵی جەزیرە لە زاری سەرچاوەکانیەوە بڵاویکردەوە، دانوستانەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل گەیشتوونەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە و هەردوولا لەسەر ناوەڕۆکی جاڕنامەی نیازپاکیی رێککەوتوون. بڕیارە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مارکۆ روبیۆ، رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنەکە بەڕێوە بچێت.

یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی ئەم رێککەوتنە، دەستنیشانکردنی دوو ناوچەی تاقیکارییە کە هێزەکانی ئیسرائیل لێیان دەکشێنەوە. ئەم هەنگاوە وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنەکە و دروستکردنی متمانە لە نێوان هەردوولادا دەبینرێت.