خه‌بات: هەمزە سەرحان:- شاری ئۆرادیا لە وڵاتی رۆمانیا خۆی بۆ کردنەوەی پێشانگەیەکی تایبەتی هونەرمەند و نووسەر «حەمە هاشم» ئامادە دەکات. پێشانگەکە بە ناونیشانی «رووخسارەکانی دوای جەنگ» لە (ڕێپێراج گەلەری بۆ هونەر) بەڕێوەدەچێت، کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارەی رۆژی ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بە فەرمی دەکرێتەوە و بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت.

ئەم پێشانگەیە بە بانگهێشتی فەرمیی یەکێتی هونەرمەندانی شێوەکاریی رۆمانیا و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی ئەنجوومەنی شارەوانی ئۆرادیا رێکخراوە، کە لەلایەن هونەرمەند و رەخنەگری ناسراو د. ڤیۆرا باراوە کاری رێکخستنی بۆ کراوە.

لەو پێشانگەیەدا، هونەرمەند حەمە هاشم، نزیکەی (٥٢) تابلۆی بەرهەمی نوێی خۆی نمایش دەکات کە سەرجەمیان بە تەکنیکی ئەکریلیک لەسەر کانڤاس کێشراون؛ بەشێک لەو تابلۆیانە قەبارەیەکی گەورەیان هەیە و درێژییەکەیان لە ٣ مەتر تێپەڕ دەبێت.

لە رێگەی ئەم بەرهەمانەوە، هونەرمەند بە دیدێکی ئەکسپرێسیۆنیستی، باسی ئەو کاریگەری و وێرانکارییانە دەکات کە بەهۆی جەنگ و ناخۆشییەوە روویان لە جیهان بەگشتی و کوردستان بەتایبەت کردووە. تەوەری سەرەکیی کارەکان گواستنەوەی پەیامی ئازادی، شکۆمەندی و سەربەخۆیی مرۆڤە لە رێگەی زمان و رەنگەکانی هونەرەوە.