یەکڕیزیی سیاسی و تێکدانی یاسایی

208

د. محەمەد خورشید*
هەرێمی کوردستان لە دوای پرۆسەی هەڵبژاردنەکانەوە، پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و هەستیارەوە کە پێویستی بە تێڕامان و بەرپرسیارێتییەکی گەورەی نیشتمانی هەیە. لەم بارودۆخەدا، ئەرکی لەپێشینەی ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، هەمیشە بریتی بووە لە دۆزینەوەی دەرچەی یاسایی و سیاسی بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکان، ئەمەش لە ڕێگەی نواندنی بەرزترین ئاستی دانبەخۆداگرتن و پشوودرێژییەوە.
ئێمە باوەڕی تەواومان بەوە هەیە کە سەرکەوتنی ئەزموونی دیموکراسی لە هەرێمەکەماندا بەستراوەتەوە بە چۆنیەتیی مامەڵەکردنی عاقڵانە لەگەڵ دەرئەنجامەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان.
لە کاتێکدا کە هەندێک دەنگۆ یان هه‌وڵی ڕیکلامی و میدیایی دەبیسترێت سەبارەت بە پەنابردن بۆ لایەنە دەرەکییەکان یان دادگای فیدراڵی لە بەغدا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم، پێویستە بە ڕاشکاوی بڵێین کە پەنابردن بۆ دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان، خزمەت بە دۆزی نەتەوەییمان ناکات. ئێمە لە ڕابردوودا ئەزموونی تاڵمان هەیە لەم جۆرە پێشهاتانە؛ پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان یان تێکدانی یەکڕیزیی سیاسیی و یاسایی دەرئەنجامێکی باشی بۆ قەوارەی هەرێم نەبووە. لایەنە سیاسییەکانی کوردستان نابێت ڕێگە بدەن ئەو نەریتە سیاسییە خراپە دووبارە ببێتەوە کە تێیدا قەوارە و بڕیارەکانی هەرێم لە بەغداوە بچووک بکرێنەوە. باشترین و دروستترین بژاردە ئەوەیە کە کێشەکانمان لەسەر مێزی گفتوگۆی ناوخۆیی و لەژێر چەتری یاسا نیشتمانییەکانی خۆماندا چارەسەر بکەین.
بۆ ڕزگاربوون لەم چەقبەستووییە سیاسییەی ئێستا، پارتی دیموکراتی کوردستان نەخشەڕێگایەکی ڕوون و هەنگاو بە هەنگاوی (Step-by-Step) پێشکەش کردووە:
1. دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی گشتگیر: کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی سیاسیی گشت هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، تا بتوانین بگەینە تێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر ئایندەی حوکمڕانی.
2. کاراکردنەوەی خێرای پەرلەمانی کوردستان: وەک باڵاترین دەسەڵاتی تەشریعی و چاودێری لە هەرێمدا.
3. هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی کابینەی دەیەم: پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای شایستەیی هەڵبژاردن و ڕێککەوتنی نیشتمانی.
پەرلەمانی کوردستان هەمیشە وەک هێمای شەرعییەت و سەروەریی یاسا دەمێنێتەوە. ناکرێت هیچ لایەنێک بە بیانووی ناڕازیبوون لە ئەدای حکوومەت، هۆکاری پەکخستنی پەرلەمان بێت. تەنانەت ئەو لایەنانەی کە نایانەوێت بەشداری لە کابینەی نوێی حکوومەتدا بکەن و بڕیاری ئۆپۆزسیۆنبوون دەدەن، پێویستە لە ناو هۆڵی پەرلەماندا ڕۆڵی چاودێر ببینن؛ کاراکردنەوەی پەرلەمان زامنی ئەوەیە کە یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن و یاسا پێویستەکانی تر بە دەستی نوێنەرانی گەل خۆیان دابڕێژرێن، نەک چارەنووسی دەنگدەرانی ئێمە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی بەغداوە دیاری بکرێت.
کاتێک باس لە چەمکی «هاوبەشیی ڕاستەقینە» یان داواکارییەکانی هاوشێوەی سیستەمی «پەنجا بە پەنجا» (50-50) دەکرێت، پێویستە بە زمانێکی زانستی و واقیعی لەم بابەتە بڕوانین.
مێژوو سەلماندوویەتی کە مۆدێلی «پەنجا بە پەنجا» کە لە ساڵی ١٩٩٢ پەیڕەو کرا، پڕ بوو لە کێشە و دواجار هەرێمی بەرەو شەڕی ناوخۆ و دابەشبوونی ئیداری برد. هاوبەشیی ڕاستەقینە بەو مانایە نییە کە لایەنێک لە زۆنی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا بە تەواوی پاوانخوازی بکات و ڕێگە بە هیچ هاوبەشییەک نەدات، بەڵام لە هەولێر و دهۆک و سەرۆکایەتیی حکوومەتدا داوای نیوە بە نیوە بکات. هاوبەشیی ڕاستەقینە واتە ڕێزگرتن لە دەنگی هاووڵاتییان و قبووڵکردنی شایستەیی هەڵبژاردنەکان.
پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە پێشەنگ بووە لە نواندنی نەرمیی سیاسی و قوربانیدان لەپێناو پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانیدا. مێژوو گەواهی ئەوە دەدات کە لە ساڵی ٢٠١٠دا، سەرەڕای ئەوەی پارتی زۆرینەی ڕەهای کورسییەکانی بەدەستهێنابوو و مافی یاسایی خۆی بوو پۆستی سەرۆکی حکوومەت وەربگرێت، بەڵام بۆ پاراستنی یەکڕیزیی نێوان هێزەکان و دڵنیاکردنەوەی هاوبەشەکانمان، پۆستی سەرۆکی کابینەکەی بەخشی بە برایانمان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
ئەمە نموونەیەکی باڵای بەرپرسیارێتییە کە نیشانی دەدات ئێمە هەمیشە بەرژەوەندیی گشتیی کوردستانمان خستووەتە پێش بەرژەوەندیی حزبیی خۆمانەوە.
ئێمە لەم قۆناغەدا، پێویستمان بە کارکردنە بە «لۆژیکی عەقڵ» نەک «لۆژیکی هێز». کێشە و ئاڵنگارییە دەرەکییەکان، بەتایبەت ئەو شەڕ و گرژیانەی لە ناوچەکەدا هەن لە نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا، مەترسیی گەورە لەسەر هەرێمەکەمان دروست دەکەن.
باشترین قەڵغان بۆ پاراستنی کوردستان، هێزی ناوخۆیی و یەکگرتوویی دامەزراوەکانمانە. هیواخوازم هەموو هێزە سیاسییەکان بەتایبەت برایانی یەکێتی، بێنە سەر هێڵی دیالۆگی عاقڵانە و پێکەوە کار بکەین بۆ چاککردنی بژێوی خەڵک، گەشەپێدانی ئابووری و دابینکردنی ئایندەیەکی گەشتر بۆ نەوەکانی داهاتوومان.
پێویستە هەمووان بزانین کە تەنها لەژێر سایەی کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوودا دەتوانین مافەکانمان بپارێزین.
* ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی ١٢