نێچیرڤان بارزانی وەکوو بەڕێوەبەری کارامەی قەیرانەکان

338

د. هوشیار موزەفەر عەلی
زیاتر لە دوو دەیەیە پێگەی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشەی عێراقدا، تەنها وەک پرسێکی ناوخۆیی پەیوەست بە دابەشکردنی دەسەڵات یان سەروەت و سامان نەماوە، بەڵکوو بووەتە بەشێک لە هاوکێشەی ئاسایشی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. جەنگە یەک لەدوای یەکەکان، گۆڕانی هاوسەنگیی هێز، و بەرفراوانبوونی بازنەی ململانێی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەرێمی کوردستان بەتایبەت و عێراقی فیدراڵ بە گشتی، خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەگەلێک، کە لە توانای سەربازی و جوگرافی ئەوان بەدەرە؛ بەمەش دیپلۆماسییەت و بەڕێوەبردنی هاوسەنگییەکان بوونەتە ئامرازی سەرەکی بۆ پاراستنی سەقامگیری.
لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، وەکوو یەکێک لە کاراترین کارەکتەرە عێراقییەکان لە توانای بەڕێوەبردنی هاوسەنگییە ئاڵۆزەکاندا دەرکەوت. ئەمەش تەنها بەهۆی ئەوەوە نییە، کە ئامرازەکانی هێزی نەریتی لەدەستدایە( کە بەهۆی پێگەکەیەوە لە کوردستان هەیەتی) بەڵکوو بەهۆی ئەوەی پێشوەختە درکی بەوە کردبوو، کە جوگرافیای کوردستان، هەرێمەکە دەخاتە چەقی ململانێکانەوەو دوورکەوتنەوە لە جەنگ پێویستی بە ئامادەییەکی سیاسیی گەورەتر هەیە لەوەی تەنها بێلایەنی ڕابگەیەندرێت؛ ئەوەی کە لە جەنگی دوازدە ڕۆژەکەدا ڕوویدا و ئەوەشی کە ئەمڕۆ لە سویسرا لە دوای نێوەندگیریی پاکستانەوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت یان مەبەستە بکرێت، گەواهی ئەم ڕاستییە دەدەن.
جەنگی ئەم دواییەی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا و ئێران و ئەو پەرەسەندنە سەربازییە دوولایەنەی هاوپێچی بوو ( کە بۆردومانکردن و تۆمەتبارکردنی هەرێمیشی گرتەوە) ژینگەیەکی ئاسایشی جیاوازی لە ناوچەکەدا بەرهەمهێنایەوە.
لەم ڕوانگەیەوە هەرێمی کوردستان خۆی لە پێگەیەکی یەکجار هەستیاردا بینییەوە؛ چونکە لە لایەکەوە پەیوەندیی ستراتیژی لەگەڵ واشنتۆن هەیە و لە لایەکی تریشەوە هاوسێیەتی جوگرافی، ئابووری و سیاسیی لەگەڵ ئێراندا دەبەستێتەوە، ئەمەش وایکردبوو هەر ناسەنگییەک لە هاوکێشەکاندا بەس بێت بۆ گۆڕینی هەرێم بۆ مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە، کە نێچیرڤان بارزانی دوێنێ و ئەمڕۆش بە باشترین شێوە مامەڵەی لەگەڵدا کردووە.
ئەو بۆردومانانەی کە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکەوە کرانە سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، چ بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان بەهۆی لێکەوتەکانی ڕووبەڕووبوونەوە ناوچەییەکانەوە، تەنها نامەی ئاسایشی نەبوون، بەڵکو ڕەهەندی سیاسیی ڕوونیان هەڵگرتبوو؛ پەیامەکە ئەوە بوو کە هەر گرژییەک لە نێوان واشنتۆن و تاراندا ڕووبدات، ڕەنگدانەوەی لەسەر جوگرافیای عێراق و کوردستان دەبێت، و کوردستان بەهۆی پێگە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییە تایبەت و گشتییەکانیەوە، یەکێک دەبێت لەو ناوچانەی، کە زۆرترین گوشاری دەکەوێتە سەر.
بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو، نێچیرڤان بارزانی بە لۆژیکی پەرەسەندنی سیاسیی یان وەڵامدانەوەی میدیایی مامەڵەی لەگەڵ ئەم هێرشانەدا نەکرد، بەڵکوو پێڕەوێکی جیاوازی گرتەبەر، کە بنەماکەی جیاکردنەوەی دەستدرێژییە ئاسایشییەکان بوو لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییە سیاسییەکان. لەجیاتی چوونە ناو گوتاری ڕووبەڕووبوونەوە، جەختی لەسەر چەسپاندنی هاوکێشەیەک کردەوە کە دەڵێت: ئاسایشی هەرێم لە ڕێگەی چوونە پاڵ هیچ میحوەرێکەوە بەدی نایەت، بەڵکوو لە ڕێگەی ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکەکەی لە ململانێ ناوچەییەکاندا و پاراستنی کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا دەبێت.
ئەمەش ئەو ڕاستییە بوو کە بۆ حکوومەتی پێشوو و ئێستای عێراق دووپاتی کردەوە. ئەم تێڕوانینە بە ڕوونی لە کاتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا دەرکەوت، لە سەروو هەمووشیانەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، کە تێیدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی دژی ئێران، و ڕێگاش نادات خاکەکەی بۆ زیان گەیاندن بە ئاسایشی ئەو وڵاتە بەکاربهێنرێت، هاوکات لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە سەروەری هەرێم و ڕاگرتنی هەر دەستدرێژییەک کە خاک یان ژێرخانەکەی بکاتە ئامانج. بەم هەڵوێستەی، نێچیرڤان بارزانی توانی پەیوەندی لەگەڵ تاراندا لە بازنەی ڕووبەڕووبوونەوەوە بگوازێتەوە بۆ بازنەی گێڕانەوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و سەقامگیریی سنوورەکان.
له بەرامبەردا، ئەم کرانەوەیە نەبووە هۆی لاوازبوونی هاوبەشی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا، بەڵکوو هەرێم پەیوەندییە ستراتیژییەکانی خۆی لەگەڵ واشنتۆن پاراست، وەک دیارترین دەستەبەرکەر بۆ بەردەوامیی جەنگی دژ بە تیرۆر و پاڵپشتیکەری سەرەکی بۆ سەقامگیری ئابووری و ئاسایشی هەرێم.
تایبەتمەندی ئەو سیاسەتەی نێچیرڤان بارزانی پێڕەوی دەکات، لە میانڕەویی واقیعبینییە سیاسییەکەیدا کورت دەبێتەوە؛ ئەو خۆی وەک نێوەندگیر لە نێوان هەردوو لایەندا نیشان نەدا، بەڵکوو تۆڕێک لە پەیوەندیی هاوسەنگی پاراست کە ڕێگری لە گواستنەوەی ململانێکان کرد بۆ ناوخۆی عێراق، ئەمەش وایکردووە بە تایبەتی ببێتە جێی سەرنجی لایەنەکان.
گرنگی ئەم ڕێبازە زیاتر دەبێت لەگەڵ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی گفتوگۆکانی نێوان ئەمه‌ریکا و ئێران لە سویسرا و دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز؛ چونکە نێچیرڤان بارزانی دەرک بەوە دەکات کە هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری، کاریگەرییەکەی تەنها لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی نامێنێتەوە، بەڵکوو بۆ دۆسیەکانی هەژموونی ناوچەیی، وزە، عێراق و ئاسایشی کەنداویش درێژ دەبێتەوە. لەبەر ئەوە، دەکرێت جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی وەک هەوڵێک بخوێندرێتەوە بۆ جێگیرکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناو هەر ڕێکخستنێکی ناوچەیی داهاتوودا، بە شێوەیەک کە هەرێم وەک بەشێک لە سیستمی سەقامگیری بمێنێتەوە، نەک وەکوو کارتێکی گفتوگۆ لە نێوان هێزە مەزنەکاندا.
تێبینی ئەوە دەکەین کە گفتوگۆ بەردەوامەکان ڕەهەندێکی ئابوورییان پێوەیە کە گرنگییەکەی لە ڕەهەندە ئاسایشییەکەی کەمتر نییە. هەر پێشکەوتنێک لە کەمکردنەوەی گرژییەکاندا، ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی لەسەر بازاڕەکانی وزە، کردنەوەی هورمز، پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و دەرفەتەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی هەرێمەوە دەبێت؛ ئەمەش وایکردووە بەرژەوەندی هەرێم زیاتر بە سەرکەوتنی ڕێڕەوە دیپلۆماسییەکەوە ببەسترێتەوە وەک لە هەر دەستکەوتێکی سەربازی کاتی.
له ڕوانگەی ستراتیژییەوە، نێچیرڤان بارزانی هاوتای ئەوەی بەڕێوەبەری قەیرانەکانە؛ ئەو دەزانێت کە سروشتی ململانێی ئەمه‌ریکا و ئێران لەسەر بنەمای یەکلاکردنەوەی سەربازیی تەواوەتی نییە، بەڵکوو لەسەر بەڕێوەبردنی گوشارە دوولایەنەکان و باشترکردنی پێگەی گفتوگۆکانە. بۆیە، لایەنگریی هەرێم بۆ هەر لایەک بێت، دەبێتە هۆی لەدەستدانی پەیوەندییەکەی لەگەڵ لایەنەکەی تردا، لە کاتێکدا بێلایەنی پۆزەتیف دەرفەتی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ هەموواندا پێدەبەخشێت، کە ئەمەش ڕێک ئەو کارەیە نێچیرڤان بارزانی جێبەجێی کردووە.
بەڕێوەبردنی قەیرانەکان تەنها پشت بە توانای سەربازی نابەستێت، بەڵکو بەستراوە بە توانای خوێندنەوەی گۆڕانکارییەکان پێش ڕوودانیان. لە سەرەتای پەرەسەندنی گرژییەکانەوە، سەرۆکی هەرێم هەوڵیدا پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی چڕتر بکاتەوە و پاڵپشتی خۆی بۆ چارەسەرە سیاسییەکان دووپات بکاتەوە و کار بکات بۆ ڕێگریکردن لە گۆڕینی کوردستان بۆ سەکۆیەک بۆ ئاڵوگۆڕکردنی نامە ئەشتیخوازییەکانی. ئەم سیاسەتەش بەشداربوو لە کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی قەیرانەکە لەسەر هەرێم، سەرەڕای بەردەوامیی هەڕەشە ئاسایشییەکان.
هەروەها کاری کرد بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا؛ چونکە ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتە ئابووری و ئاسایشییەکانی جەنگ، پێویستی بە هەڵوێستێکی یەکگرتووتری عێراق هەیە، بەتایبەتی لە دۆسیەکانی هەناردەکردنی نەوت، ئاسایشی سنوورەکان و پاراستنی دامەزراوە ژیارییەکان. ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەوەیە کە لێکنزیکبوونەوەی بەغدا و هەولێر لەم قۆناغەدا چیتر تەنها بژاردەیەکی سیاسیی نییە، بەڵکو بووەتە پێویستییەک کە ژینگەی نوێی ناوچەکە و سەرۆکایەتی بەڕێز عەلی زەیدی بۆ ئەنجومەنی وەزیران و قبووڵکردنی گشتیی ئەو، سەپاندوویەتی.
هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی لە جەنگی ئەمه‌ریکا و ئێراندا، لە ڕوانگەی شیکاری و دیدگای داهاتووییەوە، نابێت تەنها لە چوارچێوەی تۆز و غوباری دوای ڕۆژی گفتوگۆکاندا کورت بکرێتەوە، بەڵکو دەبێت لە ناو ستراتیژییەکی گشتگیرتردا سەیر بکرێت کە بنەماکەی بەڕێوەبردنی مەترسییەکان، پاراستنی تۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، و ڕێگریکردنە لە پەکخستنی هەرێم لە ململانێگەلێکدا کە نە بڕیاری سەرهەڵدانی لەدەستدایە و نە بڕیاری کۆتاییپێهێنانی؛ ئەمەش ئەو واقیعبینییە سیاسییەیە کە نێچیرڤان بارزانی پێڕەوی کردووە.
سیاسەتی هاوسەنگیی کە نێچیرڤان بارزانی گرتیەبەر، دەربڕین نەبوو لە بێلایەنییەکی نەرێنی، بەڵکوو واقیعبینییەکی ستراتیژی بوو کە پشتئەستوورە بە دەرککردنێکی قووڵ بۆ سروشتی سیستمی نوێی ناوچەیی، کە تێیدا ئەو وڵات و هەرێمانەی لە دوورکەوتنەوە لە جەمسەرگیریدا سەرکەوتوو دەبن، زیاتر توانای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەیە وەکوو لەوانەی دەچنە ناو ململانێی میحوەرییەکانەوە.
ئەمڕۆ وا دیارە کوردستان لەبەردەم قۆناغێکی یەکلاکەرەوەدایە؛ ئەگەر گفتوگۆکانی ئەمه‌ریکا و ئێران سەرکەوتوو بن لە بەرهەمهێنانی لێکتێگەیشتنی نوێدا، ئەوا هەرێم یەکێک دەبێت لە سوودمەندەکان لە گەڕانەوەی سەقامگیری، چ لە بواری وزە، وەبەرهێنان یان چالاککردنەوەی ڕۆڵە ئابوورییەکەی. بەڵام ئەگەر ئەو گفتوگۆیانە شکست بهێنن و ناوچەکە بەرەو پەرەسەندنی بەرفراوانتر بڕوات، ئەوا گەورەترین تەحەدی بریتی دەبێت لە پاراستنی ئەو هاوکێشەیەی کە نێچیرڤان بارزانی تا ئێستا لە چەسپاندنیدا سەرکەوتوو بووە، ئەویش دوورخستنەوەی هەرێمە لە جەنگ، سەرەڕای بوونی لە چەقی جوگرافیای کارگێڕی و سەرکردایەتی سەرجەم لایەنەکاندا.
ئەو ئەزموونەی نێچیرڤان بارزانی سەرکردایەتی دەکات چیتر تەنها بەڕێوەبردنی سیاسەتێکی هەرێمی نییە، بەڵکو بووەتە مۆدێلێک لە چۆنیەتی بەکارهێنانی دیپلۆماسییەت و واقیعبینی سیاسیی بۆ پاراستنی قەوارەیەکی سیاسیی گرنگ کە لە نێوان هێزە مەزنە ناکۆکەکاندایە؛ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکدا کە هاوکات بە هێزی سەربازی و بە گفتوگۆش سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە، توانای دروستکردنی هاوسەنگییەکان زۆر گرنگتر دەردەکەوێت لە خاوەندارێتی ئامرازەکانی پێکدادان، ئەمەش بەردەوامیی کارەکانی نێچیرڤان بارزانی ڕوون دەکاتەوە لەسەر پاراستنی سەقامگیریی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی یەکێک بوو لەو ناوچانەی کە زۆرترین گوشاری جەنگ و لێکەوتەکانی لەسەر بوو.
نێچیرڤان بارزانی، بەڕێوەبەرێکی لێهاتووی قەیرانەکانە لە ئاستی یەکەمدا؛ چ لە کاتی بڵێسەی جەنگدا، چ لە کاتی ئاشتیدا.