سهرهتا وتار گۆڕانکارییەکانی ئێستای عێراق؛ چاکسازیی ڕاستەقینەن یان گۆڕینی دەموچاوەکانن؟
پ.د. نهسرەت سابیر خۆشناو*
لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٦دا، گۆڕانکاری بەرچاو لە پۆستە باڵا و هەستیارەکانی حکوومەتی عێراقدا ڕوویدا، کە گرنگترینیان پێگە ئەمنی و داراییەکان بوون؛ وەک پارێزگاری بانکی ناوەندی، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ڕاوێژکارەکەی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی وەبەرهێنانی نیشتمانی، و سەرۆکی لیژنەی پشتیوانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. ئەم گۆڕانکارییانە هێڵە ئامانەییەکانی عێراقیشی گرتەوە، بەتایبەت لە بەشە دارایی، یاسایی و وردبینییەکاندا.
ئامانجی ڕاگەیەندراوی ئەم گۆڕانکارییانە لە چەند خاڵێکدا کورت دەبێتەوە:
1) داڕشتنەوەی دامەزراوەکان: بۆ گونجاندن لەگەڵ تەحەددییە ئەمنی و ئابوورییەکانی ئێستا.
2) چارەسەری دۆخی دارایی: گۆڕینی پارێزگاری بانکی ناوەندی لە کاتێکدایە کە گوشارێکی زۆر لەسەر نرخی دینار و بەڕێوەبردنی یەدەگی دراو هەیە.
3) ڕاکێشانی وەبەرهێنان: بەمەبەستی خێراکردنی پڕۆژەکان و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت.
4) بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی: سپاردنی سەرۆکایەتی لیژنەی دژە گەندەڵی بە کەسایەتییەکی ئەمنی بەهێز، بۆ یەکەمجار، بە ئامانجی هەماهەنگی زیاتر لە نێوان دەزگای ئەمنی و چاودێرییەکاندا.
لێرەدا پرسیارێکی بنەڕەتی دێتە پێشێ: لە نێوان سێ مەلەفی ئاسایش، ئابووری، و دژە گەندەڵی، کامەیان لە پێشینەیە؟ بێگومان، مەلەفی دژە گەندەڵی بە بەردی بناغە دادەنرێت؛ چونکە بەبێ بنبڕکردنی گەندەڵی، هیچ چاکسازییەکی ئابووری و خزمەتگوزاری سەرکێتوو نابێت. چاکسازییەکانی ئەم دواییەی بانکی ناوەندی، دەستەی وەبەرهێنان و هێڵە ئاسمانییەکان ڕاستەوخۆ دەستنیشانکردنی ئەو شوێنانەیە کە لە ڕابردوودا بە هێلانەی گەندەڵی و گرێبەستی خەیاڵی دەبینران.
تەحەددییە نەگۆڕەکان و پێوەری سەرکەوتن سەرڕای ئەم هەنگاوە ئەرێنییانە، هێشتا چەند تەحەددییەکی گەورە لە بەردەم حکومەتدان. کێشەی سەرەکی عێراق “دامەزراوەییە”؛ ئەگەر یاسا لاواز بێت و پاراستنی سیاسی بۆ لایەنەکان هەبێت، هەر دەموچاوێکی نوێش بێت ڕێگری لێدەکرێت. هەروەها، لەبەر ئەوەی ئەم لیژنانە ڕاستەوخۆ سەر بە حکومەتن نەک دەزگای سەربەخۆ، پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا دەتوانن لێپرسینەوە لە “یاریزانە گەورەکان” بکەن؟
لە کۆتاییدا، گۆڕانکارییەکان تەنها چەند ڕۆژێکە جێبەجێ کراون و بڕیاردانی پێشوەختە قورسە. پێوەری ڕاستەقینەی سەرکەوتنی ئەم هەنگاوانە لە شەش مانگی داهاتوودا دەردەکەوێت؛ ئایا سەقامگیری بۆ دینار دەگەڕێتەوە؟ ئایا دۆسیە گەورەکانی گەندەڵی و گرێبەستە خەیاڵییەکان دەبرێنە دادگا؟ ئەگەر ئەم ئەنجامە بەرجەستانە ڕوودەدەن، دەتوانین بڵێین عێراق بە ئاراستەیەکی دروستدا هەنگاو دەنێت.
*مامۆستای زانکۆی سەڵاحەددین