سهرهتا وتار ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی لە قەڵاچۆلان؛ بۆ یەکڕیزی نیشتیمانی چەکەرەکردنی هیوایێکی نوێیە
کاروان محەمەد سینۆ
ئامادە بوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی پێنجەمی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی سێی قەڵاچوالان لە سلێمانی، ئامادەبوون و وەرچەرخانێکی گرنگ و پەیامێکی پڕ لە ئومێد بوو بۆ پاشەڕۆژی نەتەوەیی و سیاسیی هەرێمی کوردستان. دیمەنی دەرچوونی ٢١٠ ئەفسەری گەنج و ئەکادیمی، کە بە ویست و بڕیاری خۆیان و دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ هاتوونەتە ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە، نیشانەی زیندوێتیی ڕۆحی نیشتمانپەروەری و هۆشیاریی لاوانی کوردستانە.
ئەم بۆنەیە، کە تێیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بەشدار بوون، دەرخەری ئیرادەیەکی هاوبەش بوو بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی پەرتەوازی و هەنگاو نان بەرەو دامەزراوەییبوونی ڕاستەقینە.
وتاری بەبڕشت و پەیامە ڕوونەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم ڕێوڕەسمەدا، تیشکی خستە سەر پرۆسەیەکی چارەنووسساز کە کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بە هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان کاری جدی لەسەر کردووە؛ ئەویش یەکخستنەوەی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە (بەتایبەت یەکەکانی ٧٠ و ٨٠) و گۆڕینیان بۆ فەرماندەیی دەڤەر لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا.
سەرۆکی هەرێم بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە ئەگەرچی هەنگاوی باش نراون (وەک ڕێکخستنەوەی زیاتر لە ٢٠ لیوا و پێکهێنانی فیرقە سەربازییەکان)، بەڵام پێویستە پرۆسەکە زۆر خێراتر بکرێت. چونکە لەم قۆناغە پڕ لە ئاڵۆزییەی ناوچەکەدا، یەکگرتوویی پێشمەرگە گەرەنتی و بنەمایەکی سەرەکییە بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکان و قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان.
هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی هەرێم بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە، چەند ڕەهەندێکی سەرەکیی پێشڤەچوونی سیاسیی لەخۆ دەگرێت:
یەکەم: دوورخستنەوەی چەک لە ململانێی حزبی
جەختکردنەوەی نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئەوەی کە ئەفسەران و پێشمەرگە نابێت هیچ کات ببنە لایەنێک لە کێشە سیاسییەکان، بەڵکو دەبێت وەک هێزێکی نیشتمانیی بێجیاوازی بمێننەوە.
دووەم: مۆدێرنیزەکردنی هێزەکان
ڕاهێنان و پڕچەککردنی هاوچەرخ بە تەکنەلۆژیای سەربازیی نوێ، بۆ ئەوەی پێشمەرگە هاوتەریبی پێشکەوتنەکانی جیهان بێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا.
سێیەم: پاراستنی کەرامەت و بژێوی پێشمەرگە
چاکسازییە داراییەکان و دابینکردنی حیسابی بانکی و ڕێکخستنەوەی دۆسیەکانی خانەنشینی و شەهیدان، کە بنەمایەکی گرنگە بۆ سەقامگیریی دەروونی و گوزەرانی شەرەفمەندانەی پارێزەرانی نیشتمان.
شایانی گوتنە؛ کاتێک هێزی چەکدار لە بازنەی دڵسۆزیی حزبی و ناوچەییەوە دەگوێزرێتەوە بۆ بازنەی دڵسۆزیی نیشتمانی و یاسایی، گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم دیموکراتیزەبوونی کۆمەڵگە لادەچێت. یەکگرتوویی پێشمەرگە دەبێتە هەوێنی یەکڕیزیی ناوماڵی کورد؛ چونکە ترسی باڵادەستیی سەربازیی لایەنەکان بەرامبەر یەکدی دەڕەوێنێتەوە و زەمینەیەکی تەندروست بۆ دیالۆگی سیاسی و کۆدەنگیی نیشتمانی دەڕەخسێنێت.
نێچیرڤان بارزانی بە جوانی ئاماژەی بەوە کرد کە فرەڕەنگی و بوونی پێکهاتە جیاوازەکان شوناسی جوانی و هێزی کوردستانن، و ئەم هێزە تەنیا لە ڕێگەی تەبایی و پێکەوەییەوە دەپارێزرێت. ئەم ئاراستە نیشتمانییە، متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزەکانی هاوپەیمانان بە قەوارەی هەرێم زیاتر دەکات و پێگەی فەرمی و دەستووریی پێشمەرگە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا وەک هێزێکی ڕەوا و پارێزەری ئاشتی بەهێزتر دەکات.
هەڵبەت؛ دەرچووانی خولی پێنجەمی قەڵاچوالان، خوێنێکی نوێ و زانستین لە جەستەی بەرگریی کوردستاندا. کۆکردنەوەی تەواوی هێزە چەکدارەکان لەژێر یەک چەتر و یەک ئاڵادا، تاکە ڕێگای بڕواپێکراوە بۆ بونیادنانی پاشەڕۆژێکی گەش، چەسپاندنی دیموکراسی، و هێشتنەوەی هەرێمی کوردستان وەک فاکتەرێکی هەمیشەییی ئارامی و پردی متمانە لە ناوچەکەدا.