خەبات: عامر فەرحان:- پەیداکردنی هەلی کار و سەرلەنوێ بەکارهێنانەوەی پاشماوەی کارگەکان لەپێناو پاراستنی ژینگە، بووەتە خولیای گەنجانی داهێنەر. کارگەی (گوڵەهێرۆ) بۆ بەرهەمهێنانی خۆڵ و پەینی سرووشتیی گوڵ و درەخت لە پارێزگای هەڵەبجە، یەکێکە لەو پڕۆژە گرنگانەی کە لەسەر دەستی چەند خانمێکی کارامە بەڕێوە دەبرێت و توانیویانە لە کەرتی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵیدا هەنگاوی گرنگ بنێن و بەردەوام پەرە بە تواناکانیان بدەن.
سیما سامان، خاوەنی کارگەی گوڵەهێرۆ بۆ بەرهەمهێنانی خۆڵ و پەینی گوڵ و درەخت، سەبارەت بە سەرەتای بیرۆکەی ئەم پڕۆژەیە بە «خەبات»ی ڕاگەیاند: «کاتێک قوتابی پەیمانگا بووم، ڕۆژانە هاتوچۆم دەکرد و بەردەوام پاشماوەی کارگەکانم دەبینی، دواتر بیرۆکەی ئەوەم بۆ هات کارێک بکەم پاشماوەکان فڕێ نەدرێن و ژینگە پیس نەکەن، بەڵکو سەرلەنوێ بتوانم بەکاریان بهێنمەوە بۆ پڕۆژەیەکی بەسوود، بۆیە توانیم بە هەوڵ و ماندووبونێکی زۆر لەو پاشماوانە خۆڵ و پەینی گوڵ و درەخت دروست بکەم».
سەبارەت بەو بەربەست و ڕێگریانەی لە سەرەتای کارەکەیاندا هاتونەتە ڕێیان، سیما سامان بۆ «خەبات» ئاماژەی بەوە دا: «لە سەرەتادا ڕووبەڕووی ئەوە دەبوومەوە کە دەگوترا ئەمە یەکەمجارە ئافرەتێک دەست بداتە کارێکی وەها کە زیاتر بە پیشەی پیاوانە ناسراوە. پێیان دەوتم قورسە و بۆ تۆ نابێت، هەروەها بەربەستێکی تریشمان هاتوچۆ بوو بۆ شەتڵگە، چونکە شەتڵگە حکومییەکەی سیروان دۆنمێک زەوییان پێدام بۆ ماوەی یەک ساڵ، بەڵام هاتوچۆکەی بۆ من زۆر قورس و ناڕەحەت بوو. دواتر تێڕوانینی کۆمەڵگەش تا ڕادەیەک باش بوو، بەشێکیان پشتگیرییان دەکردین و بەشێکیشیان بەرهەڵستکار بوون».
خاوەنی کارگەی گوڵەهێرۆ وردەکاریی پێکهاتەی بەرهەمەکانیانی بۆ «خەبات» ڕوون کردەوە و گوتی: «بۆ دروستکردنی خۆڵەکە، پیتمۆس، کۆکۆپیت و پێکهاتە سروشتییە ناوخۆیییەکان تێکەڵ دەکەین، وەک گەڵای دار، بەری درەخت، پاشماوەی بەری سنۆبەر، پێرلایت و بەردی لیکا. جیاوازیی نێوان بەرهەمەکانمان تەنها لە جۆری پێکهاتەکانیاندایە، چونکە هەندێکیان پێکهاتەی تایبەتی تێدایە بۆ درەخت، بۆ چیمەنهکانیش کەمێک پێکهاتەی بەهێزکەری زیاتری تێدەکەم، بەڵام بۆ گوڵ دەبێت کەمی تێبکرێت چونکە زۆر بەهێزە و ئەگەر زۆر بێت زیانی دەبێت بۆ گوڵەکە». جەختیشی کردەوە: «لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەم کەرەستانەوە، ئێمە بە ڕێژەی ٩٥٪ زیاتر پشت بە ماددەی سروشتی دەبەستین، وەک: گەڵای دار، تێکەڵەی هێلکە، پاشماوەی کارگەکانی زەیتی زەیتوون، سرکەی سێو و تێکەڵەی هەنار».
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: «پێشوازیی هاووڵاتیان و نەمامگەکان بە جۆرێکە کە زۆربەیان متمانە بە بەرهەمی ناوخۆیی ناکەن، چونکە متمانەیان بە بەرهەمی خۆماڵی نەماوە و زیاتر بەرهەمی دەرەکییان دەوێت، بەڵام ئێمە کاتی زیاترمان دەوێت تا قەناعەت بە بازاڕەکە بهێنین کە ئەمە بەرهەمێکی تەواو سروشتی و باشە. بە ڕاستی ئەو بەرهەمە هاوردەکراوانەی دێنە ناو وڵاتەوە گونجاو نین و پێکهاتەکانیان باش نییە، بۆیە کارێکی وا دەکەم جێگەی بەرهەمی هاوردەکراو بگرێتەوە، ئێستاش بەرهەمەکانمان لە ڕێگەی گەیاندنەوە دەگاتە شارەکانی تریش و تەنانەت بۆ دەرەوەی کوردستانیش بەردەستە».
سیما سامان ئەوەشی بە «خەبات» گوتی: «لە ئێستادا لە کارگەکەمدا چوار هەلی کارم بۆ چوار خاتوون دابین کردووە، خۆشم سەرپەرشتیی تەواوی کارەکان دەکەم و دایکیشم لەگەڵمدا هاوکارە. بۆ داهاتووش پلانمان هەیە ئامێری باشتر و گەورەتر بهێنین، ماددەکانمان دەوڵەمەندتر بکەین و بەرهەمەکان زیاد بکەین، بۆ ئەوەی هەر جۆرە بەرهەمێک کڕیار داوای بکات پێی بڵێین بەڵێ بەردەستە».
سیما سامان لە ڕێگەی «خەبات»ـەوە پەیامێک ئاراستەی گەنجان دەکات و داوایان لێ دەکات: «گەنجان دوای خولیاکانیان بکەون، وڵاتەکەمان خۆی خێردار و بەرهەمدارە، گەنجانمان دەتوانن بە لێهاتوویی و سووربوونیان ببنە خاوەنی کار و پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان. هیوادارم گەنجان هەر بەهرە و توانایەکیان هەیە بڕۆن بە شوێنیدا، هەرگیز کۆڵ نەدەن و چاوەڕێی دەستی کەس نەبن، بەڵکو خۆیان بڕۆنە مەیدانەکەوە. ئەوانەشی بەهرەیان نییە، با بڕۆن بەدوایدا بگەڕێن و چەند ئیشێک تاقی بکەنەوە تا لە کۆتاییدا خۆیان لە بوارێکی گونجاودا دەبیننەوە».











