خهبات: داهێن سابیر:- دیارە خهسرۆ، ناسراو بە دیە كوردی، ناوێكی درەوشاوەی نێو بواری هونەری گۆرانییە، لە دایكبووی شاری سنەیە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ئەو بۆ ماوەی 8 ساڵە گۆرانی دەچڕێ دەنگێكی خۆشی هەیە، بەردەوامیش گۆرانییە رەسەنەكان تازە دەكاتەوە، لە دیمانەیەکدا بۆ خەبات وەڵامی چەند پرسیارێکی داینەوە.
هۆکار چییە لە زۆربەی کارە هونەرییەکانت گۆرانییەكانی هونەرمەند ناسری رەزازی دەڵێیتەوە؟
بەهۆی ئەوەی لە منداڵییەوە بە دەنگە ڕەسەنە کوردییەکان پەروەردە كراوین، باوكیشم دەنگێكی خۆشی هەیە، بۆیە بەردەوام گۆرانییەكانی هونەرمەند ناسری رەزازی دەڵێینەوە، گۆرانییەكانی ئەم هونەرمەندە مۆركی رەسەنایەتی پێوە دیارە و من سەرسامم بە گۆرانییە فۆلكلۆرییەكان، چونكە گوزارشت لە رەسەنایەتی دەكات.
هیچ گۆرانییەكی تایبەت بە خۆتت هەیە؟
بەڵێ دوو گۆرانیی تایبەت بە خۆمم هەیە بە ناوەكانی (ماڵی دڵ) کە لە ئاوازی یادگار عەبدییە، هەروەها (حەزرهتی یار) لە ئاواز و هۆنراوەی بەهمەنی شایی كە لەلای من ئەو دوو بەرهەمە زۆر تایبەتن.
هونەرمەندانی ئافرەت زۆر كەم بەلای گۆرانیی نیشتمانی دەچن تۆ هیچ گۆرانییەکی نیشتمانیت هەیە؟
بەڵێ بەرهەمێكی زۆر جوانم ههیه بە ناوی (كەزی) كە بۆ بڕینی کەزی كچە شەرڤانەكەم گوت لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ڕۆژئاوای کوردستان كە بە ناحەق كوژرا و دوای شەهید بوونی كەزیان بڕی.
بۆ ئاواز و هۆنراوە پشت بە كێ دەبەستیت؟
ئێستا زیاتر لەگەڵ مامۆستا (هەڵكەوت زاهیر) كار دەكەم، چونكە كاركردن لەگەڵ ئەم بەڕێزە هەمیشە جێگەی شانازییە.
جگە لە تۆ كەسێكی دیكه لە خانەوادەكەت هەیە كاری هونەری بكات؟
لە بنەماڵەكەمان تەنیا من كاری هونەری دەكەم، لەگەڵ ئەوەشدا هاوسەرهكەم زۆر هاوكارمە و هونەردۆستە گرنگییەكی تەواو بە من دەدات.
لە كاری هونەری هیچ ئاستەنگێك دێتە ڕێگەت، چونكە ئێوەی ئافرەت هەمیشە گلەیی ئەوە دەكەن وەك پێویست هاوكاری ناكرێن؟
نەخێر زۆر بە ئازادانە كارەكان دەكەم، بگرە خانەوادەكەشم زۆر هاوكارمن.
هیچ كارێکی تازەت لەبەردەستە؟
ئێستا خەریكی تازەكردنەوەی چەند بەرهەمێکی فۆلكۆریم، دەمەوێت بە شێوەیەكی تازە نوێیان بکەمەوە.