خهبات: محەمەد سەعید کوردە:- چوار ساڵ لەمەوبەر بەهۆی نەخۆشییەکی سەختەوە دڵی هونەرمەندی قەڵا و منارە (محەمەد ئەحمەد ئەربیلی) لە لێدان کەوت، ئەگەرچی من چەند ڕۆژێک پێش وادەی کۆچی دوایی لە نەخۆشخانەی (ژین) سەردانیم کرد، دیاربوو نەخۆشییەکەی زۆر هیلاک و شەکەتی کردبوو، بۆیە بە زەحمەت قسەی بۆ دەکراو خەڵکی دەناسییەوە، لە کاتێکدا ئەو هونەرمەندە دەنگخۆشە خاوەنی چەندین گۆرانیی بەناوبانگ بوو وەک (یاڵڵا شوفێر، نافورە مز ئالواند، لێرەمە لە هەولێرێ) و چەندین بەرهەم شاکاری هونەری دیکە، کەچی بوو بە چوار ساڵ ئەو هونەرمەندە بەجەستە لەلامان نەماوە و ماڵئاوایی لێمان کردووە، بەڵام بەناو و ئەرشیفە جوان و دەوڵەمەندەکەی لەبیر و هزرمان ناچێتەوە.
هونەرمەندی کۆچکردوو (محەمەد ئەحمەد ئەربیلی) لە هەموو کون و کەلەبەرێکی ئەو پیرە هەولێرە حزووری هەبوو، بە زۆریش لە چایخانەی مام (عەبد) دەبینرا و لەوێدا وچانی دەگرت و بەدەم چا خواردنەوە ئازیز و خۆشەویستانی شاری هەولێری دەبینی.
محەمەد ئەحمەد ئەربیلی، ساڵی 1932 لە گەڕەکی تەعجیل، لە شاری هەولێر لەدایکبووە، باوکی ئەحمەد شێخ فەتحی لە ساڵی 1898 لە گوندی باوەکراوەی ناوچەی باڵەکایەتی ڕوودەکاتە ھەولێر و نیشتەجێ دەبێت تا لە ساڵی 1972 کۆچی دوایی دەکات، ئەربیلی، لە ساڵی 1944 دەچێتە بەرخوێندن لە قوتابخانەی ئەربیل ئولا تاوەکو ساڵی 1949 لە خوێندن بەردەوام دەبێت، دواتر بەھۆی خراپیی بژێوی ژیانیان ناچاردەبێت دەست لە خوێندن ھەڵبگرێت، دواتر بە ھۆی دەنگخۆشییەکەی دەبێتە جێگەی سەرنجی بەڕێوەبەر و مامۆستایانی قوتابخانەکەی، لە تەمەنی زۆر منداڵییەوە بەشداریی لە چالاکییە مۆسیقییەکانی قوتابخانە دەکات کە ڕۆژانە دەستپێکی خوێندن بە سروودە نیشتمانییەکانی ھونەرمەند دەستی پێدەکرد، ھەریەک لە سروودە نیشتمانییە بەناوبانگەکانی نەورۆز و ئەی دلێران و لاوانی کورد، لەلایەن ھونەرمەندەوە ئاوازی بۆ دانراوە.
لە ساڵی 1956 کاتێک مەلیک فەیسەڵی دووەم پاشای عێراق سەردانی ھەولێر دەکات لە دیوەخانی مەلا فەندی چەندین مەقام و گۆرانیی فۆلکلۆر پێشکەش بە پاشا دەکات و وەک ئاھەنگی پێشوازی دەبێتە جێی سەرنجی پاشا و میوانانی دیوەخان. ئەربیلی، لەلایەن مۆسیقاژەن (مەجید فەتاح) گرنگیی زیاتری پێدەدرێت و مامۆستا (عیزەدین فەیزی) دەبێتە ھاندەری ڕاستەوخۆی تاوەکو بە ڕێچکەیەکی ھونەردا بڕوات، بۆیە زۆرینەی گۆرانی و بەستەی کوردی و تورکمانییەکانی ئەو کاتی ھەولێرێ لەبەردەکات و لە کۆڕ و بۆنەکان بە دەنگە بە سۆزەکەی دەیچڕێت.
محەمەد ئەربیلی، دوای دەنگدانەوەی گۆرانیی (یەڵڵا شوفێر) بەناوبانگ دەبێت و گۆرانییەکەی لەلایەن چەندین ھونەرمەندی دیار وەک (حەسەن زیرەک) و (ئیبراھیم تاتڵیساس) دەگوترێتەوە. ئیتر پەرەی زیاتر بە خۆی دەدات و کات تەرخان دەکات بۆ نووسینی ھۆنراوە و دانانی ئاواز بۆیان و وەک مەقام و بەستە بە زمانەکانی کوردی و تورکمانی تۆماریان دەکات. ھەروەھا لەگەڵ زۆربەی گۆرانیبێژە دیارەکان ئاھەنگی گێڕاوە و چەندین ئاوازی بۆ داناون.
دواتر بە ھۆی محەمەد ئەربیلی، جەباری براشی ڕێچکەی ھونەر دەگرێتەبەر.
ئەربیلی، لە مەقامەکانی نەھاوەند و سەبا و کورد و بەیات توانایەکی سەرسوڕھێنەری ھەبووە، بۆیە لە زۆرینەی ئاھەنگ و بۆنەکان بانگھێشت کراوە، بە تایبەت دوای ڕاپەرینە مەزنەکەی بەھاری 1991 دەرگەی پتری بە ڕوودا دەکرێتەوە بە جۆرێک دەتوانێت چەندین گەشت بۆ وڵاتی تورکیا بكات و ھەوادارانی تورکیا بەسەربکاتەوە بە ھۆی ئەوەی مەقام و بەستەی زۆری بە زمانی تورکمانی تۆمار کردووە و خودی تاتلیساس چەند ئاوازێکی ئەربیلی گوتۆتەوە. بەڵام بەداخێکی زۆرەوە رۆژی 20-6-2022 لە تەمەنی 89 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی لە شاری هەولێر و دوای چەندین ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە كۆچی دوایی دەکات و لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا لە گۆڕستانی کەسنەزان بەخاک دەسپێردرێت.