پێگەی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان لە سەردانەكەی (تۆم باراک) دا

209

عارف ڕوشدی
سەردانەكەی ئەمجارەی «تۆم باڕاک»وەک نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە سیاسییە خێراکاندا، هەڵگری کۆمەڵێک پەیامی جەوهەری و ستراتیژییە. ئەم سەردانە تەنیا لە خانەی دیدارێکی دیپلۆماسیی ئاساییدا نەمایەوە، بەڵکو گوزارشتە لە پێداگری واشنتۆن لەسەر پاراستنی قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم سەردانە گوزارشتی لە هەڵوێستی فەرمیی و نەگۆڕی ئەمەریکا کرد بەرانبەر بە سیستەمی فیدڕاڵی لە عێراق. لایەنی ئەمەریکی بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کردووە، کە پاراستنی پێگەی دەستووریی هەرێم و بەهێزکردنی دەسەڵاتەکانی، نەک تەنیا بۆ کورد، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی کۆی گرفتە کەڵەکەبووەکانی عێراق، پێویستییەکی حەتمییە. لەم سۆنگەیەوە، هەرێمی کوردستان وەک کاراکتەرێکی کارا لە هاوکێشەی سیاسی، ئابووری و ئەمنیدا دەبینرێت کە دەتوانێت ببێتە کلیل بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکانی ئێستا و داهاتووی عێراق.
لە دیداری نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و نوێنەرەکەی سەرۆکی ئەمەریکادا، تیشک خرایە سەر بنەما سەرەکییەکانی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا. سەرۆک بارزانی بە توندی پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە، کە پێویستە «دەستوور» ببێتە تاکە بڕیاردەر و سەرچاوە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە حوکمڕانی لە عێراقدا دەبێت لەسەر بنەماکانی (هاوبەشیی ڕاستەقینە، هاوسەنگی و ڕێککەوتن) دابڕێژرێتەوە، چونکە لادان لەم بنەمایانە عێراق بەرەو ناسەقامگیری زیاتر دەبات.
لە لایەکی دیکەوە، دیدارەکانی باڕاک لەگەڵ بەڕێزان سەرۆکی هەرێمی كوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، جەختیان لە گرنگیی یەکڕیزیی ناوخۆیی و پێکەوەکارکردنی هەولێر و بەغدا کردەوە. نوێنەرەکەی ئەمەریکا خوازیار بوو کە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بە ئاڕاستەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت هەنگاوی خێراتر بنێت، تاوەکوو هەرێم بتوانێت بە دامەزراوەییەکی بەهێزترەوە ڕووبەڕووی تەحەدییەکان ببێتەوە.
خاڵی هەرە سەرنجڕاکێش لەم سەردانەدا، دیداری سێ قۆڵیی نێوان (تۆم باڕاک، نێچیرڤان بارزانی و مەزڵوم عەبدی) بوو. ئەم کۆبوونەوەیە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ڕۆڵی مێژوویی و هەستیاری هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە ئیقلیمییەکاندا. ئەمە دەیسەلمێنێت کە هەولێر تەنیا چەقێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکوو ناوەندێکی بڕیاردان و کاریگەرە لە ڕێکخستنەوەی دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە و دۆزی کورد بە گشتی. بە کورتی، سەردانەکەی باڕاک دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکی و گرنگی ستراتیژییەتی ئەمەریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.