کاروان محەمەد سینو
مێژووی گەلان پڕە لە وەرچەرخانی مەزن، بەڵام کەم دەگمەنن ئەو بڕیارە مێژووییانەی کە چارەنووسی نەتەوەیەک لە نەمان و تواندنەوە دەپارێزن. ڕێک 79 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، لە یەکێک لە تاریکترین و دژوارترین قۆناغەکانی پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، مەلا مستەفا بارزانی بڕیارێکی ستراتیژی و کەم وێنەی دا. ئەو و 560 پێشمەرگەی دڵسۆزی، لە ناو گەمارۆی سێ سوپای بەهێزی ناوچەکە و لە نێوان چاوپێکەوتنی سەرما، برسێتی و بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکاندا، ڕێچوونێکی ئەفسووناوی و پارتیزانییان بە درێژایی زیاتر لە 500 کیلۆمەتر دەستپێکرد. ئەم داستانە کە بە پەڕینەوە لە ڕووباری بەخوڕی ئاراس بەرەو یەکێتیی سۆڤییەت کۆتایی هات، تەنها پشوویەکی سەربازی نەبوو، بەڵکو گواستنەوەی ئاڵا و هیوای خەڵکی کوردستان بوو بۆ داهاتوویەک کە دوژمنان پێیان وابوو لە گۆڕ نراوە. لەم ڕاپۆرتەدا، ڕۆژمێری ئەو 62 ڕۆژە پڕ لە ململانێ و بەرخودانە دەخوێنینەوە کە تاکو ئێستاش لە زانستی سەربازیی جیهانیدا وەک نموونەیەکی باڵای شەڕی پارتیزانی لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.
پەڕینەوە لە چەمی ئاراس بەرەو یەکێتیی سۆڤییەت، بڕیارێکی مێژوویی و چارەنووسساز بوو لەلایەن مەلا مستەفا بارزانییەوە ئەمڕۆ ساڵیادی ڕۆژێک دەکەینەوە کە یادەوەریی 62 ڕۆژی خەبات، بەرخودان و شەڕی دەستەویەخەی مەلا مستەفا بارزانی و هەڤاڵانیەتی لەگەڵ سێ ڕژێمی دوژمن و داگیرکەری کوردستان. سێ دوژمن… کە تاکە ئامانجیان تەنها کوشتنی مەلا مستەفا بارزانی و تواندنەوەی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد بووە. سێ دوژمن… سێ ڕژێمی دەوڵەتمەدار (ئێران – عێراق – تورکیا)… سێ سوپای بەهێز و زۆرێک لە بارودۆخی سروشتیی نالەبار، برسێتی، تینوێتی، بێچەکی و بێتەقەمەنی، سەرما، بێجلوبەرگی، بێئازووقە و بێدەرمان، بێدۆست و بێهەڤاڵ؛ هەموو ئەمانە و چەندین بارودۆخی دیکە، بوونە دوژمن و نەیاری سەر و خوێنی مەلا مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی پاش داگیرکردنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد (17ی کانوونی یەکەمی 1946).
لەو بارودۆخە نەیارەدا، مەلا مستەفا بارزانی بڕیارێکی چارەنووسساز، لێهاتوو و هۆشمەندانەی دا؛ چالاک و قارەمانانە، خەبات و شۆڕشگێڕانە، بە پیادە و شەڕی دەستەویەخە لەگەڵ سەربازانی هەر سێ دوژمن و پیلانی خۆفرۆشان و لەژێر بۆردوومانی تۆپ و فڕۆکەی هەر سێ سوپای (ئێران – عێراق – تورکیا)، بارزانی خۆی و هەڤاڵانی لە قەتڵوعام ڕزگار کرد. لە ڕێچوونێکی ئەفسووناوی پێشڕەوانەدا بە درێژایی زیاتر لە 500 کیلۆمەتر و شەڕی بەردەوام بۆ ماوەی زیاتر لە 62 ڕۆژ، خۆی و هەڤاڵانی گەیاندە وڵاتی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران (ڕووسیا)، کە ئەو کات یەکێتیی سۆڤییەت بە وڵاتی دۆست، لایەنگر و پشتوپەنای گەلانی ژێردەست دەبیندرا. بەم شێوەیە مەلا مستەفا بارزانی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردی لە تواندنەوە و لەناوچوون ڕزگار کرد.چوونی مەلا مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی بەم شێوازە دراماتیستییە لە زانستی سەربازی و بزووتنەوەی چەکدارییدا، تاکو ئێستا بووەتە نموونەی بەرز و سەرکەوتووی شەڕی پارتیزانی و گەورەیی و سەروەری و چۆنیەتیی ڕێبەرایەتیکردنی شەڕی پارتیزانی لە جیهاندا. هەروەها تاکو ئێستاش بەردەوام لێکۆڵینەوەی زانستیی سەربازی لەسەر وردەکاریی ئەم ڕێچوونەی بارزانیی نەمر و هەڤاڵەکانی دەکرێت. ئەمڕۆ 79 ساڵیادی پەڕینەوەی مەلا مستەفا بارزانی و هەڤاڵانییە لە ڕووباری ئاراس بۆ ناو خاکی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران.
کۆماری کوردستان لە خاچ درا
پاش ئەوەی یەکێتیی سۆڤییەت پاڵپشتیی خۆی بۆ ڕاگەیاندنی کۆماری ئازەربایجان لە تەورێز و کۆماری کوردستان لە مەهاباد ڕاگەیاندبوو، بەڵام پاش ئەوەی (قوام سەلتەنە) سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی ئێران پێشنیاری بۆ یەکێتیی سۆڤییەت کرد کە لە ئێران بکشێتەوە و دەستبەرداری پاڵپشتیی کۆماری کوردستان و ئازەربایجان بێت، لە بەرامبەردا ئێران مافی وەبەرهێنان، بەدواداگەڕان و هەڵکەندنی بیرەکانی نەوتی ئێرانی پێبدات. هەروەها ئێران پەیمانی بە ڕووسیا دا کە مافی خەڵکی ئازەربایجان و کورد لە ئێران دەستەبەر بکات و کێشەی کورد ئاشتیانە چارەسەر بکات.
بەم شێوەیە یەکێتیی سۆڤییەت ژێربەژێر ڕێککەوتنی لەگەڵ حوکوومەتی ئێران واژوو کرد. لەم ڕووەوە (ئەندرێ گرۆمیکۆ) نوێنەری یەکێتیی سۆڤییەت لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی 26ی ئازاری 1946 ڕایگەیاند کە: “یەکێتیی سۆڤییەت لە ماوەی شەش هەفتەدا، هەموو هێزەکانی خۆی لە ئێران دەکشێنێتەوە”.
شایانی باسە، وەک لە سەرەوە باسمان کرد، کشانەوەی یەکێتیی سۆڤییەت بەرامبەر ڕێککەوتنی نێوان (قوام سەلتەنە) و یەکێتیی سۆڤییەت بوو، بەڵام ئەم ڕێککەوتنە فێڵێکی ژیرانەی (قوام سەلتەنە) بوو کە لە یەکێتیی سۆڤییەت کرا (هەروەک دەڵێن گۆڵێک بوو ئێران لە یەکێتیی سۆڤییەت دەکرد)؛ چونکە پاش کشانەوەی سۆڤییەت لە ئێران، خودی (قوام سەلتەنە) پەرلەمانی ئێرانی ئاراستە کرد کە دژی ئەم ڕێککەوتنە دەنگ بدەن و تەنانەت خودی (قوام) تۆمەتبار بکەن بە خیانەتی گەل و وڵات. بەم شێوەیە ڕێککەوتنەکەی نێوان ئێران و یەکێتیی سۆڤییەت جێبەجێ نەکرا و یەکێتیی سۆڤییەت مایەپووچ لە ئێران کشایەوە و دواتر ئەمریکا باڵی بەسەر ئێراندا کێشا.
پاش کشانەوەی یەکێتیی سۆڤییەت، سوپای ئێران هێرشی کردە سەر کۆماری ئازەربایجان و دواتر کۆماری کوردستان. لە 17ی کانوونی یەکەمی 1946 سوپای شاهانەی ئێران چووە ناو شاری مەهاباد و داگیری کرد، پێشەوا قازی محەمەدی سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی کۆماری کوردستانیان دەستگیر کرد و دواتر لە 31ی ئازاری 1947 لە سێدارە درا. بەم شێوەیە لەبەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی زلهێز و ڕێککەوتنی ژێربەژێر و خیانەت لە خەڵکی کورد، یەکەم کۆماری کوردستان لە خاچ درا.
مەلا مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی خۆیان بەدەستەوە نەدا
مەلا مستەفا بارزانی بەردەوام چاودێریی ورد و درشتی بارودۆخی سیاسی و عەسکەریی ئێران و ململانێی بەریتانیا و ئەمریکای لەگەڵ ڕووسیا دەکرد. دواجار لە 16ی کانوونی یەکەمی 1946 مەلا مستەفا بارزانی چووە لای قازی محەمەد بۆ تاوتوێکردنی هێرشی سوپای ئێران بۆ سەر کوردستان و پێشنیاری بۆ کرد کە خۆی بەدەست سوپای شای ئێرانەوە نەدات و بەیەکەوە ڕوو لە شاخەکان بکەن، بەڵام پێشەوا قازی محەمەد بە مەلا مستەفا بارزانی گوت: “لەپێناو پاراستنی خوێنی خەڵکی مەهاباد، بەنیازم خۆم بەدەستەوە بدەم و بۆ ئەم مەبەستە شاندێکم ناردووەتە لای (جەنەراڵ هەمایۆنی) لە میاندواو”. دواتر پێشەوا قازی محەمەد، سەرۆک کۆماری کوردستان، ئاڵای کوردستانی بە ئەمانەت ڕادەستی مەلا مستەفا بارزانی کرد و پێی گوت: “ئەمە سومبولی کوردستانە و بە ئەمانەت ڕادەستی تۆی دەکەم، چونکە پێموایە تۆ شایستەترین کەسی کە پارێزگاریی لێ بکەی”، ئەمەش دوایین دیداری نێوان مەلا مستەفا بارزانی و قازی محەمەد بوو. ئینجا مەلا مستەفا بارزانی مەهابادی بەجێهێشت و بەرەو شاری نەغەدە کەوتە ڕێ.
(1) (مسعود بارزانی: البارزانی و الحركە التحرریە الكردیە-ج1. ص227).
دواتر وێڕای دانوستاندنی نێوان بارزانی و شای ئێران و بەڵێن و پەیمانی ئێران بە بارزانی و خانەوادەکانیان، بەڵام مەلا مستەفا بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانی هەرگیز متمانەیان بە بەڵێن و پەیمانەکانی ئێران نەبوو و هەوڵیان دەدا بگەنە سنووری عێراق. بەڵام ئەو کات زستان بوو (کانوونی دووەمی 1947) و بەفر هەموو ڕێگاکانی پۆشیبوو. بۆیە شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا بارزانی هەوڵیان دەدا کات بەدەست بهێنن؛ جارێک بە دانوستاندن و جارێک بە هەڕەشە و بەرگری بەڕووی حوکوومەت و سوپای ئێراندا، هەوڵیان دا حوکوومەتی ئێران بخافڵێنن تاکو بەهار و توانەوەی بەفر ڕێگاکان دەکاتەوە.
بەم شێوەیە تاکو مانگی نیسانی 1947 کە ڕێگاکان کرانەوە، ئینجا شێخ ئەحمەد بارزانی و مەلا مستەفا بڕیاریان دا کە ماڵ، منداڵ، پیر و پەککەوتەی خانەوادەی بارزانییەکان بە یاوەریی شێخ ئەحمەد بارزانی ڕوو لە عێراق بکەن، بەڵام مەلا مستەفا و پێشمەرگەکانی خۆیان بەدەستەوە نەدەن؛ چونکە مەلا مستەفا بارزانی دەیزانی کە خۆبەدەستەوەدانی بە (ئێران، عێراق، تورکیا) نەک تەنها دەبێتە مایەی کوشتن و لەسێدارەدانی، بەڵکو کوشتنی مەلا مستەفا دەبێتە هۆی بنبڕکردن و تواندنەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە تەواوی کوردستاندا؛ چونکە بوونی بارزانی لە کۆماری کوردستان و چالاکییە سەربازی و سیاسییەکانی مەلا مستەفا لەو ماوەیەدا ببووە مایەی هیوای دواڕۆژ لەلایەن هەموو تاکێکی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان، بەتایبەت چینی ڕۆشنبیر و سیاسی. بۆیە مەلا مستەفا بەر لە ژیانی خۆی، بیری لە داهاتووی خەڵکی کوردستان دەکردەوە و دەیزانی بە کوشتنی ئەو، هیوای هەموو کوردێک لە هەر شوێنێک بێت لە گۆڕ دەنرێت. بۆیە مەلا مستەفا بارزانی بە ڕاوێژ لەگەڵ جەنابی شێخ ئەحمەد بارزانی، بڕیاری دا کەخۆی بەدەستی عێراق و هیچ وڵاتێک نەدات.
ڕۆژی 10ی نیسانی 1947 هەموو بارزانییەکان بە چەکدار و خانەوادەکانەوە گەیشتنە خاڵی سنووریی ئێران و عێراق لەسەر چەمی (گادەر). بارزانی و پێشمەرگەکان لە نزیک (گادەر) لەسەر سنوور مانەوە تاکو هەموو خانەوادەکان لەوێ کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی بە یاوەریی شێخ ئەحمەد بارزانی بپەڕنەوە ناو خاکی عێراق.
ڕۆژی 16ی نیسانی 1947 کە بەفر و باران تێکەڵ دەباری و بێبەرگی و برسێتی تەنگی بە ماڵ و منداڵی بارزانییەکان هەڵچنیبوو، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، کۆمەڵ کۆمەڵ خانەوادەی بارزانییەکان دەستیان کرد بە پەڕینەوە لە چەمی (گاده‌ر) بەرەو خاڵی سنووریی عێراق و بە ئامادەبوونی (عەلی حیجازی) بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی عێراق، خانەوادەکان خۆیان بەدەست حوکوومەتی عێراقەوە دا. پاش ئەوەی تەواوی پیر، منداڵ، ژن و پەککەوتەکانی خانەوادەی بارزانییەکان لە چەمی (گادەر) پەڕینەوە بەرەو عێراق، هەر لەو ڕۆژەدا (16ی نیسانی 1947)، بارزانی و پێشمەرگەکانی بە شاخدا هەڵگەڕان بەرەو ڕەشماڵەکانی (تەها هەرکی و زێڕۆ هەرکی) و لەناو بەفر، باران و سەرما، ماوەی سێ ڕۆژ لەو دەوروبەرە مانەوە.
ڕۆژی 19ی نیسانی 1947 مەلا مستەفا بارزانی 560 پێشمەرگەی هەڵبژارد و لەگەڵیان کۆبووەوە و لە وتارێکدا پێی ڕاگەیاندن: “ئێستاکە ئێمە دەچینە نێو خاکی عێراق و بەرەو باکووری دەڤەری بارزان دەچین، هەڵبەت حوکوومەتی عێراق بە هەموو توانایەکی سوپایی خۆی و بە سوودوەرگرتن لە چەتە و خاینان و هاوکاریی هەردوو حوکوومەتی ئێران و تورکیا هەوڵی لەناوبردنمان دەدات. ئێمەش لەبەر ئەوەی هیچ قووڵاییەکی ستراتیژیمان نییە کە هاوکاریمان لێ دەستکەوێت و بریندارەکانمانی لێ چارەسەر بکەین، تەقەمەنیی پێویستیشمان پێ نییە (هەروەک دەزانن)، بۆیە دەبێت زۆر خۆڕاگر بین و بەپێی توانا خۆمان لە ڕووبەڕووبوونەوە لادەین…”، هەروەها جەنابی مەلا مستەفا بارزانی گوتی: “برایان، من بەرەو داهاتوویەکی نادیار دەڕۆم، نازانم ئایا لەبرسان دەمرم یاخود لەسەرمان یان بە گولـلەی دوژمن… بۆیە ئەوەی لە خۆیدا دەبینێت کە توانای بەرگریی ئەم ناخۆشی و داهاتووە نادیارەی هەیە، با لەگەڵم بمێنێتەوە، ئەوەی توانای نییە و لە خۆی ڕانابینێت با بگەڕێتەوە و خۆی ڕادەست بکات و من سوپاستان دەکەم”. پێشمەرگەکان هەموویان بەیەک دەنگ بە مەلا مستەفایان گوت: “هاوڕێی تۆ دەبین و لەگەڵ تۆ مردنمان پێ باشترە لەوەی ژیان بەبێ تۆ”.
(2) (مسعود بارزانی: البارزانی و الحركە التحرریە الكردیە-ج1. ص245).
ڕۆژی 20ی نیسانی 1947 بارزانی و پێشمەرگەکانی لە چیای (نازداری داغ)ـەوە بەرەو دۆڵی (خواکوڕک) چوونە ناو خاکی عێراق. لەناو خاکی عێراقدا، مەلا مستەفا بارزانی وەک پێشمەرگەیەکی مەیدان و سەرکردەیەکی بلیمەت لە شەڕی پارتیزانیدا و شارەزا لە هێرشبردن و شکاندنی بۆسە و گەمارۆی دوژمنان، بیری لە هەموو پێشهاتێکی سیاسی و عەسکەریی ئەو قۆناغە کردبووەوە، بۆیە هێز و هەڤاڵانی خۆی بەسەر پێنج قۆڵدا دابەش کرد و بۆ هەر قۆڵێک بەرپرسێکی دیاری کرد، بەم شێوەیەی خوارەوە:
1) شێخ سلێمان.
2) ئەسعەد خۆشەوی.
3) مامەند مەسیح.
4) محەمەد ئەمین میرخان.
5) مستۆ مێروزی.
(3) (مسعود بارزانی: البارزانی و الحركە التحرریە الكردیە-ج1. ص246).
شایانی باسە ئەم پێنج قۆڵە سەرەکییە، بەپێی پێویست بەسەر چەند گرووپێکدا دابەشکرابوون و هەر گرووپێک بەرپرسێکی سەربازی و بەرپرسێکی ئیداری و ئازووقەی هەبوو. بۆیە لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە مەلا مستەفای بارزانی شارەزا و بلیمەتێکی بێوێنە بوو لە سەرکردایەتی، ڕێکخستن، ئاراستەکردن، سەرپەرشتیکردن و ڕێبەرایەتیکردنی هێزی سەربازی و چەکداری، ئەمەش یەکێک بوو لە خەسڵەتەکانی ڕێبەرایەتی و کاریزمای مەلا مستەفا بارزانی.
ئینجا مەلا مستەفا بارزانی ڕێکار و ڕێنماییی پێویستی لەم قۆناغەدا بە پێشمەرگە و بەرپرسەکان ڕاگەیاند و بەڕێکەوتن بەرەو گوندی (مووسڵۆک). بەرەبەیانی ڕۆژی 21ی نیسانی 1947 گەیشتنە گوندی (مووسڵۆک) و لەوێوە بەرەو گوندی (ئەرمووش). ڕۆژی 23ی نیسانی 1947 گوندی (ئەرمووش)یان بەجێهێشت بەرەو گوندی (بەنێ خواکوڕک) لە داوێنی چیای (ئاودەل کۆدی) کە یەکێکە لە لووتکەکانی چیای خواکوڕک. لەوێوە… بارزانی و پێشمەرگەکانی بە (دەشتی بەرازگر)ی دەڤەری برادۆست و (کانی ڕەش)دا تێپەڕین بەرەو دەشتی (مێرگەسوور).
بەرەبەیانی ڕۆژی 24ی نیسانی 1947 گەیشتنە گوندی (دەریاسۆر) لەسەر سنووری تورکیا و عێراق کە تەنها چەمێکی ئاو لە نێوانیاندایە. هەر لەو ڕۆژەدا بە هاوکاریی خەڵکی گوندەکە، بارزانی و هەڤاڵانی لە چەمی (دەریاسۆر) پەڕینەوە و پێیان نایە نێو خاکی تورکیا و بەردەوام بوون لە ڕۆیشتن.
بەرەبەیانی ڕۆژی 24ی نیسانی 1947 گەیشتنە (گەلی-گەرووی زێت) کە لەسەر سنووری نێوان تورکیا و عێراقە، لەوێ ڕێگاکە وابوو و وا پێویست بوو کە بارزانی و هەڤاڵانی بگەڕێنەوە ناو خاکی عێراق. بێگومان لە هەموو قۆناغەکاندا سوپای (ئێران، عێراق، تورکیا) لە بۆسە و ئامادەباشیدا بوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بارزانی و هەڤاڵەکانی و هەموو ڕێگاکانیان لێ بۆسەگیر کردبوو. لە (گەلی زێت) و لە ناو خاکی عێراقدا، گرووپێک لە هەڤاڵانی بارزانی کەوتنە ناو بۆسەی پۆلیسی عێراق و جاشەکانی و لە شەڕێکی دەستەویەخەدا (تەنانەت بە چەکی سپی) شەڕ لە نێوانیان بەرپا بوو. لە ئەنجامدا پۆلیسێک کوژرا و جاشێک بەدیل گیران و هەڤاڵێکی بارزانیش (تێلی عەبدولکەریم کلێتی) بریندار بوو کە دواتر لە گوندی (ئەرگوش) لەبەر خوێنبەربوون و بێ داودەرمانی، ئەو هەڤاڵەی بارزانی شەهید بوو. دەتوانین بڵێین ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە یەکەم شەڕی بارزانی و هەڤاڵانی بوو لە ناو خاکی عێراقدا. ئینجا لە (گەلی زێت) بەرەو ناوچەی (بیێ) لەسەر سنوور کشانەوە؛ لەوێ بە ئەمری مەلا مستەفا بارزانی گرووپەکان لە یەکتر دوور خرانەوە بۆ ئەوەی لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەدا هەموویان نەکەونە بۆسەوە و بتوانن بە هانای یەکترەوە بچن و زیانیش کەمتر بێت. ئەمەش خەسڵەتێکی دیکەی بلیمەتیی بارزانی بوو لە بواری سەربازی و ڕێبەرایەتیکردن و سەرپەرشتیکردنی شەڕی پارتیزانیدا.
ڕۆژی 25ی نیسانی 1947 بارزانی و هەموو هەڤاڵانی گەیشتنە گوندی (ئەرگوش) و دەوروبەری و بۆ ماوەی 25 ڕۆژ لە گوندەکانی ئەو دەڤەرەدا مانەوە. پێم وایە… مانەوەی بارزانی و هەڤاڵانی بۆ ماوەی 25 ڕۆژ لەو دەڤەرەدا، تەنها بۆ ئەوە بووە کە بارزانی پشوویەک بە پێشمەرگەکانی بدات و دووبارە خۆیان ڕێک بخەنەوە و بتوانن چەک و تەقەمەنیی پێویست دابین بکەن بۆ قۆناغێکی دیکە کە مەلا مستەفا بیری لێ دەکردەوە. لەم 25 ڕۆژەدا چەندین جار لەسەر ئاستی دیاریکراودا پەیام و پەیامنێری دۆست و دوژمنان ڕوویان لە مەلا مستەفا بارزانی کردووە و تەنانەت حوکوومەتی عێراق هەوڵی دەدا کە مەلا مستەفا خۆی بەدستەوە بدات یاخود بەلایەنی کەمەوە پلان و نیازەکانی مەلا مستەفا بزانێت. بەڵام مەلا مستەفا ژیرانە بیری دەکردەوە و کاتەکەی لە بەرژەوەندیی خۆی و هەڤاڵانی بەکار دەهێنا و بیری لە دەرچەیەکی گونجاو دەکرد لەو بارودۆخە نالەبارەدا، بەتایبەت ئەو زانیارییانەی دەگەیشتنە مەلا مستەفا کە سوپای ئێران و تورکیا سنوورەکانیان تەنیوە بە هێزی سەربازی و چەتە و خۆفرۆشان، هەروەها سوپای عێراق لە ئامادەکاریدایە بۆ هێرشبردنە سەر مەلا مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی.
پێم وایە… لەم هەلومەرجانەدا، بیرۆکەی پەنابردنە بەر یەکێتیی سۆڤییەت لەلای مەلا مستەفا بارزانی گەڵاڵە بووە و ئامادەکاریی بۆ کردووە، ئەگەرچی پێشتر مەلا مستەفا ئەم بیرۆکەیەی لەگەڵ شێخ ئەحمەد بارزانی تاوتوێ کردبوو.
مەلا مستەفا بارزانی بڕیاری دا، خۆی و هەڤاڵانی پەنا بەرنە بەر یەکێتیی سۆڤییەت
دەربارەی بڕیاری مەلا مستەفا بارزانی لە پەنابەری بۆ یەکێتیی سۆڤییەت (ڕووسیا)، جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی لە کتێبەکەیدا (البارزانی و الحركە التحرریە الكردیە/ج1. ص249 نووسیویەتی: بارزانی بۆی باسکردم… لە 15ی نیسانی 1947 کاتێک (بارزانی) خواحافیزیی لە شێخ ئەحمەد کردووە، لێی پرسیوە ئاخۆ دەکرێت پەنا بباتە بەر یەکێتیی سۆڤییەت ئەگەر نەیتوانی بەردەوام بێت لە شەڕ لە نێو عێراقدا، ئەویش (شێخ ئەحمەد بارزانی) ڕەزامەندیی داوە. بەڵام بڕیاری کۆتایی و مێژوویی مەلا مستەفا بارزانی بەچوونی بۆ یەکێتی سۆڤیەت لە 6ی ئایاری 1947 بوو کاتێک هێزەکانی خۆی لە (ئەرگوش) کۆکردەوە و پێی ڕاگەیاندن کە بڕیاری داوە پەنا بەرنە بەر یەکێتیی سۆڤییەت و ئەگەر و هۆکارەکان و ئاستەنگەکانی ئەم بڕیارەی بۆ شیکردنەوە.
(4) (مسعود بارزانی: البارزانی و الحركە التحرریە الكردیە-ج1. ص249).
لە (ئەرگوش)ـەوە بەرەو (یەکێتیی سۆڤییەت)
پاش هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی بارودۆخەکە و یەکگرتنی بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووریی وڵاتانی زلهێز (ئەمریکا، بەریتانیا، عێراق، تورکیا و ئێران) دژی کۆماری کوردستان و خۆی و هەڤاڵەکانی؛ مەلا مستەفا و پێشمەرگەکانی، ڕۆژی 6ی ئایاری 1947 لە گوندی (ئەرگوش) بڕیاری دا کە خۆی و پێشمەرگەکانی ڕوو بکەنە یەکێتیی سۆڤییەت (ڕووسیا) بەنیازى پەنابەریی سیاسی. وەک باسمان کرد، ئەم بڕیارەی جەنابی مەلا مستەفا بارزانی بڕیارێکی دەستبەجێ و سەرپێیی نەبوو، بەڵکو جەنابی بارزانی پێشتر لەگەڵ شێخ ئەحمەد بارزانی تاوتوێی کردبوو و ڕەزامەندیی لێ وەرگرتبوو.
پێم وایە… بەر لە بڕیارە مێژوویی و چارەنووسسازەکەی (6ی ئایاری 1947)، بارزانی بارودۆخ و هەموو دەرەنجامەکانی هەڵسەنگاندبوو (ئاماژە بە وردەکارییەکان – بەپێی لێدوان و بیرەوەرییەکانی هەڤاڵانی بارزانی). بەردەوام جەنابی مەلا مستەفا پەیوەندی و بەدواداچوونی هەبووە لەگەڵ ماڵبات و عەشیرەتە کوردەکانی سەر سنووری (عێراق- ئێران، عێراق ـ تورکیا، تورکیا- ئێران) و دۆست و هەڤاڵ و لایەنگری خۆی لەم سنوورانەدا. بێگومان مەلا مستەفا بارزانی وەکو سەرکردەیەکی کاریزمایی و پێشڕەوی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و ڕێبەرێکی پێشمەرگە و خۆشەویست کە تاکە هیوای خەڵکی کوردستان بوو، بەلایەنی کەمەوە بۆ ڕێچوونی بەرەو یەکێتیی سۆڤییەت، توانیویەتی گیانی هاوکاری و هەماهەنگیی ئەو ماڵبات و عەشیرەتانەی سەر سنوور فەراهەم بکات؛ ئەگەرچی هەندێک کەسی خاین و خۆفرۆش هەوڵی ڕێگریی بارزانی و هەڤاڵانیان کردووە، بەڵام هەر ئەوان ڕوڕەشی گەل و نیشتمان بوون. لە ئەنجامدا مەلا مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی بە برسێتی و سەرما و شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەرسێ حکومەتی (ئیران و عێراق و تورکیا) بە سەربەرزی و سەرکەوتن بەسەر دوژمنان لە چەمی ئاراس پەڕینەوە و وەکو پەنابەری سیایی چوونە نێو خاکی یەکێتیی سۆڤییەتەوە.
لێرەدا بەپێی توانا هەوڵدەدەم بەکورتی ڕۆژ و ڕووداوەکانی ڕێچوونی مەلا مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی بەرەو یەکێتیی سۆڤییەت بۆ ڕێبوارانی ڕێبازی بارزانی، خوێنەرانی ئازیزی ڕۆژنامەی خەبات و تەواوی خەڵکی کوردستان بخەمە ڕوو.
ڕۆژمێری ڕێچوونی بارزانی و هەڤاڵانی بەرەو یەکێتیی سۆڤییەت
بەر لە ڕۆیشتن بەرەو خاڵی سنووریی یەکێتیی سۆڤییەت لەسەر (ڕووباری ئاراس)، پێدەچێت بارزانی پلان و تەکتیکی ڕێچوونەکەی بۆ پێشمەرگەکانی خۆی شیکردبێتەوە و پلانێکی پارتیزانی سەرکەوتووی داڕشتبێت بەجۆرێک کە تاکو ئێستاش ئەم ڕێچوونەی بارزانی و هەڤاڵەکانی لە زانکۆ سەربازییەکان دیراسە دەکرێ کە چۆن بارزانی و هەڤاڵەکانی لە نێوان سنووری سێ وڵات و سوپای پڕچەکی هەرسێ وڵاتەکە لە ڕووبەروونەوەدا سەرکەوتووە و دەستکەوتی هەبووە و بە زیانێکی زۆر زۆر کەم کە کوردستانەوە بە پیادە ڕۆیی گەیشتۆتە ناو خاکی یەکیتی سۆڤیەت.
پلانی مەلامستەفا بارزانی ئەوەبووە کە ئەو پێنج قۆڵەی کە دروستی کردبوو بە سیستمێکی سەربازی پارتیزانی ڕێک بخرێن کە قۆڵی (مستۆ مێروزی) لە پێشەوەی هێزەکە بێت، پاشان قۆڵی (مامەند مەسیح)، دوای ئەوان قۆڵی (محەمەد ئەمین میرخان)، پاشان قۆڵی (شێخ سلێمان)، ئینجا لە دواوەی هێزەکەدا قۆڵی (ئەسعەد خۆشەوی) بێت و پێی ڕاسپاردبوون کە ئەوان (قۆڵی ئەسعەد خۆشەوی) هاوکاریی هەر کەسێک بکەن کە بە هەر ئەگەرێک لە قۆڵەکەی خۆیان دوا بکەوێت.
(5) (مسعود بارزانی: البارزانی و الحركە التحرریە الكردیە/ج1. ص250).
ڕۆژ ژمێری ڕێڕۆی مەلامستەفا بارزانی و هەڤاڵانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت
* ڕۆژی 22ی ئایاری 1947: مەلا مستەفا بارزانی فەرمانی بە پێشمەرگەکانی دا کە قۆناغ بە قۆناغ بەرەو دەڤەری (هەرکی بنەجێ) بکەونە ڕێ. بە درێژایی ئەو ڕۆژە هەموو پێشمەرگەکان گەیشتنە گوندەکانی (درێ، باسیان، ستونێ) و گوندەکانی دەوروبەر. حوکوومەتی عێراق بەم هەنگاوەی مەلا مستەفای زانی و ڕۆژی 23ی ئایاری 1947 لە هێرشێکی ئاسمانیی توند و چڕدا، 14 فڕۆکەی نارد بۆ بۆردۆمانکردنی بارزانی و هەڤاڵانی، کە بووە هۆی شەهیدبوونی 2 پێشمەرگە و برینداربوونی 14ی دیکە.
* ڕۆژی 24ی ئایاری 1947: بارزانی و هەڤاڵانی گەیشتنە گوندی (بێداو) کە دوا گوندە لەسەر سنووری (عێراق – تورکیا).
* ڕۆژی 25ی ئایاری 1947: لەنێو بەفری کێوەکاندا بە زەحمەتێکی زۆر، بارزانی و پێشمەرگەکانی لە ڕێگای (تەستا – بێداڤ) گوندی (بێداڤ)یان بەجێهێشت و لە ئێوارەی هەمان ڕۆژدا گەیشتنە گوندی (بایێ) لەنێو خاکی تورکیادا. خەڵکی گوندەکە بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لێکردن. مەلا مستەفا لە موختاری گوندەکەی پرسی ئاخۆ باشترین ڕێگا بۆ ناو خاکی ئێران لەکوێوەیە؟ موختارەکە بە مەلا مستەفای ڕایگەیاند کە ڕێگای (زینیا ئاسنگەرا) لە نێوان (گەڤەڕ و شەمدینان) باشترین ڕێگایە. سەرەڕای ئەوەی لە (زینیا ئاسنگەرا) تووشی فڕۆکە و سەربازی تورک بوون، بەڵام دواتر بە تەکتیکێکی پارتیزانی لێیان ڕزگار بوون.
* ڕۆژی 27ی ئایاری 1947: لە بەرەبەیانی ئەم ڕۆژەدا، بارزانی و هەڤاڵانی بەبێ زیان لە (زینیا ئاسنگەرا) پەڕینەوە و چوونە ناو خاکی ئێران. تاکو ئێوارە هەموو پێشمەرگەکانی بارزانی گەیشتنە ناو خاکی ئێران لە گوندی (جیرمێ).
*ڕۆژی 28ی ئایاری 1947: هێزی پێشمەرگەی مەلا مستەفا بەڕێکەوتن بەرەو گوندەکانی (ئەمبێ، دەربەند و تەلوێ) لە دەڤەری (تەلگەوەر)ی بەگزادەکان.
* ڕۆژی 29 و 30 و 31ی ئایاری 1947: لەم سێ ڕۆژەدا بارزانی و پێشمەرگەکانی لە دەڤەری هەرکییەکان مانەوە و خەڵکی ئەو دەڤەرە پێشوازییەکی گەرمیان لێکردن. حوکوومەتی ئێران پێی زانی و (ڕەشید بەگی سەرۆک عەشیرەتی هەرکی) ناردە لای مەلا مستەفا کە بزانێت مەلا مستەفا نیازی چییە و هۆکاری هاتنی بۆ ناو خاکی ئێران چییە، هەروەها هەڕەشەی لە بارزانی کرد کە خاکی ئێران جێبهێڵێت. مەلا مستەفا بۆ بەدەستهێنانی کات، وەڵامی ئێرانی دایەوە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا بە نووسین وەڵامیان دەداتەوە… بەڵام هەرگیز ئەم وەڵامەیان بۆ نەنووسین.
(6) (مسعود بارزانی: البارزانی و الحركە التحرریە الكردیە/ج1. ص251).
* ڕۆژی 1 و 2ی حوزەیرانی 1947: بارزانی و هەڤاڵانی لە گوندەکانی دەڤەری (شکاک) مانەوە لەبەر ئەوەی ئەم عەشیرەتە هەڤاڵ و هاوکاری بارزانی بوون، بەتایبەت (خالێ میرزێ) کە خاڵی سمکۆی شکاک بوو و جێگای بڕوا و متمانە بوو. هەڤاڵانی بارزانی پێویستیان بە پشوو هەبوو.
* ڕۆژی 3ی حوزەیرانی 1947: بارزانی و هەڤاڵانی گەیشتنە گوندەکانی (دیلزێ، حاجی جفان، گوزەرەش و…).
* ڕۆژی 4ی حوزەیرانی 1947: هەڤاڵانی ڕێبازی بارزانی گەیشتنە گوندی (بڕوش خۆران)؛ لەم گوندەدا (خەلیفە سادق) کە پیاوی حوکوومەتی ئێران بوو و بەدرۆ خۆی بە دڵسۆزی کورد و کوردستان دەنواند، بە فیتی ئێران ویستی پیلان بۆ بارزانی و هەڤاڵانی دابڕێژێت و بە بارزانی ڕاگەیاند کە ڕێگاکەی گیراوە و ئێران سوپایەکی زۆری ناردووە و هەموو ڕێگاکانی گرتووە. بەڵام ئێران وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتی دەخوازێت خۆراک، دەرمان و چارەسەری پزیشکی بۆ بریندارەکان بکات… بەڵام کەسێک کە لەگەڵ (خەلیفە سادق) بوو، لە پاسەوانێکی بارزانی نزیک بووەوە و پێی ڕاگەیاند کە ئەوەی (خەلیفە سادق) دەڵێت هەمووی درۆیە و هێزەکانی سوپای ئێران نەگەیشتوونەتە سەر ڕێگاکە، بێجگە لە هەندێک چەکداری (عەجەم)، وا چاکە کە خۆتان دوانەخەن و پەلە بکەن.
* شەوی 4 لەسەر 5ی حوزەیرانی 1947: بە فەرمان و ڕێنماییەکانی مەلا مستەفا بارزانی، پێشمەرگەکان بۆ ئەوەی خۆیان دووربخەنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی بۆسەی سوپای ئێران، چوونە ناو خاکی تورکیا و بۆ چەند کاتژمێرێک لەنێو خاکی تورکیادا ڕۆیشتن و پاشان هاتنەوە ناو خاکی ئێران و دواتر بەبێ کێشە لە (دۆڵی قتور) پەڕینەوە. پەڕینەوە لەم دۆڵە، سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ بارزانی و هەڤاڵانی؛ چونکە ئەم دۆڵە وا هەڵکەوتبوو، ئەگەر لەوێدا شەڕ ڕووی بدایە، مەزەندە دەکرا کە هەڤاڵانی بارزانی زیانێکی گەورەیان بەرکەوتبا.
* ڕۆژی 5ی حوزەیرانی 1947: لە بەرەبەیاندا، بارزانی و پێشمەرگەکانی گەیشتنە گوندەکانی (گەلتی، تودان، نەدێ) لە دەڤەری عەشیرەتی (عەروسی) و خەڵکی ئەم گوندانە پێشوازییەکی گەرمیان لێکردن.
* ڕۆژی 6ی حوزەیرانی 1947: هەڤاڵان گەیشتنە گوندی (بەلەسوور، بەلەرەش)، پاش نانخواردن و حەسانەوە، بەڕێکەوتن بەرەو کوێستانی (حاجی بەگ) و ئێوارە گەیشتنە گوندی (ملهەمی) لە نێو عەشیرەتی (مللەلی) و شەو لەوێ مانەوە.
* ڕۆژی 7ی حوزەیرانی 1947: بارزانی و هەڤاڵانی گەیشتنە گوندی (عەمباری) و لەو گوندەدا کەسێکی متمانەپێکراو و شارەزای دەڤەرەکە و سنووری یەکێتیی سۆڤییەتیان دۆزییەوە کە ناوی (میرزا عەبدی) بوو؛ (میرزا) تەمەنی حەفتا ساڵ بوو، بەڵام مرۆڤێکی چوست و چالاک بوو. بارزانی لێی پرسی: ئاخۆ کام ڕێگا باشە بۆ چوونە ناو خاکی یەکێتیی سۆڤییەت؟ (میرزا عەبدی) ڕێگای (ماکۆ – هاسۆن)ی پێشنیار کرد. بارزانی متمانەی بەم کابرایە کرد و ڕێگاکەی هەڵبژارد، پلان و ئامادەباشیی تەواویشی بۆ ئەم قۆناغە بە پێشمەرگەکانی ڕاگەیاند، چونکە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە بوو.
* ڕۆژی 8ی حوزەیرانی 1947: بارزانی و هەڤاڵانی گوندی (عەمبارە)یان بەجێهێشت و گەیشتنە هەردوو گوندی (کلیسگەند و ئاغداش) لە نزیک شاری (ماکۆ). لەم سەروبەندەدا هێزەکانی سوپای ئێرانیش بە پاڵپشتیی تۆپ، تانک و زرێپۆش گەیشتبوونە شاری (ماکۆ)، لەسەر ڕێگاکاندا بڵاوەیان کردبوو و بەچڕی هەموو ڕێگایەکیان داخستبوو؛ بەرپابوونی شەڕ لە نێوان هەڤاڵانی بارزانی و سوپای ئێراندا چاوەڕوانکراو بوو. لەم قۆناغەدا ژیان و دواڕۆژی بارزانی و هەڤاڵەکانی پەیوەست بوو بە سەرکەوتنیان لەم شەڕەدا. بۆیە خودی جەنابی مەلا مستەفا بارزانی زۆر بەوردی چاودێریی هەموو پێگەکانی سوپای ئێرانی کرد و پلانی شەڕی داڕشت بە شێوەیەک کە پێویستە سەد لەسەد هەر سەرکەون. بۆ ئەم مەبەستە مەلا مستەفا هێزەکەی خۆی بۆ دوو بەش دابەش کرد و دوو میحوەرەی بۆ شەڕەکە دیاری کرد؛ میحوەرەی یەکەم لە (کلیسگەند)ـەوە پێشڕەوی بکات و میحوەرەی دووەم لە (ئاغداش)ـەوە پێشڕەوی بکات. هەروەها مەلا مستەفا بڕیاری دا کە خودی خۆی سەرکردایەتیی یەکەم هێرشی فیداکارانە بکات.
* ڕۆژی 9 تاکو ڕۆژی 11ی حوزەیرانی 1947: ڕۆژی 9ی حوزەیران بەپێی پلانێکی تۆکمە لە میحوەرەی (کلیس گەند)ـەوە، مەلا مستەفا بارزانی بە سەرکردایەتیی میحوەرەکە و هەریەک لە (محەمەد ئەمین میرخان، مامەند مەسیح و مستۆ جادر مێرۆزی) هاوکاری بوون. لە هەمان کاتدا لە میحوەرەی (ئاغداش)ـەوە، بە سەرکردایەتیی ئەسعەد خۆشەوی و هاوکاریی هەریەک لە (ساڵح کانیە لینجی و سەعید وەلی بەگ)، لەلایەن بارزانی و هەڤاڵانییەوە کتوپڕ لە هەردوو میحوەرەکەوە هێرش کرایە سەر سوپای ئێران لە چیای (سوسوز) و دەشتی (ماکۆ).
لەم شەڕەدا بارزانی و هەڤاڵانی لە داستانێکی بێوێنەی شەڕ و فیداکاریدا ئەوپەڕی پاڵەوانییان نواند و بەسەر هێزی دوژمندا سەرکەوتن کە لە ڕووی ژمارە و چەکەوە زۆر زۆرتر بوون لە ژمارە و چەکەکانی بارزانی و هەڤاڵانی. تۆپۆگرافیی ئەو دەڤەرە لە بەرژەوەندیی سوپای ئێراندا بوو، چونکە دەرفەتی ئەوەیان هەبوو تانک، تۆپ و فڕۆکە بەکاربهێنن؛ هێزێکی زۆری سەرباز، تانک، زرێپۆش و تۆپیان لەوێ تەنێبوو، زۆر بە تۆکمەیی پردی (ماکۆ)ی سەر ڕووباری (زەنگی)ـیان داگیر کردبوو، بەو نیازەی کە دوا هەلیانە بۆ ئەوەی بارزانی و هەڤاڵانی لەناو ببەن و نەهێڵن بگەنە سنووری یەکێتیی سۆڤییەت. ئەم شەڕە دوو ڕۆژ بەردەوام بوو.
* شەوی 11ی حوزەیرانی 1947: پێشمەرگەکانی بارزانی پاش شەڕێکی پاڵەوانانەی دەستەویەخە، دەستیان گرت بەسەر پردی (ماکۆ)دا و بەسەر ڕووباری (زەنگی)دا پەڕینەوە و بەرەو گوندی (هاسون) پێشڕەوییان کرد. لەم شەڕەدا بە سەدان سەربازی ئێرانی کوژران و بریندار بوون، هەروەها پێشمەرگەکانی بارزانی 271 سەربازی سوپای ئێرانیان بەدیل گرت، ژمارەیەک تانک تێکشکێنران، فڕۆکەیەک خرایە خوارەوە و چەندین تۆپیش تێکشکێنران. هەروەها بە سەدان تفەنگ و پەنجا هێستری بارکراو بە ئازووقە و تەقەمەنی دەستیان بەسەردا گیرا. زیانی هەڤاڵانی بارزانی لەم شەڕەدا چوار شەهید و چواردە بریندار بوو.
(7)((مسعود بارزانی: البارزانی و الحركە التحرریە الكردیە/ج1. ص255).
پاش تەواوبوونی شەڕەکە دیلەکان ئازاد کران، چونکە بوونی ئەو دیلانە لە دەستی پێشمەرگەکانی بارزانیدا پێویست نەبوو، بەڵکو دەبوونە ئاستەنگی بۆ ڕێچوونەکەیان، بۆیە ئازاد کران.
* ڕۆژی 12ی حوزەیرانی 1947: پاش تەواوبوونی شەڕ بە سەرکەوتنی بارزانی و هەڤاڵانی، بەرەبەیانی ئەم ڕۆژە، بارزانی و هەڤاڵانی گەیشتنە گوندی (هاسون) و لە سوپای ئێران دوور کەوتنەوە. گوندی (هاسون) دەکەوێتە باکووری (ماکۆ)، ئەم گوندە سەر بە عەشیرەتی (جەلالی)یە. بەڵام بەداخەوە ئاغای ئەم عەشیرەتە (عۆمەر ئاغا جەلالی) خیانەتی لە بارزانی و هەڤاڵانی کرد؛ دەکرێت بڵێین ئەم عەشیرەتە و ئاغاکەیان تەنها عەشیرەتی کورد بوون کە خیانەتی نیشتمانییان لە بارزانی و هەڤاڵانی کرد بە درێژایی ڕێچوونی بارزانی بەرەو یەکێتیی سۆڤییەت.
* ڕۆژی 13 و 14 و 15ی حوزەیرانی 1947: مەلا مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی هەر لە دەڤەری عەشیرەتی (جەلالی) بەرەو سنووری یەکێتیی سۆڤییەت ڕێگەیان گرتەبەر. لە ماوەی ئەم سێ ڕۆژەدا و لە دەڤەری (جەلالی)یەکان، ڕۆژانە فڕۆکە جەنگییەکانی ئێران بەدوای بارزانی و هەڤاڵانیدا دەگەڕان، بەڵام لەبەر چڕیی دارستان و شارەزایی و لێهاتووییان، بارزانی و پێشمەرگەکانی توانییان خۆیان لە چاوی فڕۆکەوانەکان بشارنەوە و فڕۆکەکان هێزی بارزانییان پێ نەدەدۆزرایەوە.
* ڕۆژی 16ی حوزەیرانی 1947: بارزانی و هەڤاڵانی گەیشتنە قەراغی ڕووباری (ئاراس) کە ڕووبارێکی بەخوڕ، پان و بەرینە؛ سنووری یەکێتیی سۆڤییەت و ئێرانی لێک جیادەکردەوە. لە ڕۆژاواوە لە ناو خاکی تورکیاوە سەرچاوە دەگرێت و بەرەو ڕۆژهەڵات لە نێوان سنووری ڕووسیا و ئێراندا تێپەڕ دەبێت. بارزانی و هەڤاڵانی لە ناو خاکی ئێرانەوە لە ڕۆژی 16ی حوزەیرانی 1947 گەیشتنە گوندی (سوکتلی) لەسەر ڕووباری (ئاراس) کە نزیک بوو لە خاڵی سنووریی (سراجلو)ی یەکێتیی سۆڤییەت لەوبەری ڕووباری ئاراس.
هەر لەو ڕۆژەدا، مەلا مستەفا بارزانی نێردەی خۆی (میرحاج)ـی ناردە خاڵی سنووریی (سراجلو)، کە خاڵێکی سنووریی دەسەڵاتی یەکێتیی سۆڤییەت بوو لە ناو خاکی کۆماری ئەرمینیای سۆڤیەتی لەوبەر ڕووباری ئاراس، بۆ ئەوەی بە دەسەڵاتدارانی یەکێتیی سۆڤییەت ڕابگەیەنێت کە مەلا مستەفا بارزانی و پێشمەرگەکانی هاتوونەتە سەر سنوور و داوای پەنابەریی سیاسی دەکەن لە یەکێتیی سۆڤییەت.
* ڕۆژی 17ی حوزەیرانی 1947: بە گەیشتنی ڕەزامەنیی یەکێتیی سۆڤییەت بۆ پەنابەریی سیاسیی مەلا مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی، گرووپێک لە هەڤاڵانی بارزانی بە چاودێریی شێخ سلێمان لە ڕووباری ئاراس پەڕینەوە ناو خاکی یەکێتیی سۆڤییەت.
* لە کۆتاییدا، ڕۆژی 18ی حوزەیرانی 1947: دوا گرووپی هەڤاڵانی بارزانی بە چاودێریی خودی جەنابی مەلا مستەفا بارزانی پەڕینە ناو خاکی یەکێتیی سۆڤییەت.
بەم شێوەیە، بارزانی و هەڤاڵانی لە ڕاوەدوونانی فڕۆکە، تۆپ، تانک و سەربازانی سوپای ئێران ڕزگاریان بوو و لەسەر دەستی ئەم قارەمانانە بزووتنەوەی ڕزگاریی کورد لە تواندنەوە ڕزگاری بوو؛ کە دواتر جەنابی مەلا مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی لە ساڵی 1958 پاش ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتیی عێراق، سەربەرزانە گەڕانەوە عێراق و وەکو پاڵەوانانی نیشتمان لەلایەن تەواوی خەڵکی عێراقەوە بە کورد، عەرەب، تورکمان و کلدۆئاشوور پێشوازییان لێکرا و بارزانی و هەڤاڵانی بەردەوام بوون لە خەبات بۆ هێنانەدیی مافی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان.
ئەم ڕێچوونە ئەگەر بە نووسین و گێڕانەوە ئاسان بێن؛ بەڵام لە واقیع و ڕاستی و شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە و برسێتی و سەرما؛ شتێکی ئەفسانەیی و بێ هاوتایە لە مێژووی دوور و نزیكی میللەتانی جیهان. بۆیە شانازییە بۆ ئێمە و هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر؛ کە ئەمڕۆ یادی ئەو داستانە بێوێنەو بێهاوتایە دەکەین.
شایانی گوتنە؛ لە ڕێچوونێکی پارتیزانیی بێوێنەدا کە هاوبەست بوو بە شەڕ، تۆپباران و بۆردوومانی فڕۆکەی جەنگی و بۆسەی سوپای هەر سێ دوژمن و هاوکارەکانیان، مەلا مستەفا بارزانی توانی ئەوپەڕی بلیمەتیی خۆی لە ڕابەڕاتیکردنی شۆڕش و شۆڕش و ڕێبەرایەتیی و پێشڕەویکردنی شەڕ و پلاندا و لە بەکارهێنانی تۆپۆگرافیا لە شەڕ، ڕووبەڕووبوونەوە، هەڵمەت و شکاندنی بۆسە و گەمارۆی دوژمناندا بنوێنێت، کە لە ئەنجامدا مەلا مستەفا بارزانی توانی خۆی، هەڤاڵانی، ئاڵای کوردستان و بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد لە نەمان و تواندنەوە ڕزگار بکات و جارێکی دیکە خەونی دوژمنان لە تواندنەوەی شۆڕشی خاک و خەڵکی کوردستان لەسەر دەستی مەلا مستەفا بارزانی پووچەڵ کرایەوە.
خوێنەرانی بەڕێز… وانەبێت ئەم ڕێچوونەی بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی بۆ یەکێتیی سۆڤییەت، هەروا کارێکی ئاسایی و بڕیارێکی ئاسان و بێبەرنامە و بنەما بووبێت، بەڵکو ئەم پرۆسەیە زۆر وردەکاری، ڕووداوی دراماتیستی، برسێتی، سەرما، شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر سێ حوکوومەتی (ئێران، عێراق و تورکیا) لە خۆگرتووە کە بە چەندین کتێب، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زانستی و مێژوویی تەواو نابێت. بۆیە ئەستەم بوو لەم چەند دێرەدا توانیبێتم تەنها دڵۆپێک لە دەریای ئەم داستانە بۆ خوێنەران بخەمە ڕوو، بۆیە داوای لێبوردن لە خوێنەرانی ئازیز و هەڤاڵانی بارزانی دەکەم؛ ئەگەر وەکو پیویست هەموو زانیارییەکانم نەخستێتە ڕوو.

سەرچاوە:
1-کتێبی سەرۆک مسعود بارزانی (البارزانی و الحركە التحرریە الكردیە/ج1).
2- دیمانە و لێدوانی ئەو هەڤاڵانەی بارزانی کە بەشدار بوون لە ڕێچوونی بارزانی بەرەو یەکێتیی سۆڤییەت 1947.
3- ئەرشیفی ڕۆژنامەی خەبات.