پێشمەرگە.. یادگه‌ی گەلێک و مێژووی بەرگری لە دژی دیکتاتۆرییەت

157

ئه‌یاد حاجی نامیق
بودجەكانی ساڵانه‌ی فیدراڵی جەخت لە دانانی هێزی پێشمەرگە لە سیسته‌می بەرگریی نیشتمانیی عێراقدا دەکەنەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی دانپێدانانی فەرمییە بە ڕۆڵی ئەمنی و سەربازیی ئەوان لە چوارچێوەی پێکهاتەی فیدراڵیی دەوڵەتدا.

بۆیە، (پێشمەرگە)… «میلیشیا» نییە، بەڵکوو هێزێکی دەستووری و نیشتمانییە، کە بوونی بە مێژووی خەباتی گەلی کوردستانەوە بەستراوەتەوە، ئامادەیی خۆی لە ناو سیسته‌می ئەمنیی عێراقدا بەپێی دەستوور و یاسا سەلماندووە. لە ناو جەرگەی گوتارە سیاسییە گرژەکان و هەوڵەکانی دووبارە داڕشتنەوەی ڕاستییەکان بەپێی بەرژەوەندییە کاتییەکان و ئارەزووە ئایدیۆلۆژییەکان، جاروبار هەوڵ دەدرێت هێزەکانی پێشمەرگە بە «میلیشیا» وەسف بکرێن، ئەمەش پشتگوێخستنێکی ئاشکرای مێژوو، دەستوور و ئەو واقیعە سیاسی و سەربازییەیە کە ئەم هێزانەی لەسەر دامەزراوە.

پاشخانی مێژوویی
بەکارهێنانی وەسفی «میلیشیا» بۆ هێزەکانی پێشمەرگە ته‌نیا هەڵەیەکی سیاسی یان وەسفێکی ڕاگەیاندنی کاتی نییە، بەڵکوو بێڕێزییەکی ئەنقەستە بە مێژووی گەلێك، نکۆڵیکردنە لە قوربانیدانی دەیان هەزار شەهید، کە لە پێناو بەرگریکردن لە ئازادی، کەرامەت و مرۆڤایەتی، ڕووبەڕووی دیکتاتۆرییەت، جینۆساید و تیرۆر بوونەوە.

پێشمەرگە گوروپێکی چەکداری لەناکاو نین، کە لە دەرەوەی چوارچێوەی شەرعیەت دەرکەوتبێتن، ڕێکخراوێکی چەکداریش نین، کە لە کاتی پشێوی یان بۆشایی ئەمنیدا دروست بووبێتن، بەڵکوو درێژکراوەیەکی مێژوویی خەباتی گەلی کوردن لە چەندین دەیەی ڕابردووەوە، بەرجەستەکردنی زیندووی ئیرادەی گەلێکن، کە ڕەتی کردەوە ملکەچی ستەمکاری، نکۆڵیکردنی نەتەوەیی و سیاسەتەکانی قڕکردن (جینۆساید) بێت. هێزی پێشمەرگە لە ناخی ئازارەکانی گەلێکەوە لەدایکبووه‌، کە ڕووبەڕووی شاڵاوەکانی ئەنفال، جینۆساید، بۆردومانی کیمیایی، کۆچی زۆرەملێ و سیاسەتی تەعریبی ڕێکخراو بووەوە. ئەم هێزە بۆ چەندین دەیە، لە پێناو بەرگریکردن لە مافی مرۆڤ بۆ ژیان، ئازادی و کەرامەت، شەڕی توندی دژی ڕژێمە شۆڤێنییەکان کرد.

لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ساڵی 1992 و پێکهێنانی یەکەم پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پێشمەرگە بوو بە بەشێکی بنەڕەتی لە پێکهاتەی حکوومی و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێم. ئەم وەزارەتە لە ناو هەموو کابینە وزارییە یەکبەدوایەکەکاندا تا ئەمڕۆش بەردەوام بووە، ئەمەش سیفەتی دامەزراوەیی و یاسایی ئەم هێزانە دەسەلمێنێت و هەر ناسنامەیەکی دەرەوەی چوارچێوەی شەرعیەتی دەستووری و ڕێکخستنی فەرمی لێ دوور دەخاتەوە.

دوای ساڵی 2003، هێزەکانی پێشمەرگە نەیاری سیستمە نوێیەکەی عێراق نەبوون، بەڵکوو لە دیارترین ئەو هێزانە بوون، کە بەشدارییان لە پاراستن و چەسپاندن و ڕێگریکردن لە ڕووخانی كرد، بەتایبەتی لەو قۆناغە هەستیارانەی، کە تێیدا تیرۆر و توندوتیژی تائیفی پەرەی سەندبوو. هەروەها ڕۆڵێکی سەرەکییان لە پاراستنی شارەکانی عێراق و پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازەکان بینی، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لەناو هاوکێشە نوێیەکەی عێراقدا بەشداربوون.

بەرەنگاربوونەوەی داعش
کاتێک پێکهاتە سەربازییەكان لە ساڵی 2014دا، به‌ ته‌واوی لەبەردەم هێرشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدا هەرەسیان هێنا، هێزەکانی پێشمەرگە بە متمانەوە لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ وەستان بۆ بەرگریکردن لە هەولێر، کەرکوک، شەنگال، دەشتی نەینەوا و مەخموور؛ ئەمەش نەک تەنیا بۆ بەرگریکردن لە کورد، بەڵکو بۆ بەرگریکردن لە عێراق، ناوچەکە و تەواوی جیهان بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیدارترین ڕێکخراوی تیرۆریستی، کە مێژووی هاوچەرخ بە خۆیەوە بینیویەتی.

ئەم هێزانە لە شەڕەکانی ڕزگارکردندا، باجێکی قورسیان لە خوێنی ڕۆڵەکانیان دا، ئەو بەربەستە بەهێزە بوون، کە ڕێگەی لە تەشەنەکردنی تیرۆر بەرەو هەولێر گرت، بەغدا و ناوچەکانی دی، لە کاتێکدا کە یەکە سەربازییەکان سەرەڕای ئەو توانا و پڕچەککردنەی هەیانبوو، به‌ ته‌واوی هەرەسیان هێنا. پێوەرە ڕاستەقینەکەی هەر هێزێکی سەربازی بە دروشمی سیاسی یان کەمپەینی ڕاگەیاندن ناپێورێت، بەڵکو بە شەرعیەتی یاسایی، سروشتی ڕۆڵە نیشتمانییەکەی و ڕادەی بەستنەوەی بە دامەزراوە دەستوورییەکانەوە دەپێورێت.

چوارچێوەی دەستووری
لێرەوە، وەسفکردنی پێشمەرگە بە «میلیشیا» لەبەردەم دەقە دەستوورییەکان، ڕاستییە مێژووییەکان و واقیعە سیاسی و سەربازییەکاندا دەڕووخێت.

دەستووری عێراق بەپێی ماددەی (117/یەکەم)، دانی بە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانیدا ناوه‌، هەروەها ماددەی (121/پێنجەم) بە ڕوونی ئاماژە بە مافی هەرێم دەکات لە دروستکردن و ڕێکخستنی هێزەکانی ئاسایش و پاسەوانی هەرێم (حەرسی هەرێم). ناوی هێزەکانی پێشمەرگەش بە زۆری لە ناو سیسته‌می بەرگری نیشتمانیدا لە یاساکانی بودجەی فیدراڵی ساڵانەدا دێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی دانپێدانانی یاسایی و داراییە بە ڕۆڵی ئەوان لەناو سیستمی ئەمنیی عێراقدا. بۆیە، هێزەکانی پێشمەرگە هێزێکی هاوتەریب نین لە دژی دەوڵەت، بەڵکو بەشێکی ڕەسەنن لەو پێکهاتە فیدراڵییەی کە عێراقی دوای ساڵی 2003ی لەسەر دامەزراوە، شەریکێکی دەستووری، ئەمنی و سەربازین لە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیریدیا.

دانپێدانانی نێودەوڵەتی
هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەوپەڕی فەرمییەوە مامەڵەیان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەدا کردووە، وەک هێزێکی شەرعی هاوپەیمان لە شەڕی دژی تیرۆردا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نێودەوڵەتییەکاندا، دژی ڕێکخراوی داعش مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە، پڕچەک کراون و هاوئاهەنگی فەرمییان لەگەڵدا کراوە.

ئەگەر پێشمەرگە «میلیشیا» بووایە، چۆن دەبوو بە هاوبەشێکی سەربازی جێگای متمانەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی؟ چۆن لە ناو سیستمی ئەمنی عێراقی و نێودەوڵەتیدا دانی پێدا دەنرا؟ چۆن بۆ ڕۆڵی لە پاراستنی مەدەنییەکان و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تیرۆردا ئەم ڕێزە جیهانییەی بەدەست دەهێنا؟

کۆتایی
ئەو ڕاستییەی کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت ئەوەیە، کە پێشمەرگە نوێنەرایەتی مێژووی گەلێک، دۆزی نەتەوەیەک و دامەزراوەیەکی دەستووری دەکات، کە بە حوکمی یاسا هەیە. لە کاتێکدا میلیشیا ڕاستەقینەکان ئەوانەن، کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت و دەستووردا کار دەکەن، ئیرادەی خۆیان بە هێزی چەک بەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دەسەپێنن، بڕیاری ئەمنی و سیاسی بەبێ شەرعیەت قۆرخ دەکەن. بۆیە، هەر هەوڵێک بۆ لێسەندنەوەی شەرعیەت لە هێزەکانی پێشمەرگە، تەنیا هەوڵێکی سیاسییە بۆ لێدانی بنەماکانی فیدراڵییەتی عێراق، نکۆڵیکردنە لە هاوبەشی دەستووری، پێشێلکردنی مێژوویەکی درێژی ئەو قوربانیانەیە، کە گەلی کورد لە پێناو بەرگریکردن لە ئازادی و ئازادیخوازان لە عێراق و ناوچەکەدا پێشکەشی کردووە.

کاتێک دەوڵەتی هاووڵاتیبوونی تەواو دێتە دی و سەرجەم ماددەکانی دەستووری عێراق جێبەجێ دەکرێن، لەوانەش ماددەی (140)، سوپایەکی نیشتمانی یەکگرتوو دادەمەزرێت، کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق بە دادپەروەری و هاوسەنگی بکات؛ ئەو کاتە دەکرێت هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پێکهاتە سەربازییەکاندا (فەیلەق، فیرقە، لیوا و پێکهاتەکان) تایبەت بە پاراستنی هەرێمی کوردستان ڕێکبخرێن، کە بە وەزارەتی پێشمەرگە لە حکوومەتی هەرێمەوە ببەسترێنەوە و لەژێر سەرپەرشتیی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندا بن، لەگەڵ دابینکردنی پێداویستی، مەشق و پڕچەککردنیان لەلایەن وەزارەتی بەرگری عێراقەوە، تا ببنە هێزێکی پارێزەر بۆ هەرێم بە هەموو پێکهاتەکانیەوە لە کچ و کوڕانی کورد، تورکمان، عەرەب، سریان، کلدان، ئێزیدی و ئەوانی دی، لە چوارچێوەی هاوبەشی نیشتمانی و دەستووری فیدراڵیدا.

بۆیه‌ پێشمەرگە تەنیا هێزێکی سەربازی نییە، بەڵکوو بۆ پاراستن لەو مەترسییانەی، کە ڕوویان لە هەرێم بەتایبەتی و عێراق بەگشتی کردووە و دەکەن. هێزێکی بەرگرییە.