ڕەهەندە نیشتمانییەکانی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی

165

عارف ڕوشدی
هەموومان وەها ڕاهاتووین، كە پەیامی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، تەنیا گوتارێکی سیاسیی کاتی نەبووە و نییە، بەڵکوو هەمیشە نەخشەڕێگەیەکی ڕوونی کوردایەتی، نیشتمانپەروەری و ستراتیژێکی باڵا بووە بۆ پاراستنی خواستەکانی گەل و سەروەریی خاکی کوردستان و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان. دوایین پەیامی سەرۆك بارزانی ئەگەرچی لە جەوهەردا، بەرزڕاگرتن و دڵسۆزییەکی بێپایانە بۆ خوێنی ئاڵی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و سەرفرازیی کوردستان، کە بەها و ناسنامەی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان پێکدەهێنن، هاوكات بانگەوازێكیشە بۆ یەكڕیزیی و تەبایی.

لە کەس شاراوە نییە کە ئێستا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو جەرگەی ململانێیەکی قورسی سیاسی، سەربازی و ئابووریدایە. لایەنە بەشداربووەکانی ئەم هاوکێشەیە هەریەکەیان خاوەن دەوڵەت و بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆیانن. وانە مێژووییەکان پێمان دەڵێن، کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە مەیدانی بەریەککەوتنی بەرژەوەندیی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکاندا، زۆرجار ڕووبەڕووی زیان و پاشەکشەی گەورە بووەتەوە. نزیکترین و زەقترین نموونەش، ڕێککەوتننامەی شومی (6)ـی ئاداری ساڵی 1975ـی ناسراو بە (ڕێککەوتنی جەزائیر) بوو لە نێوان ڕژێمی بەعسی عێراق و شای ئێران، کە دەرئەنجامەکەی گەلەکۆمەکێ بوو دژ بە شۆڕشی گەلەکەمان.

ئەمڕۆش، لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان بەهۆی پێشێلکردنی دەستوور و بازدان بەسەر ماف و شایستە یاساییەکانیدا، لەلایەن باڵادەستەكانی بەغداوە لەبەردەم پیلان و گرفتی بەردەوامدایە، هیچ ئەگەرێكی نەخوازراو لەو عەقڵیەتە شۆڤینییە باڵادەستەی ئێستای عێراق بەدوور نازانرێت، بۆیە یەکڕیزیی ناوخۆیی دەبێتە پێویستییەکی حەتمی و بەدەمەوەچوونی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ پەیامەكەی سەرۆك بارزانی، تەنیا بژاردەیەک نییە، بەڵکوو جێبەجێکردنی پابەندییەکی نیشتمانی، نەتەوەیی و ویژدانییە. پێویستە بە هەڵوێستێکی یەکگرتووی کوردستانییانە، ڕێگری لە هەر پیلان و زێدەڕۆییەک بکرێت، کە پێگە یاسایی و سیاسییەکەی هەرێم و دەستکەوتە مێژووییەکانی جەماوەرەکەمان بکاتە ئامانج.

بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە باڵایە و نەهێشتنی هیچ بیانوویەک بەدەست ناحەزانەوە، پێویستە چیتر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوانەخرێت. ڕاگرتن یان دواخستنی ئەم پرۆسە یاساییانە دەبێتە چەکێک دژ بە سەروەریی گەلەکەمان. هەر لایەنێک لە چوارچێوەی تێڕوانینی بەرتەنگی خواستە کەسی و حزبییەکانی خۆیدا نەیەتە ژێر باری ئەم داوا نیشتمانییەی لە پەیامەكەی سەرۆك بارزانیدا هاتووە، پێش هەر شتێک بێڕێزیی بەرانبەر بە مێژووی پڕ لە نەهامەتیی گەلەکەمان، خوێنی شەهیدان و متمانەی دەنگدەرانی خۆی کردووە.

ئەوەی ئەمڕۆ دروست و ڕەوا و دیموکراتیانەیە، ئەوەیە کە سەرجەم هێزە سیاسییەکان قایل و هاوکاربن بەو پێگە و قەبارەیەی، کە دەنگدەران لە پرۆسەی دیموکراسیدا پێیان بەخشیون. کاتی ئەوە هاتووە هەمووان پێکەوە شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتیی مێژوویی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی ئەم قۆناغە هەستیار و جەنجاڵە، تا بتوانرێت کاروانی ئاوەدانکردنەوە، گەشەپێدان و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بەرەو ئاستێکی باڵاتر و گەشاوەتر ببرێت و قەوارەكەیش لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراو پارێزراو بمێنێتەوە.