ئەوانەی بۆ كورد لە بۆسەدان

131

كامل سەلمان
هەر هەڵەیەك یان هەر كەموركوڕییەك، بە ئەنقەست بێت یان نا، كەلە لایەن كەسێكی كوردەوە لە هەر شوێنێكی جیهان ئەنجام بدرێت، تەواوی گەلی كورد و كوردستان و ئاڵای كوردستان، دەبنە ئامانجێكی ڕێگەپێدراو بۆ تانەوتەشەر و سووكایەتی لە لایەن داخ لەدڵانی كوردەوە، دەبینین جامی ڕق و كینە بەسەر كورددا دەڕژێن و زێرابی قسەی ناشرین و هەموو جۆرە كینەیەكی شاراوەی ناو دڵەكان و ڕقی درێژخایەن دژ بە گەلی كورد دەكرێنەوە، دوای ئەوەی تەوژمی تووڕەیی و ژەهری قەتیسماوی ناو دڵەكانیان خاڵی دەكەنەوە، هەندێكیان بە شەرمنانە دێن و دەڵێن: هیچ جیاوازییەك لە نێوانماندا نییە و ئێمە براین، گەورەكانمان ڕایانەسپاردووین، سۆزمان بۆ برا كوردەكانمان هەبێت؛ وەك ئەوەی گەلی كورد منداڵێكی هەتیوی سەر شەقامەكان بێت و چاوەڕێی سۆز و بەزەیی ئەم لادەرانە بێت.
ئەمە هەر جارێك ڕوو دەدات، ئەگەر كەسێك بڵێ كوردم و لەخۆیەوە و بە پاڵنەری نەزانراوەوە سووكایەتی بە ئاڵای عێراق، یان ئایین یان مەزهەب بكات، هەموو كورد دەكەونە ژێر چەپۆكەوە. كەی دوژمنانی كورد لەم گرێ و نەخۆشییە دەروونییانە ڕزگاریان دەبێت، هۆشیان دێتەوە و لەوە دەگەن، كورد گەل و نەتەوەیەكی دێرینە، نەك كۆمەڵە كەسێكی سەرلێشێواو، وەك ئەوەی داخ لەدڵان وێنایان دەكەن.
وڵاتانی دەوروبەری كوردستان باش دەزانن، كەوا باشترین هونەرمەند، زانا، وەرزشوان، سیاسەتمەدار، نووسەر، ڕۆشنبیر، ئەدیب و بازرگانەكانیان لە ڕۆڵەكانی گەلی كوردن، بەوانەوە ئاڵای ئەو وڵاتانە بەرز كراوەتەوە و بەوانەوە ناوبانگی ئەو دەوڵەتانە گەشایەوە و سروود و مارشە نیشتیمانییەكان لە كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكاندا دەنگی داوەتەوە، ئەی بۆچی نكۆڵی لەم هەموو چاكەیە دەكەن، كە گەلی كورد بە خۆشەویستی و پەرۆشییەوە بۆ خاك، پەیمان و ڕەوشت پێشكەشیان دەكات؟ ئایا تەنها یەك شتی پێچەوانە، شایەنی ئەم هەموو تانەوتەشەرانەیە لە كورد؟ ئایا كەسێكیان لە خۆی پرسیوە، بۆچی كورد هەمان ڕێبازی ناڕەوشتانەی دوژمنەكانی نەگرتووەتە بەر و پەنای بۆ هەمان شێوازی چەپەڵی جنێودان و نەفرەتكردن نەبردووە، كاتێك سووكایەتی بە كورد دەكرێت، هەرچەندە ئەمە ساڵانە دەیان جار ڕوودەداتەوە؟
چونكە كورد بە سادەیی، هەموو جارێك بۆ ئەوانی تری دەسەلمێنێت، پاكیی ئەم گەلە مەزنە بە هیچ شێوەیەك بە پیسی و چەپەڵی ئەوانەی دوژمنایەتی دەكەن، بەراورد ناكرێت. نامەوێ بەرگریی لە كورد بكەم وەکو نەتەوە، چونكە مێژوو و ئێستای كورد و دەستی باڵای ناسراویان بۆ هەمووان، خۆیان دێنەگۆ و بەرگرییان لێ دەكەن، هەروەها نامەوێ وەڵامی نەفامەكان بدەمەوە، كە لە هەموو بۆنەیەكدا بۆ كورد لە بۆسەدان، چونكە وەڵامدانەوەیان خۆ بە كەم زانینە، بەڵكو ئەمە پەیامێكە بۆ هەموو عێراقییەكان و گەلانی دراوسێ، چ دوژمن بێت یان دۆست، بەبیرهێنانەوەشە بۆ هەمووان، كەوا كورد شانازییە بۆ هەموو گەلانی ناوچەكە، هەمووانیش دەزانن، كورد شوێنپەنجەی بەسەر شارستانیەت و پێشكەوتنی ئەم وڵاتانەدا هەیە، هەر هەنگاوێكیش بهاوێژن، پێگەی ئەم گەلانە بەرز دەكەنەوە، هەر كەسێكیش نكۆڵی لەوە بكات، مرۆڤێكی نەزانە و پێویستی بە فێربوونە. ئایا پاداشتی ئەم هەموو بەخشندەییە، تانەوتەشەر و سووكایەتییە؟
كورد ڕۆژێك لە ڕۆژان دوژمنی كەس نەبووە، بانگەوازكەری شەڕ نەبووە، نیشتمانیشی نە بە پارە و نە بە بیروباوەڕی ئایینی و مەزهەبی نەفرۆشتووە و دەستەكانیشی بە تیرۆر پیس نەكردووە، گەلێكی ئاوا شایەنی سووكایەتی نییە، هەمیشە هیوامان بە ژیرەكان بووە، بەرپەرچی ئەو مشەخۆرانە بدەنەوە، كە بە خراپە باسی كورد دەكەن، چونكە لە ئاشووب و ڕق و كینە بێزار بووین؛ تاكو ئێستاش شارەكانی كوردستان، بەدەست ئازاری برینەكانی چەكی كیمیاوی، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەكە هەڕەمەكییەكان دەناڵێنن، كە چاوەڕێی ڕادەی ڕق و كینەی ناو دڵی بەدكارانن، هەر كاتێك لە پاشماوەكانی ڕابردووی پڕ لە ئازاریش نزیك دەبینەوە، شەپۆلێك لە ئازارمان بۆ دێت، تاكو بۆ سەردەمی بێسەروبەری بمانگەڕێنێتەوە. خودا لەو كەسە خۆش بێت، كە بانگەشە بۆ خۆشەویستی، برایەتی و ڕەتكردنەوەی ڕق و ڕەگەزپەرستی دەكات و فرسەندی مافی كوردی، لە دەربڕینی خۆیان كردووە، وەكو چۆن مافی هەموو مرۆڤەكانە.
و: ڕەمزی میرەكانی