بایۆسایكۆلۆژیای هاوسۆزیی كورد بۆ رۆژئاوا

142

د. نەسرەدین ئیبراهیم گۆلی*
جەنابی سەرۆك بارزانی لە هەوڵە دیپلۆماسییەكانی خۆی لە دەستپێكی قەیرانی رۆژئاوای كوردستان لە ڤاتیكان و ئیتالیا لە پێناو دۆزینەوەی رێگە چارەیه‌ك بۆ ئەم قەیرانە بە كەمترین زیان نموونەی بەرزی هاوسۆزی (empathy) بوو بۆ میللەتێكی ستەملێكراو، كە پێدەچوو جارێكی دیكە لە سەر دەستی نەیارانی خەریك بوو ئەنفالێكی دیكەی بەسەردا بێ‌. لە بەردەوامی هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆڕبەندی داڤۆس، ئینجا یەكدەنگی گەلی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان لە ئاست ئەم رووداوە، تەنانەت كوردانی دیاسپۆرا، هەموویان جگە لەو چەمكەی كە گرێگ دی. كاروسۆ (Gregg D. Caruso) ، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بواری فەلسەفە لە زانكۆكانی بەریتانیا، بەناوی “تووڕەبوونی ئەخلاقی” ناوی دەبات، یەكدەنگی و یەك هەڵوێستییەك بوو زانایانی وەك پرۆفیسۆر دكتۆر تەقی كیمیایی ئەسەدی، پسپۆری مێش و دەمارەكان لە زانكۆكانی ئەمریكا بەناوی هاوسۆزی ناو دەبات و هەموویان بە یەكەوە بوونە ئەگەر و هەوێنی گۆڕینی سیناریۆیەكان و هاتنە سەر هێڵی دواتری سیاسەتوانانی ئەمریكا و ئەوروپییەكان و پشتگیرییان بۆ دۆزی رەوای كورد لەو پارچەیەی كوردستان. و ئەو رووداوە لووتكەی بەرزی ئاستی هاوسۆزیی نەتەوەی كورد و وەرچەرخانێك بوو لە سایكۆلۆژیای كۆمەڵایەتی تاكی كوردی بۆ بەشێكی كوردستان، هەر بۆیەش لە جێگەی خۆیەتی لەم گۆتارە دا شرۆڤەیەكی بایۆسایكۆلۆی بۆ هاوسۆزی و كاریگەرییەكانی لە سەر ئەم رەفتار و داهاتوەكانی دواتری بكەین.
پرۆفیسۆر ئەسەدی، لە بەرهەمە بەپێزەكانی خۆیدا هاوسۆزی بە یەكێك لە هێزە بنەڕەتی و بنچینەییەكانی دروستبوونی كۆمەڵگەكانی مرۆڤایەتی و گیانەوەرانی ئاست بەرز هەژماردەكات. ئەو پێیوایە كە لەگەڵ گەشەی مێشكی مرۆڤ لە قۆناغە جیاوازەكانی خۆیدا بەپێی بنەماكانی تیۆریی پەرەسەندنی داروینیدا (Darwin Evolutionary theory) پەروەردەی كۆمەڵایەتی بە شێوەیەك روودەدات، كە جیاوازیی نێوان تاك و كەسانی دیكە و دەركپێكردنی هەلومەرجەكان دەبن بە هەوێنی حاڵەتەكانی هەیەجانی، و ئەو هەیەجاناتە دواتر گۆڕینیان بەسەردا دێت، و دەبن بە هاوسۆزی. كەواتە هاوسۆزی دیاردەیەكی بایۆ-كۆمەڵایەتییە و كاریگەری بە سەر مانەوەی و مرۆڤ و گیانەوەرانی كە بە پێی ئەم بیردۆزە بایۆلۆجیەن مەحكومكراوە بەكۆمەڵایەتیبوون، چونكە رێگەیان پێدەدات كە پەیوەندییەكی راستەوخۆ لەگەڵ هەیەجانەكانی خەڵكانی دیكەدا دروست بكەن، وەكوو ئەوەی لە لایەن تاكی كوردی لە هەموو پارچەكانی كوردستان بەرامبەر رۆژئاوا دروست بوو جگە لە رۆژهەڵاتی كوردستان كە خۆی بە قەیران و بارودۆخێكی تایبەتدا تێپەڕ دەبێ‌ و ئەو تواناییە و شیایستەییەیە بۆ مەبەستی بەڕێوەبردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی وەكوو چالاكییە هەماهەنگەكان، هاوكاری بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەكان كە لە نموونەی رۆژئاوادا رزگاركردنی گەلێكی ستەملێكراو بوو لە ئەنفالێكی قێزەونی دیك، و چاودێریكردنی كەسانی دیكە لە لایەنی جێنێتیكی و ژیانەوەیی بە گرنگ و پێویست دەزانرێ‌. نموونەكانی تاقیگەیی لە توێژینەوەكانی زانستی پێشانی داوە كە ئەگەر شۆكێكی كارەبایی لە مشكێكی تاقیگەیی بدرێت، مشكەكەی دیكەی تەنیشتی بۆ وەرگرتنی خۆراك لە هەمان ئەو سەرچاوەیەی كە شۆكەكەی لێ‌ هاتووەتە ئاراوە، دوورەپەرێزی هەڵدەبژێرێ‌ و دەترسێ‌ و تا كاتی مردنیشی نزیكی خواردن لەو سەرچاوەیە نابێ‌. لە توێژینەوەیەكی دیكەدا دەركەوتووە كە شەمپانزێیەكان لە كاردانەوەیەكی خۆپارێزییانەیان بۆ كۆمەڵێك وێنەی شەمپانزێیەكانی دیكە كە لە كاتی ترسانیان لە بابەتێكی دیاریكراودا گیراون، دەبێ‌ و هاوسۆزی لە گیانەوەراندا گۆڕانكاری بەسەر دا هاتووە و مێژوویەكی چەندین ملیۆن ساڵانەی هەیە. دۆلفینەكانیش ئەو تواناییەیان هەیە. بەواتایەكی دیكە هاوسۆزیش وەك دیاردەكانی دیكەی گۆی زەوی بەرهەمی گۆڕانكارییە پەیتاپەیتاكانی جیهانن، كە ملیۆنان ساڵیان بەسەردا تێپەڕ بووە، تاوەكو لەسەردەمی ئێستاماندا بەو شێوەیەی كە هەیە جێگیر بووە. وەك دیارە و بەپێی بیردۆزەكەی داروین هەموو گیانەوەرە زیندووەكانی ئەم جیهانە لە بەرەبابێكی هاوبەش هاتوونەتە ئاراوە و بە تێپەڕبوونی ملیۆنان ساڵ لق و پۆپی جیاوازی ئاڵۆزتری لێ‌ پەیدا بووە. بەڵام لەوانەیە لێرەدا ئەم پرسیارە بێتە مێشكی خوێنەر كە چۆن و چ پەیوەندیی بە هاوسۆزی بە گشتی و نموونەی هاوسۆزیی ئەو ماوەیەی میللەتی كورد بەرامبەر براكانی خۆیان لە بەشێكی دیكەی كوردستان هاتووەتە ئاراوە؟
داروین پێیوایە كە لە هەر كۆمەڵێك لە بوونەوەرەكاندا زۆر جۆری جیاوازی بوونیان هەیە و هەندێ‌ لەم جیاوازییانە بۆ مانەوە و زاوزێ‌ بە پێویست و گرنگ دەزاندرێن. بە واتایەكی دیكە بوونی ئەو جۆرە جیاوازییانە لە پێناو زاوزێ‌ و هێنانەوەی جینەكان پێویستن، بەڵام ئەوانەی، كە توانایی خۆگونجاندنیان لەگەڵ ژینگەی سرووشتی و كۆمەڵایەتی لاوازە یان هەر نیەتی شانس و ئەگەری لەنێوچوونیان زیاترە و ئەوە هەمان ئەو دیاردەیەیە كە داروین بە ناوی ( هەڵبژاردنی سرووشتی) ناوزەدی دەكات. بێگومان تیۆری داروین لە ئێستادا باشترین وەڵام و چارەسەری یەكلاكەرەوەیە كە دوای هەزاران ساڵ لە وێڵی و سەرگەردانبوونی مرۆڤ بەدوای راستییەكان و پرسیارە لەبن نەهاتووەكانی خۆی، پێگەیشتووە و لەو نێوانەشدا بەهەمان شێوە بۆ هاوسۆزی. بە پێی تیۆرەكەی داروین هەندێ‌ شت، لە یەكەم دیتندا وەك شتێكی بێكەڵك دەبینرێ‌، بۆ نموونە كلكی تاووس كە قوورساییەكەی زیاتر دەكات و بۆ راوكردنی لە لایەن گیانەوەرانی دیكە ئاسانتری لێدەكات، بەڵام لە راستیدا بۆ ڕاكێشانی مێینەی ئەم باڵندەیە بە پێویست دەزاندرێ‌، هەر بۆیەش ماوەتەوە و لە میانەی گۆڕانكارییەكانی پەرەسەندنی تیۆری داروینیدا لەنێو نەچووە. بە هەمان شێوە مێشكی مرۆڤیش بەم شێوەیە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، كە هەندێ‌ لەو بابەتانەی كە بە مێشكەوە گرێدراون، و لەوانەشە توانایی هاوسۆزی، لە مرۆڤ و گیانەوەرانی ئاست بڵندتردا ماونەتەوە. چونكە ئەنجامی ئەرێنی و باشی هەبووە. هاوسۆزی لە بەرژەوەندی تاك و گرووپدایە. بەواتایەكی دیكە ئەو گرووپانەی كە هاوسۆزییان لەنێودا هەبووە، پەیوەندییەكانی نێوانیان زیاتر بووە و مانەوەیان ئاسانتر و مسۆگەرتر كردووە و بە هەمان ئەندازەش لە بەرژەوەندی جینەكانیان بووە و مەیلی جینەكان (genes) بۆ مانەوە و بڵاوبوونەوەیان زیاتر كردووە. ئەو هۆز و میللەتانەی كە هاوسۆزی لە نێویاندا لە ئاستێكی بەرزتر دا بووە زیاتر هاوكاری یەكتریان كردووە و لە میانەی ململانێ‌ و ركابەرایەتی خۆیان لەگەڵ گرووپ و هۆزەكانی دیكەدا بەهێزتر دەركەوتوون و شانسی مانەوەی خۆیانیان زیاتر كردووە. نابێ‌ لێرەدا رۆڵی ئەزموونەكانی رابردووش لە یاد بكرێن. مرۆڤ بۆ مانەوەی خۆی پێویستی بە ئەزموونی پڕاكتیكی نەوەكانی پێش خۆیان هەیە. ئەوانەی كە زیاتر گرنگی بە ئەزموونی نەوەكانی پێش خۆیان دەدەن و گوێڕایەڵی ئەوان دەكەن، شانسی زیندوو مانەوەیان زیاتر دەبێ‌. نموونەشی میللەتی كوردە كە لە هەزران ساڵی رابردوودا بە ئەزموونی زۆر تاڵدا تێپەڕیون و سەركردە و رێبەرەكانیان، بۆ نموونە بارزانی نەمر، هەمیشە ئامۆژگاری یەكڕیزی و تەبایی میللەتی خۆیان كردووە و بە كردەوەش ئەو كارەی ئەنجامداوە و لە چەندین نموونەی زیندووی مێژووییدا وەك نموونە ژوون بۆ كۆماری مهاباد و یارمەتیدانی ئەو كۆمارە ساوایە و پاراستنی دەستكەوتەكانی لە لایەن بارزانی نەمر و پێشمەرگەكانی، و یان نموونەی ناردنی پێشمەرگەی كوردستان بۆ بەرگری لە كۆبانێ‌ لە دژی داگیركەرانی تاریكپەرستی داعش و چەندەها نموونەی دیكە بەشێكن لەو رەفتارەی كورد لە مێژوودا.
ریچارد داوكینز (Richard Dawkins)، زانای بایۆلۆجی بەریتانی، لە بەرهەمەكانی خۆیدا لەو بڕوایەدایە كە هاوسۆزی دیاردەیەكی خۆبڵاوكاری كولتووری و فەرهەنگییە. ئەو پێیوایە كە هەندێ‌ لە بیروباوەڕە كۆمەڵایەتییەكان وەك جین رەفتار دەكەن، واتە مەیلیان بۆ مانەوە هەیە و لە زێهنێك بۆ ئەوەی دیكەیان دەگوازرێتەوە و تەنانەت لە نێو نەوەكاندا دەمێننەوە و وەك نموونە سروودە نیشتمانییەكانی حەماس یان كولتووری، و ناوی لە مۆدێل و نموونانەی میم (meme)، كە هەندێكیان مەیلێكی زیاتریان بۆ سەر لە نوێ‌ زیادبوونیان هەیە، چونكە زووتر پەسند دەكرێن یان باوەڕكردنیان خێراتر روودەدات و خێراتر دەگوازرێنەوە بۆ نەوەكانی دیكە. هەمان ئەو حەماسەتەی كە بە هۆی گواستنەوەی ئەدەبیاتی كۆمەڵایەتی و قارەمانێتی باب و باپیرانمان لە شۆڕەش و راپەرینەكانی پێشووتری ئێمە لە ئێستادا كاریگەری هەبووە لە سەر تاكی كوردی و لەو نموونەی رۆژئاوادا دیتمان كە چینی گەنج بەو پەڕی جۆش و خرۆشەوە لە ریزەكانی پێشەوەی خۆپێشاندانەكان بوون و بە نێر و مێ‌، بەو پەڕی حەماسەتەوە بەشدارییان لە رووداوێكی مێژووییدا كرد، كە بە بۆێرییەوە دەتوانرێ‌ ناوی لێبنرێ‌ شۆڕەشی گەنجانی نەوەی ژیری دەستكرد لە چەرخی بیست و یەكەمدا، كە بەرزترین ئاستەكانی گەشەی سایكۆلۆژیای كۆمەڵایەتی و بەتایبەت دیاردەی هاوسۆزی لەخۆدەگرێ‌. ئەو رەفتارە وەرچەرخانێك بوو و دوور بوو لە چاوەڕوانییەكان و ئەو تۆمەتانەی كە ئاراستەی نەوەی گەنجی كوردستان دەكرا كە دوورن لە بەها كوردەوارییەكان و لەژێر كاریگەری سۆشیالمیدیا و یان پیلانی دوژمنان و نەیاران بە نەوەیەكی نەبەرپرسیار بەرامبەر نیشتمانی خۆیان بانگەشەی لە دژ كرا بوو و لە قەڵم درابوون، و لە جێگەی خۆیەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو سۆنگەیەوە بایەخی زیاتر بەو گەنجە نێشتمانپەروەرانە بدات و زەمینەیەكی لەباریان بۆ بڕەخسێنێ‌ تا زیاتر لە جاران لە گەشەسەندن و خزمەتكردن بە كۆمەڵگەی كوردستان سوود لە وزە و حەماسەتیان وەربگیرێت.
داوكینز لە بەردەوامی بایەخدان بەو لایەنە پێیوایە كە كۆمەڵێك لە “میم”ـە بەیەكەگرێدراوەكان دەتوانن بە یەكەوە سیستمێكی ئاڵۆزتر و كاراتر دروست بكەن و بێننە ئاراوە، كە هاوسۆزی یەكێكە لەو سیستمانە. داوكینز وای بۆدەچێ‌ كە زۆرێك لە تایبه‌تەمەندییە ئەخلاقییەكان، و لەوانەیش هاوسۆزی دەتوانن سەرچاوەیەكی پەرەسەندنیان هەبووبێ‌. ئەو نایشارێتەوە كە راستە كە جینەكان بە پێی سرووشتی خۆیان خۆپەرستن و مەیلێكی بەهێزیان بۆ مانەوە هەیە، بەڵام لە هەمانكاتدا جینەكان هەندێ‌ جار ناچارن كە كاری چاك، و نموونەشی هەمان هاوسۆزی، ئەنجام بدەن، تاوەكو بە هۆیەوە شانسی مانەوەی خۆیان زیاتر و بەرزتر بكەن، و نموونەشی چاكەیە كە لەگەڵ دۆستان و كەسوكار و هاونیشتیمانی و هاونەتەوەكان و منداڵانی خۆیانن، تا بەهۆیەوە شانسی خۆیان زیاتر بكەن. لە راستیدا لە نێو مرۆڤەكان، تەنانەت گیانەوەرانیش، مەیلێكی بەهێز هەیە كە چاودێری منداڵان و كەسوكار و هاونەتەوەكانی خۆیان بكەن و سەرچاوەكانی بژێوی ژیان لەگەڵیاندا دابەش بكەن، هەمان ئەو هاوكارییانەی كە خەڵكی كوردستان بۆ لێقەوماوانی رۆژئاوا كۆیان كرد و لە رێگەی سەدان بارهەڵگر و بە هاوكاری دەزگای خێرخوازی بارزانی گەیێنرانە رۆژئاوا. بە پێی بیروبۆچوونەكانی داوكینز و لە سەر بنەمای تیۆری داروین، هۆكاری سەرەكیی ئەم چاكەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەموو ئەوان خاوەن جینی هاوبەشن، و تەنانەت ئەو دیاردەیەكی لەنێو جۆرە جیاوازەكانی گیانەوەرانیش دەبینرێت و ئەوەش دیوێكی هاوسۆزییە. بە واتایەكی دیكە هاوسۆزی بەرهەمی پرۆسێسی پەرەسەندنە و هیچ سەرچاوەیەكی دیكەی جگە لەمە بۆی نایەتە خەیاڵمان. نابێ‌ ئەوەش لە بیر بكەین كە وێڕای گەشەسەندنی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی گۆی زەوی، بەڵام هێشتان بە جۆرێك لە جۆرەكان هاوسۆزی لە نێو میللەتانی دیكەی دوور لە یەكتریش بوونی هەیە و هەستی پێدەكرێت، بەڵام بێگومان وەك ئەوە نییە كە نەتەوەیەك هەمان رەفتار بۆ هاونەتەوەكانی خۆی ئەنجام بدات.
داوكینز هەروەها لەو بڕوایەدایە كە ئەخلاقی مرۆڤەكان، و نموونەشی هەمان هاوسۆزی، لە سەرچاوەی وەك دیدگەكانی ئەخلاقی سەردەمی خۆی پەیدا دەبن، كە هۆكارەكەی بۆ لایەنی ویژدانی و پێوەرە ئەخلاقییە هاوبەش و گفتگو و زانستی مرۆڤایەتی دەگەڕێتەوە، لە كاتێكدا كە بێ‌ ئەخلاقی و لەوانەشە ستەم و زۆڵمكردن لە گەل و نەتەوەكانی دیكە بەرهەمی جیهانبینی تەسك و سنوورداری خاوەنەكانیەتی، كە بە داخەوە بەشێكی زۆری بۆ پەروەردەیەكی نەشیاو و نەگونجاوی باو لەنێو ئەو كۆمەڵگە و نەتەوانە دەگەڕێتەوە كە هەر لە منداڵییەوە دەرخواردی نەوەكانی خۆیان دەدەن و بۆ رەفتاری دەمارگرژانە و تووندڕۆیانەی دواتر زەمینەیان بۆ خۆش دەكەن، كە بەداخەوە كارەساتی نالەباری وەك ئەنفالەكانی میللەتی كورد بەشێكن لە ئەنجام و لێكەوتە خراپ و ماڵوێرانەرەكانی. نیكۆلاس هامفێری (Nicholas Hamphery)، سایكۆلۆیستی پسپۆری دەمارەكان لە بەریتانیا، پێیوایە كە نابێ‌ زێهن و مێشكی مداڵان بە خوڕافات سنووردار بكرێ‌، و بە هەمان ئەندازەی كە دایك و باوكان مافیان نییە كە زیانی جەستەیی بە منداڵانیان بگەینن، بە هەمان ئەندازەش راهێنانی منداڵان لەسەر بنەمای خورافات و هزری دۆگمایی و دەمارگیرانەش وەك تاوانێكی كولتووری و فەرهەنگی لەقەڵەم دەدات. چونكە وەك روون و ئاشكرایە تاوانەكانی دواتری ئەم پەروەردەیە هیچ كات قەرەبوو ناكرێن و ئاسەوارە خراپەكانی نەك تەنها لە نێو نەوەیەك بەڵكو بۆ سەدان نەوەی دیكەش دەگوازرێتەوە و هەمیشە هەستێكی ناخۆش و تاڵی سایكۆلۆژی و كۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێ‌. بەپێچەوانەوە ئەو پێیوایە كە هاوسۆزی رەفتار و كردەوەیەكی ئەخلاقییە و دەبێ‌ بە پەروەردە و فێركردنێكی گونجاو لە نێو خێزان و دامەزراوە پەروەردەییەكاندا پەرەی پێبدرێت، و لە جیاتی پەروەردەی خۆرافات و چەمكە نامۆ و دژەمرۆییەكان، زانست، هۆنەر، خۆشەویستی بۆ ژیان و مرۆڤایەتی فێری منداڵان بكرێن، تا لەسەر بنەمایان وا پێبگەیێنرێن كە لە داهاتوودا دڕندەی وەكو داعشیان لێ‌ نەیەتە ئاراوە. پەروەردەیەكی تەندروست بۆ ئەو كۆمەڵگە نەخۆشانەی كە منداڵەكانیان لەسەر بنەمای دژایەتی و دڕندایەتی بەرامبەر بە كولتوور و فەرهەنگ و نەتەوەكانی دیكە رادەهێنن، باشترین چارەسەر، تەنها لە سەر بنەمای ئەو پەروەردەیەیە، كە تاكەكان دەتوانن هەست بە بەرپرسیارەتی بكەن بەرامبەر رەفتارەكانی خۆیان و بگەنە بەرزترین ئاستی هاوسۆزی نەك تەنها بۆ هاووڵاتیانی خۆیان بەڵكو بۆ ئەو نەتەوانەی كە هەندێ‌ كەسی نابەرپرسیار پێشتر ئەوانیان بە لە ئایین لادراو و ناو و ناتۆرەی لەو جۆرە ئەدەبیاتە نابرپرسیارانە راهێناوە. لە قۆناغی مەترسیداری كە ئێستا ناوچە و جیهان پێیایدا تێپەڕ دەبێ‌ تەنها رێگەی چارەسەری فێركردنی تاكەكانی كۆمەڵگەیە لە سەر بنەمای هاوسۆزی و خۆشەویستی بۆ یەكتر و بێگانە و جیاوازییەكان و بنەما سایكۆلۆژی و كۆمەڵایەتییەکان، كە لەگەڵ بنەماكانی لۆژیك، زانست و عەقڵانیەت بگونجێن، نەوەك بەرهەمی كولتوور و فەرهەنگ و سەرچاوەكانی پڕ لە خۆرافات و تووندوتیژی و دەمارگرژی بن. تەنها ئەوەیە كە دەتوانێ‌ مانەوەی مرۆڤایەتی گەرەنتی و مسۆگەر بكات و لە لەنێوچوون بیپارێزێ‌.
و ئەم پەروەردەیە زیاتر لە هەر كاتێك و سەردەمێك و نەتەوەیەك بۆ خودی كورد بە پێویستییەكی لە پێشینە هەژماردەكرێت، چونكە ئێمەی كورد زیاتر لە هەر نەتەوەیەك لە ناوچەكەدا هەست بە هەڕەشەكانی سەر بوون و شوناسی خۆمان دەكەین و كەس ئەوەندەی كورد نەبووەتە قوربانیی لەدەستدانی هێز و وزەی هاوسۆزی، و دەبێ‌ لەو قۆناغەشدا بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە میللەتی كورد و بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی قووڵایی ستراتژی كورد بن و بە هەستێكی پڕ لە دڵسۆزییەوە بیر لە رابردووی تاڵی خۆمان بكەین و بە وەبیرهێنانەوەی هەموو ئەو تراژیدیایانە ئاوڕێك لە داهاتووش بدەینەوە و شان بە شانی یەكتر و سازشكردن بۆ یەكتر و پشتبەستن بە ئەزموونی سەركردەكانی خۆمان و بەتایبەتی سەرۆك بارزانی، كە خاوەن پێگەیەكی سیاسیی بەهێزی ناوچەیی و جیهانییە، ئەم قۆناغە سەختەش تێپەڕێنین و بە كەمترین زیان و قوربانی لێی دەربچین و مەشخەڵی رێگەكەمان هاوسۆزی بێ‌، چونكە وەك لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا مانەوەی كورد پەیوستە بە هاوسۆزی بۆ یەكتری و قۆستنەوەی دەرفەت و هەلومەرجەكانی بەردەست بۆ خزمەتی نەتەوەكەمان و پاراستنی دەستكەوتەكانی كە بە بەهای خوێنی هەزاران پێشمەرگەی قارەمان و قوربانی و ئاوارەیی و دەربەدەرین، و بەتایبەت كە ئەمڕۆ دەنگی كورد دەگاتە بەرزترین ناوەندەكانی سیاسیی جیهان، و نموونەشی كۆبوونەوەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە لە رۆژانی دواییدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای جیهان و ئەمریكا و ئەورووپا لە میانەی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشێن.
*پرۆفیسۆری یاریدەدەر/ زانكۆی زاخۆ