
سەدیق سەعید ڕواندزی
ڕەهەندییەكان، گرووپێكی ڕووناكبیری ئەكتیڤی نێو دنیای ڕۆشنبیری ئێمە بوون، كە ئاگایەكی وردوو زۆریان لە بارەی هزر و فەلسەفەی خۆرئاوا هەبوو. ئەم گرووپە، دوای چەند مانگێكی كەم لە ڕاپەڕین، كە هێشتا جۆش و خرۆش و هەناسەی ئازادی دانەمڕكابووە، وە كۆمەڵگەی ئێمە زۆر پێویستی پێیان بوو، بە داخەوە كۆچ دەكەن و دەچنە خۆرئاوا و چەند ساڵێك دواتر، لە میانەی ڕوونكردنەوە و دەرخستنی پاڵنەرەكانی ئەو كۆچە لایان، باسیان لەوە دەكرد كە بە هۆی ئەوەی شەڕی ناوخۆ لە هەرێمەكە هەبوو، هەروەها ژیانیان لە مەترسی دابوو، بۆیە وڵاتیان جێهێشت، لەكاتێكدا هیچ كام لەم دوو پاساوانە، لەكاتی كۆچی ئەوان بوونیان نەبوو.
ئەم گرووپە، دوای ئەوەی دەچنە خۆرئاوا، ئیدی دەكەونە نێو كولتوور و ژینگەیەكی جیاواز و بە قووڵی دەكەونە ژێر كاریگەریەتی هزر و فەلسەفەی خۆرئاوا و لەو پەراوێزەشەوە، لە ڕێی میتۆدی فەیلەسوفان و بە دیدگایەكی مەعریفی و خۆرئاوایانە، هەوڵی ڕاڤەكردنی ڕەهەندە سیاسی و كلتووری و هزرییەكانی كۆمەڵگەی كوردیان داو توانیان بە شێوەیەكی خێرا و دراماتیكی خوێنەر گەلێكی زۆر لە نێوندی ڕۆشنبیریی كوردیدا بە خۆیانەوە سەرقاڵ بكەن و شوناسێك لە جۆری خوێنەرانێك دروست بكەن، كە بە خوێنەری ڕەهەندییەكان دەناسران. گرووپەكە، بە سەرەتایەكی دراماتیكی و گەرمەوە دەستی بەكاركرد، بەڵام بە كۆتایەكی تراژیدیانە و چاوەڕوانكراو، لە بەر یەك هەڵوەشایەوە و ئەو هاوڕێیانەی بۆ ساڵانێكی زۆر نماییندەی دنیای ڕووناكلبیری ئێمەیان دەكرد، لە نێو خۆیاندا كەوتنە كێشە و ململانێی كەسی و سەرەنجام پەیوەندی هاوڕێیەتیشیان نەما، ئەمە لە كاتێكدا خەونی ئەوەیان هەبوو، كۆمەڵگەی كوردی ڕیفۆرم بكەن و بنەماكانی دەوڵەتداریی و سیستەمی حوكمڕانی و ئازادی و مافە بنەڕەتییەكانی تاك بچەسپێنن! لەو سۆنگەیەوە بە قووڵی كەوتنە ڕەخنەگرتن نەك تەنها لە كۆمەڵگەی كوردی، بەڵكو لە میراتی ڕۆژهەڵات بە گشتی و لە ڕووی ئایینی و ئەفسانەیی و ئەدەبی و مەعریفییەوە، بڕوایان وابوو گەر مرۆڤایەتی فەرهەنگێك و مێژووێكی لە داهێنان و فەلسەفە و هزر هەبێت، ئەوا شانازییەكەی بۆ خۆرئاواییەكان و دەگەڕێتەوە، بەمەرجەێك تەنها شارستانیەتێكی وەك نەتەوەی ئێمەی كورد و پەهەلەوی و فارسییەكانیش، هەزاران ساڵ مێژووەكەیان بۆ بەر لە خۆرئاوا دەگەڕێتەوە. ئاگایی هزری ئەم گرووپە و شێوازی نووسین و گوتاری ئاراستەكراویان لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە، عەوداڵبوونی خوێنەر و نەوەی ئەو ساتی كۆمەڵگەی كوردی، بۆ ئەدەب و مەعریفە و ڕۆشنبیریی بەگشتی، وایانكرد كاریگەریەتیەكی گەورە لە سەر دیدگا و جیهانبینی ئەم نەوانە دابنێن و لە پەراوێزی ڕەخنەكانیانەوە، سەرنجی مرۆڤی كورد بە ئاراستەی خۆرئاوا وەچەرخێنن و دەرەنجامیش بەداخەوە نەوەیەكی ڕەتكەرەوە، ڕەشبین و نائومێد لە سەر دەستی ئەوان دروست بوو، كە ئێستاش ئێمە هەر باجەكەی دەدەین! ڕەهەندییەكان هەموو سیاسەت و دەسەڵات و سیستەمیان لە حزبایەتی كورت كردەوەو حزبایەتیشیان بە كوردایەتی ناساند، ئەو كاتیش ململانێ و بەیەك هەڵشاخان و دۆخێكی نەخوازراوی شەڕی ناوخۆ هەبوو، ئەمانە بە سەر یەكەوە زەمینەی ئەوەیان ڕەخساند، كە ئێمە بڕوامان وابێت،حزبایەتی و خۆ بەڕێوەبەری و سیستەم و دەسەڵات و نیشتمان، بەلایەنی كەمەوە لای ئێمە و ڕۆهەڵاتیش بەگشتی مانایەكیان نییە و ئەوەی هەبێت، ئەوا لە كۆمەڵگەی خۆرئاوایی دایە. ڕەهەندییەكان، لە ڕێگەی كارە ئەدەبی و هزرییەكانی خۆیانەوە توانیان خوێنەرگەلێكی زۆر لە دەوری نووسینەكانیان كۆبكەنەوە، بەڵام بێگومان لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، كە كۆمەڵگەیەكی ناهوشیارە و كتێب و كولتووری خوێندنەوەی تیادا غایبە، ئەوا ڕۆڵی نووسەران و ڕووناكبیران هەر تەنها لەوەدا شوێن و جێگەی خۆی ناگرێت، كە چی دەنووسن و چی دەڵێن، لەوە گرنگتر ئەوەیە، كە بە چ زمانێك، ئەو پەیوەندییە دروست دەكەن و ئەو كاریگەریەتە جێدیڵێن.
لەو سۆنگەیەشەوە بە بڕوای من، ڕۆشنبیرەكانی ئێمە، ڕۆڵەكەیان هەر تەنها لە نووسینی هزری و ئەدەبی وڕۆشنبیریی كورتناكرێتەوە، بەڵكو لەوە گرنگتر ئەوەیە هوشیاریەكی سادەی سیاسی و ڕۆشنبیریی و كۆمەڵایەتیش، لە هزری تاكەكان و خوێنەران بونیاد بنێن. بۆیە زۆر گرنگە، ڕۆشنبیر لە خوێنەوەی ئەقڵی كۆمەڵگەی خۆی، لایەنە كۆمەلایەتی و پەروەردەیەكانی، هێندە بەلەدو زیت بێت، بزانێت چۆن ئەو كۆمەلگەیە دەدوێنێت و ڕاڤەی دیاردەكانی ژیانی دەكات. بۆ خوێنەرێكی ئاسایی كورد، كە جگە لە زمانی كوردی هیچ زمانێكی دیكە نازانێت، ڕیزكردنی دەیان ناوی وەك هابرماس و كانت و ژیژەك و نازانم سەدانی دیكەش، جێی بایەخ نییە، ئەوە گرنگە لە پەراوێزی هزریی ئەو نووسەرەوە لە شیعر، لە دنیای ڕۆشنبیریی، كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی بگات و بزانێت ئەو گوتارەی ئاراستەی كراوە،كەی و چۆن شوێنی خۆی دەگریت. بێگومان ئەمە سادەیی نووسین نییە، بەڵكو هوشیارانە درككردنە بەو ئەقڵەی لە كۆمەلگەی كوردی ئامادەیی هەیە. خوێنەرانی ڕەهەندییەكان، كە پتر لە شێوەی پەیڕەوی تەریقەتی دینی دەركەوتن، نووسەر و بەرهەمەكانی وەك تەریقەتێكی ئایینی و پیرۆز دەبینێت و خۆشی وەك دەروێشێكی ئەو تەریقە بەدەر لە مانا دینییەكەی ڕۆڵ دەبینێت، بێ ئەوەی هەستیشی پێ بكات. ئەمە بە ڕوونی لای بەشێكی زۆری ئەو خوێنەرە هەمووەكی و پۆپۆلیستییانە هەیە، كە دەق وەك كتێبێكی پیرۆز و گەورە دەبینن و سنوورێك لە بەردەم دیدگای جیاوازی دیكە دەكێشن، تەنها لە سۆنگەی ئەوەی نووسەرەكە كەسێكە ناوبانگێكی دیار و گەورەی هەیە. وەك ئەوەی بەرانبەر بەرهەمی ڕەهەندییەكان بەگشتی و نووسینەكانی بەختیار عەلی بەتایبەتی دەبینرێت. لێرەوەش هەر ڕەخنەیەك كە لە كار و بەرهەم و شێوازی میتۆدی ئەوان بۆ خوێنەوەی كۆمەڵگەكایان، یان ڕەخنەیەكی ئەدەبییش لە جیهانبینی و نووسینەكانیان بگیرابایە، ئیدی ئەوان دەكەوتنە بە جەهەل ناساندن و بە نەخوێندەواركردنی خەڵكی و بە گەمژە ناساندیان! بگرە بەختیار عەلی خۆی، چەندین چەمكی لەو شێوەیەی لە پەراوێزی ئەو ڕەخنانەی لێی دەگیران بە داخەوە داهێناو هەر كەسێكیش كتێبی وەك (باڵندەی نێوجەنگەلێكی ترسناك بخوێنێتەوە) ئەو ڕاستییەی ئێمەی بۆ دەردەكەوێت.
ئەم پیرۆزكردنەی گرووپەكە لای خوێنەرانێك، كە بە داخەوە هەندێكیان نووسەر و شاعیر و چیڕۆكنووسی دیاریش بوون، گرووپەكەی فڕێ دایە دەرەوەی هەموو جۆرە ڕەخنەیەك و بازنەیەكی سوور و پیرۆزی بە دەوریانەوە كێشا و هەر كەسێك ڕایەكی جیاواز، یان ڕەخنەیەكی لە بەرهەمی ئەم نووسەرانە هەبووایە، دەكەوێتە بەر لێشاوی پاسەوانانی دەقەوە. ئەم تێگەیشتنە میللیی و نامەعریفییە بۆ دەق و نووسین، وایكرد بەرهەمەكانی بەختیار عەلی، كە زۆرینەی هەرە زۆریان لە ڕووی ڕێزمان و زمانی نووسینەوە كەموكورتی گەورەیان تێدایە، بكرێنە تێكستی پیرۆز و فۆڕمێكی ئاینییانەیان پێ بدرێت و بە دەربكرێن لە هەموو جۆرە ڕەخنەیەكی مەعریفی و لۆژیكی و میتۆدییەوە، جا گریمان گەر دەقەكانی لە ڕووی ناوەڕۆك و گوتاریشەوە، دەیان هەڵەیان تێدا بێت! ئەم گەورەكردن و بە پیرۆزركردنەی ئەم نووسەرە و سەپاندنی بە سەر زۆربەی نووسەرانی هاوتوانا و هاوهزر و ڕۆشنبیرانی دیكە، هەر تەنها لەلایان ئەو خوێنەرە پۆپۆلیستیانە نەمایەوە، بەڵكو لەوە كارەساتر پەڕییەوە نێو دەزگا ڕاگەیاندنەكان و دامەزراوەكانی چاپ و بڵاوكردنەوە و ئەوانیش كورد وتەنی بەشێكی زۆریان لەگەڵ عامێ چوونە شامێ و ئیدی دەرگایان بە ڕووی هەموو ئەو كتێبە رڕەخنەیانە و وتارانەش داخست، كە لە بالارەی گرووپەكەوە دەناسران وهیچ كامێكیان ئامادە نەبوون، كەمێك بوێری ئیبراهیمیانەیان هەبێت و چەكوچێك گەر بە مەبەستی شكاندنیش نەبێت، بە ڕووی ئەو بتە دتاشراوانەدا بەرز بكەنەوە! لەو سۆنگەیەوە كتێبی (بەختیار عەلی شكستی ڕۆشنبیریی) كە (سەلام عەبدوڵا) نووسیویەتی، چەند وتار و سەرنجێكی ڕەخنەیی لە بارەی نووسینەكانی بەختیار و ڕەهەندییەكانیش لە خۆ دەگرێت.
ئەم كتێبە نموونەیەكە لەو كارە ڕەخنەییانەی بە ئامانجی شكاندنی ئەو بتە داتاشراوانەی كە خوێنەرە پۆپۆلیستییەكان دروستیان كردووە، كراون و تیایدا نووسەر لە ڕێگەی چەندین وتار و پرسیاری هزری، نیشانەیەكی پرسیار لە سەر تێز و نووسینەكانی بەختیار عەلی دا ئەنێت و دیوەكەی دیكەی فەلسەفە و هزری فەیلەسوفانیش باس دەكات، كە ئێمە بە جۆرێكی دیكەی جیاواز لەو كتێبە پێشتر ناسیومانن. لە دەسپێكی ئەم كتێبەدا، نووسەر بە وردی لە سەر فەلسەفە و جیهانبینی دوو لە دیارترین فەیلەسوفانی دنیا، كە ئێستاش نووسەرانی كورد بێ ناوهێنانیان ئاسوودە نابن دەوەستێت، كە ئەوانیش (هایدگەر و نیتشە)ن ئەم دوو فەیلەسوفە، لە دنیای ڕۆشنبیری ئێمەدا، لە میانەی باسكردن و ناوهێنانیان، دەكرێ بڵێین بە جۆرێك ڕۆچوونەتە نێو دنیای ئەدەبی و ڕۆشنبیری ئێمە، كە ئەگەر نووسەرێك ناویان نەهێنێت و باسیان نەكات، ئەوا بە نەخوێندەوار و بێ ئاگا لە دنیای فەلسەفە و ئەدەب دەناسێنرێت! بەڵام ئەوەی لێرەدا ئێمە تا ڕادەیەكی زۆر لێی بێ ئاگا كراوین و هیچ زانیارییەكمان لە بارەیانەوە نییە ئەوەیە، كە دیوە شاراوەكەی ئەو دوو فەیلەسوفە دەربخرێت، كە ئەمەش ئەو كارە هزریەیە كە نووسەری ئەم كتێبە بەلایەنی كەمەوە گەر لە سنوورێكی دیاریكراویش بێت كردوویەتی و دیوێكی دیكەی هزری فەلسەفییانەی ئەم دوو فەیلەسوفەمان پێچەوانەی ڕەهەندییەكان پێ دەناسێنێت. نووسەر لە بارەی هایدگەرەوە دەڵێت:- (هایدگەر تا مردیش ئامادەنەبوو، تاوانی جینۆسایدی جووەكان مەحكوم بكات) بێگومان ئەو قڕكردنە، لە پاڵ ئەنفال و قڕكردنی ئەرمەنەكان لە سەر دەستی خەلافەتی ئیسلامی عوسمانییەكان، بەناخ هەژێنەرترین و پڕ شەرمەزارترین ڕووداو لە مێژووی هاوچەرخی مرۆڤایەتی دائەنرێت كە هیچ پاساوێكی ڕەگەزی، ئایینی، نەتەوەیی و سیاسی، هەڵناگرێت. نازییەكان، بڕوایان وابوو نەتەوەی یەكەم و ڕاستەقینە ئەڵمانەكانن، بۆیە دەبێت نەتەوەكانی دیكە بە تایبەتیش جوولەكەكان كە لە ڕەگەزی سامین لە نێو ببرێن. ئەم ڕووداوە هەشتا ساڵ زیاترە وەك ڕووداوێكی تراژیدی و قێزەوەنی مرۆڤایەتی لە ڕابردوودا ماوەتەوە.
بە سابوونكردنی جوولەكەكان و ئەزموونكردنی ژەهر و جۆرەها تاقیكردنەوەی نامرۆیی و كوشتنیان بە گازی ژەهراویی و ڤاكسینی مەرگ و چەندان شێوەو جۆری دیكەی ئەشكەنجەدان، ڕووداوێكە نەك فەیلەسوفێك، بەڵكو مرۆڤێكی زۆر ئاسایی و نەخوێندەواری بێ فەلسەفەش دەهەژێنێت! كەچی ئەم ڕووداوە، فەیلەسوفێك نەك هەر مەحكومی ناكات، بەڵكو وەك ئەوەی نووسەر ئاماژەی پێداوە، ئەندامی حزبە ناسیۆنالستەكەش بووە و تامردووە ئامادە نەبووە ئەمە بەجینۆساید بناسێنێت! ئەمە پرسیارێك دروست دەكات ئەویش ئەوەیە، ئایا پایەی فەلسەفە گەورەتر و پیرۆزتر و شكۆمەندترە یان مرۆڤ؟ مەگەر هیچ زانست و ئایدیا و ئایین و فەلسەفەیەك هەیە، جەوهەرەكەی لەو پەیامە مرۆییەدا بەرجەستە نەبێت، كە ئامانج لێی خزمەتكردنی مێژووی مرۆڤایەتییە؟ بێگومان بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێ بگەڕێینەوە سەر هەموو ئایین و ئایدیاكان، تاكو بزانین گەورەترین و مەزنترین سەرمایە، مرۆڤە یان فەلسەفە و ئەدەب و هونەر و زانستە؟ ڕوونە لە ئایینە ئاسمانی و زەمینییەكانی لە شێوەی زەردەشتی و بوداییدا، مرۆڤ بە گەورەترین سەرمایە دانراوە. خودای گەورە لە قورئاندا، لە وەسفی هەموو بوونەوەرەكاندا، گەرچی بە جوانترین و بەهێزترین شێوەش دروستی كردوون، كەچی وەسفیان ناكات، تەنێ بۆ مرۆڤ دەڵێت:- (مرۆڤمان لە سەر جوانترین شێوە خەلق كرد) ئەمە وێرای ئەوەی كە هەرچی ماتریالەكانی نێو زەوی و سرووشتن، بۆ خزمەتی مرۆڤ دانراون و بگرە فریشتەكانیش، كە پایەیەكی هەرە گەورەی ڕوحی و سرووشیان هەبوو، خودا فەرمانی پێ كردن كڕنۆش بۆ یەكەمین مرۆڤ بەرن و بردیان و تەنها ئیبلیس فەرمانەكەی شكاند و كەوتە بەرنەفرەتی خودا. واتا لە دیدی پەروەردیگار و هەموو ئایینەكانیشدا، مرۆڤ لە هزر، فەلسەفە و هەموو داهێنانێكی زانستی و مرۆیی گەورەترە، چونكە خۆی لە بنەڕەتدا ئەم داهێنانە بۆ مرۆڤن. كەچی هایدگەر، كە بە ئێستاشەوە هەزاران دەروێشی لە نێوەندی ڕۆشنبیریی كوردیدا هەیە و نووسینی نووسەرێك ناخوێنیتەوە، ناوی نەهێنا بێت، بەم شێوەیە ڕوانیویەتە جینۆساییدی مرۆڤگەلێك و سووتاندنیان لە كوورەكان، بێ ئەوەی ویژدان و هەستێكی مرۆیانەی هەبێت و جۆرێك لە هاوسۆزیی مرۆیانە دەرببڕێت. هایدگەر نەك هەر ئەمەی نەكردووە، تەنانەت ویستویەتی پاكانەش بۆ ئەم كارە بێنێتەوە، وەك ئەوەی نووسەری كتێبەكە دەڵێت:- (بەڵكو هەوڵیشیداوە خۆی و گەلی ئەڵمان، لە تاوانی نازییەت ئازاد بكات) كە ئەمەش ڕیسوایەكی دیكەی ئەم فەیلەسوفەیە، لە پاڵ بێدەنگبوونی لەو تراژیدیایە، چونكە نكۆڵیكردن لە تاوانێك كە كراوە، بێگومان جۆرێكە لە بەشداریكردن و هەڵگڕتنی بەرپرسیاریەتییەكەیە. خوێنەری كورد، چونكە تەنها زمانی كوردی دەزانێت، بۆیە ئاگایەكی ئەوتۆی لە بارەی بۆچوون و هەڵوێستی فەیلەسوفان و هزریان لە بارەی ڕووداوەكانەوە نییە، ئەوەشی دەیزانێت تەنها ئەو بەشەیە كە وەرگێڕەكان مەبەستیانە.
لە كۆی ئەو سەدان وتارەی بەلایەنی كەمەوە من بە كوردی وەك خوێنەرێك خوێندوومنەتەوە لە بارەی هایدگەر و زانیومە، هەر تەنها ئەوەندەیە كە زمان ماڵی بوونە نەك ئەوەی ئەم فەیلەسوفە هاوسۆزیی نازییەكان بێت و بێدەنگی لە بارەی جینۆسایدی جوولەكەكان كردبێت! بۆیە زۆر گرنگە ئێمە، دیوە شاراوەكەی فەیلەسوفانیش بناسین، تا بزانین هەڵوێستیان لە بارەی ڕووداوەكانی مرۆڤایەتییەوە چی بووە ! ئەمجارەیان لە بارەی نیتشەوە نووسەر دەڵێت:- (فەیلەسوفێكی دڕندە بوو، دژ بە هەموو ناڕەزایەتی و دەربڕینێكی گەلە، تەنها كۆنەپەرستەكان و فاشستەكانن شانازیی بەو فەیلەسوفەوە دەكەن) نووسەر ئاماژە بەوە دەدات، كە نیتشە، باوەڕی بە خزمەتكار و خزمەتپێكراو هەبوو، باوەڕی بە دەسەڵات و خزمتگەری دەسەڵاتیش هەبوو! بگرە بە جۆرێك لە جۆرەكان، لە چینی بۆرژوا و و ئەرستۆكراتیانە بووە، ئەمە وێرای ئەوەی كە بڕوای بە قامچی هەبووە، كاتێ پیاو دەچێتە لای ژنەكەی ! بێگومان ئێمە زۆر پێویستیمان بەوەیە، بە جیهانبینییەكی كوردانەوە فەلسەفەی خۆرئاوا بخوێنینەوە، نەك بە جیهانبینی ئەوان كە تەنها دیوێكی فەلسەفەكە دەبینین، بەلایەنی كەمەوە لەو هەزاران وتارانەی لە بارەی هایدگەرەوە بە زمانی كوردی نووسراون و وەرگێڕدروان، من نەمبینیوە یەكێك باس لەوە بكات، كە نیتشە بڕوای بە كۆنەپەرستی و فاشییەت هەبوو، یان هایدگەر هاوسۆزیی نازییەكان و هیتلەر بووە و تا مردووە، ئامادە نەبووە قڕكردنی جوولەكەكان پرۆتستۆ بكات؟ لە درێژەی كتێبەكەدا، ئەمجارەیان نووسەر ڕەخنە لەو ستاییشنامە دەگرێت كە ڕەهەندییەكان بۆ سیستەمی سەرمایەداریی و فۆڕمێكی كۆمەڵایەتییانەی كۆمەڵگەی خۆرئاوایی هەیانە. دیارە ڕەهەندییەكان، چەند مانگێكی كەم دوای ڕاپەڕین، لە كوردستان مانەوە و ئیدی چوونە دەرەوە و لەوێ بەر كولتوو ر و كۆمەڵگەیەكی دیكەی جیاواز كەوتن و ئەم جیاوازییە، وای لێكردن كە سیستەمی دیموكراسی و فۆڕمی سەرمایەدارییانەی بەڕێوەبردنی كۆمەڵگە، بە نموونەییترین و سەركەوتووترین سیستەم بزانن.
لەو سۆنگەیەوە بەردەوام باسیان لە ئازادی تاك، دەستبەركردنی مافەكان، بەڕێوەبردنی كۆمەڵگە، جومگەكانی دەسەڵات دەكرد و ئەم جیاوازیانەیان دەكردە بەهانەیەك بۆ ئەوەی لە بایەخ و پێگەی ئازادی و خۆ بەڕێوەبەری كورد، بەلایەنی كەمەوە لە باشووری كوردستان كەم بكەنەوە، كە چەند مانگێكی كەمی بە سەردا تێپەڕیبوو. ئیدی ڕەهەندییەكان، خۆرئاوایان وەك بەهەشتێكی دیكە بە ئێمە ناساند و لەو پەراوێزەشەوە كەوتنە ڕەخنەگرتن لە سۆسیالیزم وهزری ماركسییانە و بڕوایان وابوو، تەنها لە خۆرئاوادا پایەی مرۆڤ بە بەرزی ڕادەگیرێ. بۆیە سەلام عەبدوڵا لە درێژەی كتێبەكەیدا، لایەك لە دیوە شاراوەكەی ئەو سیستمە دەكاتەوە و باس لەوە دەكات، كە لەخۆرئاواش هەژاریی و بێ لانەیی و بێ مافی هەیە و دەیان هەزار كەس لە سەر شەقام و زبڵخانەكان دەژین و نەك ژیانێكی شایستەیان نییە، بەڵكو وەك ئاژەڵێكیش نابینرێن! ئیدی نازانین چۆن ئەم سیستەمە نموونەی بەها باڵاكای ژیان و مرۆڤایەتییە، كە مرۆڤ تەنها وەك كاڵا و لە ئامێری كاركردن دەبینێتەوە و تەنها سەرمایە و كاری بەلاوە مەبەستە! بۆیە ئەو دەپرسێت، بە تایبەتیش كە خۆی ئەزموونی ژیانی خۆرئاوای كردووە، كە ئایا بە ڕاست لەوێ مرۆڤ هەموو ئازادی و مافێكی هەیە؟ ئایا ژنان و پیاوان بەتەواوەتی یەكسانن؟ ئایا ژنان ناچەوسێنرێنەوە؟ هەژاریی و بێ لانەیی و پێشێلكاریی زەقی مافەكانی مرۆڤ نییە؟ بێگومان هەموو ئەمانە هەنە، وەك ئەوەی ئەو لە كتێبەكەی خۆیدا بە ئامارو داتا ڕوونیكردوونەتەوە، كە ئەمەش ئەو تێگەیشتنە ڕەهاییەی ڕەهەندییەكان بە ئێستاشەوە لە بارەی خۆرئاوا هەیانە بەتاڵ دەكاتەوە. دواجار دەڵێم، بەختیار عەلی نماییندەی ڕۆشنبیری كوردی نییە، بۆیە شكستی ئەو شكستی ڕۆشنبیریی كوردی نییە و باشتر وابوو، سەلام عهبدوڵا، ناونیشانێكی دیكە بۆ كتێبەكە دابنێت و هەروەها بەشێوەیەكی دیكە و ناوەڕۆكیكی دیكەی درێژتر دووبارە چاپی بكاتەوە، چونكە ئێمە كتێبەكەمان بە پیدی ئێف دەسكەوت و گەر هەڵەش نەبم، تەنها چاپی ئەلكترۆنی كراوە.
پەراوێز:_
ناوی كتێب: بەختیار عەلی شكستی ڕۆشنبیرو ڕۆشنبیریی، نووسینی سەلام عەبدوڵا، ساڵی چاپ _ 2022.