محهمهد زهنگهنه
لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆ، لە ساڵی 2014، گڕووپی تیرۆریستیی داعش شاری مووسڵی داگیركرد، ئەو شارەی بە یەكێك لە شارە گەورەكانی عێڕاق و بنكەیەكی گرنگی بازرگانی و گەشتیاری و مێژوویی ئەو وڵاتە و ناوچەكە لە قەڵەم دەدرێت.
ئەم رەفتارە نەك هەر عێڕاق، بەڵكو ناوچەكەی خستە نێو گێژاوێكی زۆر گەورە و فراوان و گرفت و قەیرانی زۆری خستە نێو دۆخی سیاسی و رەوشی ناوخۆی وڵاتان و زۆر لە شێوازی رەفتاری وڵاتانی ناوچەكەی گۆڕی.
وڵاتانی ئیقلیمی، بەهەر شێوەیەك بێت ئەگەر بەشداریشیان لە پاڵپشتیكردنی عێڕاق كردبێت، بەڵام هەریەكەیان بەشی خۆی وەكو بەرامبەر لە عێڕاق ویستووە و هەریەكەیان ركابەریی ئەوەی دیكەی كردووە بۆ هەبوونی زۆرترین كاریگەری و هەژموون بەسەر حكوومەت و دۆخی سیاسیی عێڕاق، وڵاتانی عەرەبیش، بەتایبەتی كەنداو، ئەگەر هەرێمی كوردستان نەبوایە، بەهیچ شێوەیەك رۆڵیان لە پێشكەشكردنی یارمەتیی مرۆیی نەدەبوو بۆ ئاوارە و لێقەوماوانی ئەو دۆخەی لەعێڕاق رووی دا، ئەو كات تەنها دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوو دەرگای ئەم یارمەتییە مرۆییەی كردەوە.
دوای ئازادكردنی شار و شارۆچكە داگیركراوەكانی عێڕاقیش لەژێر دەستی ئەو تیرۆریستانە،زۆر كەس وای بۆ دەچوو كە ئیتر سەقامگیری باڵی بەسەر ناوچەكەدا دەكێشێت و دۆخەكە ئارامتر دەبێت،بەڵام ئەوەی چاوەڕوان دەكرا رووی نەدا،بەڵكو دۆخەكە رۆژ بەڕۆژ بەرەو گرژی دەڕوات و لەهەر كاتێكیش ئەگەری روودانەوەی شەڕ هەیە و وادیارە جەمسەرەكانی شەڕی 12 رۆژەی 2025 و 39 رۆژەی 2026، هێشتا نەیانتوانیوە بگەنە ئەنجامی ئاشتەوایی و راگرتنی شەڕ و رۆژانەش هەڕەشە لەیەكتر دەكەن.
بە لێكدانەوەی هاوكێشەی دوای شەڕی داعشیش، وا دەردەكەوێت كە هێشتا مەترسییەكانی ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە بەسەر ناوچەكەدا ماوە و كۆتایی نەهاتووە، شەڕی نێوان ئێران و ئەمەریكا و ئیسڕائیلیش، بۆی هەیە جارێكی دیكە بوون و مەترسییەكانی ئەم تیرۆریستانە بەهەر شێوەیەك بێت زیندوو بكاتەوە و بیكاتە هەڕەشەیەكی دیكە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بۆیە لێرەدا گرنگە،وڵاتانی ناوچەكە، ئاوەڕ لە وتهكانی سەرۆك بارزانی بدەنەوە،كە هەمیشە هۆشداریی لەبارەی دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش دەدا، ئەگەر پلانێكی تۆكمە بۆ وشككردنەوەی سەرچاوەی دارایی و پێگەی پاراستنی ئەو تیرۆریستانە بە تەواوی وشك نەكرێنەوە،هاوكات پێویستە رەچاوی ئەوەش بكرێت،شەڕی هەژموون و یەكلاییكردنەوەی كێشەی وڵاتانی ئیقلیمی لە خاكی وڵاتی دیكە،نەك هەر دەبێتە هەڕەشە بۆ ناوچەكە،بەڵكو جیهانیش دەخاتە نێو گێژاوێكی زۆر گەورە و فراوانی شەڕ، كە دەرچوون لێی زۆر سەخت دەبێت.