نەیارانی كورد؛ یەك لە دوای یەك لە پەراوێزی مێژوودان

105

سەدیق سەعید ڕواندزی
مێژووی هاوچەرخی عێراق پڕە لە پەند و وانەی گرنگ بۆ ئەو هێز و لایەنانەی کە پێیان وایە لە ڕێگەی زەبروزەنگ و ئینکاریکردنی مافەکانی گەلی کوردستانەوە دەتوانن مانەوەی خۆیان مسۆگەر بکەن. جێگیربوونی قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا، بەرهەمی خۆڕاگرییەکە کە بەربەرەکانیی دەیان ساڵە لە عەقڵییەتی شۆڤێنی و سڕینەوەی تێپەڕاندووە.

کاتێک ژەنراڵ مستەفا بارزانی لە یەکێتیی سۆڤیەت گەڕایەوە، عەبدولکەریم قاسم و ڕژێمەکەی کە تەنیا دوو ساڵ بوو دەسەڵاتیان گرتبووە دەست لە جیاتی زمانی دیالۆگ، ناوچەی بارزانیان بۆردومان کرد و شەڕێکی سەپێندراو و نادادپەروەرانەیان دژی گەلی کورد دەستپێکرد. ئەم دەستدرێژییە بووە ترووسکی سەرەکی بۆ بەرپابوونی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول. بەڵام دەرەنجامەکە چی بوو؟ تەنیا سێ ساڵ دوای ئەو شۆڕشە، قاسم بە دەستی هاوڕێکانی خۆی کوژرا و دەسەڵاتەکەی بووە مێژوویەکی ڕەش.

لە دوای ئەویش، هەردوو سەرۆککۆمارەکەی (عارف) بە دوای یەکدا هاتن و بە توندوتیژی و عەقڵییەتێکی شۆڤێنیانەتر ڕووبەڕووی مافە ڕەواکانی کورد بوونەوە، بەڵام چارەنووسی ئەوانیش لە تێکشکان و چوونە پەراوێزی مێژوو زیاتر هیچی تر نەبوو.

پاشان نۆرەی بەعسییەکان هات؛ خوێناویترین دکتاتۆرییەت کە دڕندەترین تاوانی دژی مرۆڤایەتی وەک ئەنفال و کیمیابارانی دژی گەلی کورد بەکارهێنا، بەڵام لە کۆتاییدا سەرۆکی ئەو ڕژێمە بەو پەڕی سەرشۆڕییەوە لە کولانەیەکدا دەستگیر کرا و کۆتایی بە ژیانی هات. لە بەرامبەردا، کورد نەک هەر لەناو نەچوو، بەڵکو بەهێزتر و خۆڕاگرتر لە جاران ڕاپەڕینی مێژوویی ساڵی ١٩٩١ی بەرپا کرد و قەوارەی ئێستای هێنایە ئاراوە. ئەم هاوکێشە مێژووییە بۆ سەرجەم بەشەکانی دیکەی کوردستان و ململانێکانی دژی کورد ڕاست و حاشانەگرە.

لە ئەزموونی نوێی عێراقیشدا، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین دەموچاو و لایەنی سیاسی دەرکەوتن کە ئامانجی سەرەکییان دژایەتیکردنی قەوارەی هەرێم و بڕینی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بوو. ئەوانیش هەموو جۆرە فشارێکی سیاسی و ئابوورییان دژی دەسەڵات و هاووڵاتیانی هەرێم بەکارهێنا، کەچی دەرەنجامەکەیان بینرا؛ ئەوانیش وەک پێشینانیان لە کایەی سیاسی دۆڕان و تەنیا ناوێکی کاتی و بێزارکەر لە مێژوودا بۆیان مایەوە.
جێی داخی قووڵە کە عەقڵییەتی شۆڤێنی، بەردەوام هەمان هەڵەی سیاسی دووبارە دەکەنەوە. ئەوان بە ستەمکردن و پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان، پەند لە مێژوو وەرناگرن و ڕابردوو ناخوێننەوە. بێباکن لەوەی کە ڕۆژێک دادێت لە سەر کورسیی دەسەڵات نامێنن و تەنیا شەرمەزارییەکەی بۆ ئەوان دەمێنێتەوە.