كيفاح مهحمود كهریم
لەوەتەی لە ساڵی 2003 ـەوە، پێكهاتەی دەوڵەتی عێراق ڕووخاوە، پۆستە گشتییەكان چیتر تەنها شوێنی خزمەتكردنی خەڵك، یان بەرپرسیارێتی نیشتمانی كاتیی نین، بەڵكو بەرە بەرە بە دەستكەوتی سیاسیی كراوە و بەهاكەشی بەو تازیاری، مووچە، پاسەوان، گرێبەست و هەژموونانە دەپێورێت، كە لێیەوە بەدەست دەكەون، چینی سیاسیی نوێ بەم شێوەیە سەری هەڵداوە، بەزۆری ململانێ لەسەر بنەما یان بەرنامە ناكەن، ئەوەندەی شەڕ لەسەر سەرچاوە داراییەكان، واتە ( دۆشین و شیرپێدان)ی سیاسییەوە دەكەن، دەوڵەت بووەتە مانگایەكی گەورە و مەمكەكانی لەنێوان پارت، گرووپ، ڕەوت و دەستڕۆیشتووەكاندا دابەش دەكرێت.
لە زۆربەی وڵاتە نوێیەكاندا، وەكو ڕاسپاردنێكی گشتی و كاتی سەیری ئەندامێتی پەرلەمان یان شالیاری دەكرێت، چونكە چاودێری دەكرێت و لێپرسینەوەی لەسەرە، تازیارییەكانیش لە سنوورێكی ڕێگەتێچوودا دەبێت، پۆست نابێتە پڕۆژەی خۆدەوڵەمەندكردن یان وەبەرهێنانی سیاسیی، كەچی لە عێراقدا، تازیارییەكان زۆر گەورە كراون، بەڕادەیەك وای لە زۆربەی پۆستەكان كردووە، لە پڕۆژەی بارزگانی چەور بچن، كە بە لۆژیكی بەش بەشێن و خۆبەندییەوە، دەفرۆشرێن، دەكڕدرێن و بەڕێوەدەبردرێن.
بەتێپەڕبوونی ساڵەكاندا، ڕكابەرییەكانی هەڵبژاردن، چیتر لەسەر دیدگا و پلان بەرپا نابێت، بەڵكو بووەتە ململانێ لەسەر گەیشتن بە ( ناوەندەكانی شیرپێدانی سیاسیی)؛ واتە ئەو شوێنەی، كە توانا بە خاوەنەكانی دەبەخشێت، قازانجەكان دابەش بكەن، خۆبەندییەكان بكڕن و زاخاوی تۆڕەكانی هەژموون بكەن، لێرەوە، دیاردەی بەش بەشێن پەلی هاوێشت، نەك تەنها وەكو شاشییەكی بەڕێوەبردن، بەڵكو وەكو سیستەمێكی ئابووری و سیاسیی پتەون، كە لەسەر مرەوەژی تازیارییەكان و بەشكردنی دەستكەوتەكاندا دەژین.
لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە، ئەو كولتوورە تەنها لەسەر سنووری چینی سیاسیدا نەوەستاوە، بەڵكو بۆ ناو خودی كۆمەڵیش دزەی كردووە، بەجۆرێك وای لێ هاتووە، زۆرینە وەكو دەرفەتێك بۆ دۆشین نەك خزمەتكردن، سەیری پیشەی گشتی دەكەن، وەكو سەرچاوەی بژێوی حزبەکان، دەربار و خزمەكان، نەك وەكو قەوارەیەكی نیشتیمانی كۆكەرەوە، سەیری دەوڵەت دەكەن، بەم شێوەیە، سیاسەت لە بەڕێوەبردنی كاروباری گشتییەوە، بۆ بازاڕێكی گەورەی سەوداكردن گۆڕاوە، كە بەهای كەسەكان تێیدا، بەتوانایان لەسەر بەدەستهێنانی دەستكەوت، نەك لێهاتوویی یان دەستپاكییانەوە، دەپێورێت.
یەكێ لە بەرەواژییە هەرە بەسوێكانیش ئەوەیە، ئەو وڵاتانەی كە بە (تازەپێگەیشتوو) ناودەبرێن، بەزۆری بەرپرسیارێتی و تازیاری دەبەخشن، كە زۆر لە وڵاتە پێشكەوتووتر و سەقامگیرترەكان زیاترە، لە زۆربەی دیموكراتە چەسپاوەكاندا، شالیار یان پەرلەمانتار، پۆستەكەی خۆی بەبێ سوپایەك پاسەوان، یان كەژاوەی بە تەنتەنە و خانەنشینی خەیاڵی جێدەهێلێت و دەبێتەوە هاووڵاتییەكی ئاسایی، كەچی لە عێراقدا، هەندێ پۆست بوونەتە دەرگەی هەمیشەیی هەژموون و سامان، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی، ململانێكردن لەسەریان، لە ناسنامە نیشتیمانییەكەی دەریان بهێنێت و بیانكاتە بازارێكی سیاسیی هەرزان.
مەترسیدارترین بەرهەمی ( دۆشین و شیرپێدانی سیاسیی)، تەنها داچۆڕینی پارەی گشتیی نییە، بەڵكو شێواندنی مانای خودی دەوڵەتە، كاتێك دەسەڵات دەبێتە هۆكاری لەوەڕانی ئاڵوگۆڕی هێزە دەستڕۆیشتووەكان، هەموو نیشتیمان تەنها دەبێتە، مەزرایەكی كراوەی قەڵەوكردنی گەندەڵی، لاوازكردنی دامەزراوەكان و هەژاركردنی خەڵك، ئەو دەمیش، سیاسەت چیتر نابێتە هونەری بەڕێوەبردنی وڵاتان، بەڵكو دەبێتە هونەری بەڕێوەبردنی دۆشین.
و: ڕەمزی میرەكانی