خەبات: عەلی بانیشاری:- بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مینی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لە 60ـی خاكی پیسبوو بە مین و تەقەمەنی لە سنووری پارێزگای هەولێر پاككراوەتەوە و نزیكەی 47 هەزار مەتر دووجا ڕووبەری پیسبوو بە مین و تەقەمەنی ماوە پاك بكرێتەوە. ئاماژە بەوەشدەكات، لەسەرەتای ئەمساڵەوە 5 هاووڵاتی بەهۆی ڕووداوەكانی مین و تەقەمەنی بوونەتە قوربانی.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مینی هەولێر، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 36 هەزار و 164 پارچە مین و پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی لە سنووری پارێزگای هەولێر لەناوبراون و هەزاران مین و تەقەمەنی دیكەش كۆكراونەتەوە و ئامادەكراون بۆ لەناوبردن. بەڕێوەبەرایەتییەكە دەڵێت: لە شەش مانگی ڕابردوودا كێڵگەیەكی گەورەی مینمان بە تەواوی پاككردووەتەوە.
عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مینی هەولێر بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: هێشتا لە سنووری پارێزگای هەولێر 47 هەزار مەتر دووجا ڕووبەری پیسبوو بە مین ماوە پاك بكرێتەوە لەگەڵ ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان- كۆماری ئیسلامی ئێران كە بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە تاوەكو ئێستا ڕووپێوی بۆ نەكراوە و كاری پاككردنەوەی تێدا ئەنجام نەدراوە.
بەڕێوەبەری كاروباری مینی هەولێر گوتیشی: ئەمساڵ بەهۆی نەبوونی ئۆتۆمبێلی پێویست و نالەباری كەشوهەواوە، لە یەكی ئایارەوە تیمەكانمان دەستیان بە كاركردن كردووەتەوە، ئەویش لە كۆی نۆ تیمی مینلابەر، تەنیا سێ تیم لەلایەن رێكخراوی (ITF)ـی سلۆڤینی ئۆتۆمبێلیان بۆ دابینكراوە دەستیان بەكاركردن كردووە.
هەرچی سەبارەت بە تیمەكانی لەناوبردنی تەقەمەنییە، عەلی عەبدولڕەحمان گوتی: تیمی لەناوبردنی كەرەستەی تەقەمەنی (EOD) بەردەوام و ڕۆژانە لە ئەركدا بوون بۆ بەدواداچوونی داواكاری هاووڵاتیان و دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
بەوتەی بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مینی هەولێر، بەهۆی بارینی بەفر و بارانی زۆر و دروستبوونی لافاو، ئەمساڵ مین و پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی زۆر جێگۆڕكێیان كردووە و گواستراونەتەوە ناو ئاوەدانی، هەروەها بەهۆی بوونی زۆری گژوگیای بەهارە ئەمساڵ خەڵكێكی زیاتر ڕوویان لە دەرەوە كرد، ئەوە جگەلە چەند هۆكارێكی دیكە، كەبوونەتە هۆی ئەوەی ئەمساڵ تیمەكانی لەناوبردنی تەقەمەنی لە تەواوی ساڵانی ڕابردوو زیاتر لە ئەركێكیان ئەنجامداوە.
عەلی عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەشكرد، دوای دەستپێكردنی شەڕی (ئەمریكا+ئیسرائیل-ئێران) لە ناوچەكە و بوونی كاریگەری شەڕەكە لەسەر هەرێمی كوردستان بەتایبەتی كەوتنەخوارەوەی درۆن و مووشەك، بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بە ئاگاداری دەزگای گشتیی كاروباری مین، شانبەشانی هێزە ئەمنیەكان و دامودەزگاكانی حكوومەت وەك ئەركێكی نیشتیمانی و بەشداربووە لە چارەسەركردنی ئەو درۆن و بۆمب و ڕۆكێتانەی كە لەنێو خاكی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كەوتوونەتە خوارەوە.
هەر بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مینی هەولێر، تیمی لەناوبردنی كەرەستەی تەقەمەنی لەكاتی ئەنجامدانی ئەركەكانیان بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی شوێنەكان لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 10.320 مەتر دووجا خاكیان بەچاو پشكنیوە، هەروەها 31.549 مەتر دووجا لە ڕووبەری كێڵگەمینەكان لەلایەن تیمەكانی مینلابەری دەستی پاككراونەتەوە. بەڕێوەبەرایەتییەكە دەشڵێت: بەهۆی ڕووداوەكانی مین و تەقەمەنی لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، یەك كەس گیانیلەدەستداوە و چوار كەسی دیكەش بریندار و كەمئەندام بوون، ئەوە لە كاتێكدایە لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2025دا نۆ هاووڵاتی بەهۆی ڕووداوەكانی مین بوونەتە قوربانی.
عەلی عەبدولڕەحمان دەڵێت: كەمبوونەوەی قوربانیانی ڕووداوەكانی مین بەهۆی بڵاوكردنەوەی زیاتر پەیامی هۆشیارییە لە مەترسییەكانی مین و تەقەمەنی. ئەوەشی گوت: تیمەكانی هۆشیاری بەڕێوەبەرایەتیان بەبەردەوامی كاری هۆشیاركردنەوە ئەنجام دەدەن و ئەمساڵ سەردانی ژمارەیەكی بەرچاو لە قوتابخانەكان و گوندەكانی نزیك لە ناوچە مەترسیدارەكانیان و سەیرانگاكانیان كردووە و پەیام و ڕێنوێنی پێویستیان گەیاندووە بە هاووڵاتیان.