
دیمانە: موسلیم دۆڵەمەڕی
لەم دیدارەدا بەرپرسی هۆبەی دارستان و پاوانی ئاکرێ، محمد ئەحمەد خزر ناسراو بە (محەمەد چۆلی)، لەبارەی کار و چالاکیی هۆبەی ناوبراو لە پاراستنی دارستان و بەسەوزاییکردنی سنوورەکەیان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، گوتی:
سنووری هۆبەکەمان پێکدێت لە سەنتەر و دەوروبەری سنووری قەزای ئاکرێ کە سنوورێکی فراوانە و پێویستی بە کاری زۆرە بۆ سەوزکردن؛ چونکە زیاتر دەشتاییە و داری خۆڕسک کەمە لە دەشتەکاندا. جگە لە سنووری قەزاکەمان، سنووری هەر سێ ناحیەی( دینارتێ – بجیل – گردەسێن) دەکەونە سنووری هۆبەکەمان کە ئەوانیش سنوورێکی فراوانیان هەیە و پێویستیان بە کار و خزمەتی زۆر هەیە بۆ پاراستنی دارستانی خۆڕسک و بەسەوزاییکردنی ئەو شوێنانەی کە پێویستە سەوز بکرێن.
گوتیشی:« ڕێژەی دارستانی سروشتی و دەستکرد لە سنوورکەمان بەگشتی تا رادەیەکی باش لە سنوورماندا هەیە، بەتایبەت لە بەشێکی سنووری قەزاکەمان و سنووری ناحیەی دینارتێ و بجیل، کە بەپێی ڕووپێوێک دەگاتە ٢٠٠,٠٠٠ (دوو سەد هەزار) دۆنم زەوی و زۆربەی هەرە زۆری ناوچەی شاخاوییە. سەبارەت بەو ناوچانەی کە بە دەست سەوزمان کردوون، ئەویش دەگاتە نزیکەی ٢,٠٠٠( دوو هەزار) دۆنم کە بە داری جۆراوجۆر سەوزمان کردوون، ساڵانەش بەردەوامین لەسەر کار و پڕۆژەکانمان سەبارەت بە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە سنوورماندا، بەتایبەت لە شوێنە گشتییەکان، باخچەکان و قوتابخانەکان دا.
بۆ پاراستنی دارستانی سروشتی بەرنامەمان هەیە بۆ ئاگرکەوتنەوەی وەرزی هاوین و بڕینی دارەکان لەلایەن هاووڵاتییانەوە، کە ساڵانە بە هاوکاریی لایەنەکانی تر، بەرنامەی تایبەت بە پاراستنی دارستانە سروشتییەکانی سنوورەکەمان دادەنێین، وەک هێڵی ئاگربڕ بە بلدۆزەر کە سوودێکی زۆری هەیە بۆ پاراستنی دارستانەکان لەو ئاگرانەی کە بەتایبەت لە کەنار شەقامەکانەوە بەهۆی فڕێدانی جگەرەوە ڕوودەدەن. جگە لەمە، ساڵانە زیاتر لە ٣٠ (سی) کەسی زێدەڕۆ کە داری سروشتی بەبێ هۆکار دەبڕن، بە هاوکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئاکرێ، دەدرێنە دادگا و بەپێی یاسا سزا دەدرێن».
هەروەها چۆلی لە قسەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت:« نەمامگەی تایبەت بە خۆمان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی نەمامی جۆراوجۆر، کە ساڵانە لە توانایدا هەیە زیاتر لە ٢٠,٠٠٠ (بیست هەزار) نەمامی جۆراوجۆر بەرهەم بهێنێت. سەبارەت بە نەبوونی پارکێکی گشتی، بەڵێ ئەمە گرفتێکی هاووڵاتییانی سنوورەکەمانە، بەتایبەت بۆ وەرزی سەیران و گەشتوگوزاری خێزانی. چەند ساڵێک لەمەوبەر بە هاوکاریی ڕێکخراوێک هەستاین بە پێشکەشکردنی پڕۆژەیەکی ٨٠ (هەشتا) دۆنمی بۆ پاڕکێکی گشتی بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئاکرێ، بەداخەوە زەویمان بۆ تەرخان نەکرا؛ ناچاربوین پڕۆژەکەمان گواستەوە بۆ سنووری قەزای بەردەڕەش و ئێستا پارکێکی گشتیی زۆر جوان و دڵگیر لەوێ دروست بووە.
جگە لەمە، لە بەرامبەر ئەو عەلوە هاوچەرخەی ئاکرێ کە لە سنووری ناحیەی گردەسێن دروست کرابوو، ساڵی ڕابردوو هەستاین بە دروستکردنی دارستانێکی جوان لە ناحیەی گردەسێن بە ڕووبەری ٢٠ (بیست) دۆنم بە داری زەیتوون، کە هەمووی بە سیستمی دڵۆپاندن ئاودانی بۆ دەکرێت.