
خەبات – دانا بۆتانی
کردنەوەی پێشانگای کتێبی کوردی لە ژێر ناونیشانی «بە کوردی نووسین، بە کوردی هزرین»، وەک ڕووداوێکی کولتووری گەورە لە شاری هەولێر، پێشوازییەکی کەم وێنەی لێکرا. لەم پێشانگایەدا زیاتر لە ١٢٠ دەزگای چاپ و وەشاندن بەشدارن و هەزاران ناونیشانی نوێ و سەدان هەزار کتێبی جۆراوجۆریان خستووەتە بەردیدی خوێنەران. نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد بە جۆش و خرۆشەوە بەشدارییان تێدا کردووە و خوێنەرانیش بە عیشقەوە بەرهەمی نووسەرانی ناوخۆیی دەکڕن. ڕۆژنامەی «خەبات» وەک هەمیشە بەدواداچوون بۆ ئەم جێژوانە کولتوورییە دەکات و لە نزیکەوە گرنگیی ئەم پێشانگهیە و ئارەزووی خوێنەران دەپشکێنێت.
کاتێک دەپرسین: لە پێشانگهی کتێبی کوردیدا، دروشمی (بە کوردی نووسین، بە کوردی هزرین) چ واتایەک دەبەخشێت؟ بەشداربووان و سەرپەرشتیارانی ئەم چالاکییە بەم شێوازە وەڵامی خەبات دەدەنەوە:
ئەرشیفکردنی تراژیدیاکان و گەیاندنی دەنگی مەزڵومیەتی کورد بە جیهان
دکتۆر عەدالەت عومەر، سەبارەت بە ڕەهەندە نەتەوەییەکانی ئەم پێشھاتە کولتوورییە گوتی: ئەم پێشانگهیە دەتوانم بڵێم وەرچەرخانێکی مێژووییە، چونکە یەکەم جارە پێشانگهیەک بکرێتەوە کە تێیدا تەنیا بە کوردی بنووسین و بە کوردی هزر بکەینەوە. ئەم جۆرە چالاکییانە پێویستە ببنە نەریتێکی ساڵانە، چونکە ئێمە نەتەوەیەکین بەدرێژایی سەد ساڵی ڕابردوو ڕووبەڕووی پڕۆسەی داگیرکاری و جینۆساید بووینەتەوە؛ هەم وەک نەتەوە، هەمیش لە ڕووی کولتوور، ژینگە و تەنانەت جینۆسایدی بایۆلۆژی و فیزیکیشەوە.
دکتۆر عەدالەت زیاتر گوتی: گەنجەکانمان بە سەردانیکردنی بێشوماریان بۆ ئەم پێشانگهیە ئەوەیان سەلماند کە تینووی خوێندنەوەن و بەئاگان لە مێژووی خۆیان. ڕۆژانە بە سەدان گەنج و بەشداربوو لە هەموو چین و توێژەکان ئەو بەڵگەنامە مێژووییانە هەڵدەدەنەوە و وێنەی دەگرن، تاوەکوو نەوە لەدوای نەوە چیرۆکەکانی جینۆسایدی نەتەوەی کورد بگێڕنەوە. لێرەوە، داوا لە هەموو ئەکادیمیستێک و هەموو تاکێکی بەشەرەفی کورد دەکەم کە وەک هەر نەتەوەیەکی جینۆسایدکراو، چیرۆک و وێنە تراژیدییەکانی نەتەوەی کورد بخەنە سەر زمانە جیهانییەکان و ئێش و ئازاری نەتەوەیەکی بێوڵات بە جیهاندا بڵاوبکەنەوە. ئەگەرچی ئێستا ئێمە وەک ئەرشیفی جینۆسایدی نەتەوەی کورد لە ڕێگەی سایتەکەمانەوە هەموو دۆکیۆمێنت و چیرۆکەکان بڵاودەکەینەوە، بەڵام بینینی ئەوەی کە گەنجان بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە لەم بەڵگەنامانە دەڕوانن، هیوامان پێدەبەخشێت.
بەرپرسیارێتی مێژوویی لە پاراستنی زمانی دایک
ڕۆژنامەی خەبات بەردەوام دەبێت لە گەڕان بەدوای ڕاستییەکاندا و لە نهێنیی ئەم ڕستەیە دەکۆڵێتەوە: بۆچی هەر تاکێک منداڵێکی کورد بە هەڵە فێربکات تاوانبارە؟
پڕۆفیسۆر فریاد فازڵ عومەر لەم بارەیەوە گوتی: من هەمیشە گوتوومە هەر یەکێک منداڵێکی کورد بە هەڵە فێربکات تاوانبارە، چونکە لە دواجاردا پێویستمان بە چەندین ساڵ دەبێت تاوەکو بتوانین ئەو هەڵە زمانەوانییانە ڕاست بکەینەوە. زمان بنەمای مانەوەی ئێمەیە وەکوو نەتەوە. من لەم پێشانگا تایبەتەدا، زیاتر لە حەفتا کتێب و چەندین چیرۆکم بۆ منداڵانی کورد خستووەتە بەردیدە، کە بە زمانێکی پاراو و شیرینی کوردی نووسراون. هەوڵم داوە بە جوانترین شێوە ناوەڕۆک و وێنەکان لەگەڵ چیرۆک و گێڕانەوەدا یەکتر بگرنەوە.
ئەو نووسەرە دەشڵێت: دەمەوێت لە ڕێگەی ئەم چیرۆک و بابەتە کولتوورییانەوە بە نەوەکانی داهاتوو بڵێم کە ئێمە نەتەوەیەکین خاوەنی دەستووری زمان و ڕێنووسێکی یەکگرتووی خۆماڵین. ئەوە نەتەوەکانی دیکەن کە لە کولتوور، زمان و ئەدەبی کوردی کەڵکیان وەرگرتووە و داهێنان و داستانەکانی ئێمە دەکەن بە هی خۆیان. من ئەم بابەتەم لە کتێبی «شاماران»دا زۆر بەجوانی ڕوونکردووەتەوە کە چۆن دەیانەوێت ئەم داستانە کوردییە زەوت بکەن. بەو هیوایەم ئەم پێشانگهیە ببێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی نووسەرانی کورد ئەسپی خۆیان تاوبدەن و هەموو ئەو خواروخێچییانەی لە ڕێنووس و زمانی کوردیدا هەیە ڕاستی بکەنەوە.
کوردیی، زمانی سەنتەریی وەرچەرخان لە بازاڕی کتێبدا
خەبات دەپرسێت: جیاوازیی ئەم پێشانگهیە لەگەڵ پێشانگه نێودەوڵەتییەکانی دیکەدا لە چیدایە؟
دکتۆر ڕێبوار سیوەیلی لە وەڵامدا گوتی: جیاوازیی سەرەکی ئەوەیە کە لێرەدا زمانی کوردی و بەرهەمە کوردییەکان لە ناوەڕاست و سەنتەری پێشانگاکەدان. ئەمە شتێکە دوای سی ساڵ لە حوکمڕانیی خۆماڵی، یەکەم جارە بەم شێوازە جیدییە بیری لێ بکرێتەوە. بەرجەستەکردنی هۆڵێکی لەم شێوەیە، دەرخەری زیندوویی نەتەوەیەکە. ئەم پێشانگهیە بە پێچەوانەی تێڕوانینی باوی زۆربەی نووسەران کە دەیانوت گەنجەکانمان تەنیا لەناو سۆشیال میدیادان و باکیان بە خوێندنەوە و مەعریفە نییە، پێچەوانەکەی سەلماند؛ دەرکەوت گەنجانی ئێمە چەندە عەوداڵی بەرهەمی نووسەرانی کوردن.»
دکتۆر ڕێبوار حەسرەتێکی کۆنی ڕۆشنبیرانیش دەورووژێنێت و دەڵێت: جیاوازییەکی دیکە ئەوەیە خوێنەر بێ ترس و دوودڵی دێت بۆ کڕینی بەرهەمی کوردی و چیتر بەشەرمەوە بەدوای سەرچاوەی کوردیدا ناگەڕێت. سی ساڵە ئێمەی ڕۆشنبیرانی کورد خەفەتی ئەوە دەخۆین کە زمانی کوردی زمانی یەکەم نییە لە پێشانگه جیهانییەکاندا، بەڵام ئەم چالاکییە دەری خست کە نووسەری کورد دەتوانێت لە ڕێگەی بەرهەمەکانیەوە بازاڕی خۆی دروست بکات و سەرمایە بهێنێتە ناو وڵاتەوە. ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی گرنگیی زیاتر بەم سێکتەرە بدات، دڵنیام کەرتی ڕۆشنبیری وەکوو کەرتی گەشتیاری، کشتوکاڵ و نەوت دەتوانێت ئابووریی کوردستان ببووژێنێتەوە.
گەڕانەوە بۆ ڕەسەنایەتی و مێژووی ڕاستەقینە
مێژوونووس سۆران حەمە ڕەشید، سەبارەت بە پێگەی مێژوویی ئەم جۆرە پێشانگهیانە ڕایگەیاند: بەردەوام ئەو پێشانگایانەی لە پایتەختی کوردستان دەکرێنەوە جێگەی بایەخن، بەڵام ئەم پێشانگهیە تایبەتمەندیی خۆی هەیە، چونکە خوێنەر لێرەدا ڕاستەوخۆ و بێ نێوەند بەربەرکانی و بەرکەوتەی لەگەڵ بەرهەمی نووسەراندا دەبێت. خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە ئەم جۆرە پێشانگایانە ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە نووسەرانی کورد دەتوانن کولتوور و زمانی نووسینی کوردی ببەنە پێگەیەکی بڵندتر. ئەگەر ڕاستگۆ بم، دەبوو ئەم هەنگاوە زۆر زووتر بنرێت تاوەکو ئێمە وەکوو نەتەوەیەک کە خاوەن مێژوویەکی دێرینین لەسەر ئەم زەمینە، بە شانازییەوە کولتوور و ئەدەبی خۆمان پێشکەش بە جیهان و خوێنەرانی خۆمان بکەین.
دەنگ و ڕەنگی خوێنەران
لە نێوان مێژوو و پەیامی ئایینیدا
لە درێژەی بەدواداچوونەکەیدا، خەبات ڕا و سەرنجی خوێنەرانی ئامادەبووی وەرگرت.
زیرەک گەیلان، کە بە جلوبەرگی ڕەسەنی کوردییەوە لەناو هۆڵەکاندا دەگەڕا، گوتی: من بە شانازییەوە لێرەم و بەدوای سەرچاوە مێژووییەکانی میزۆپۆتامیادا دەگەڕێم، تاوەکو بزانم نەتەوەی کورد چەند دێرینە و سنووری جوگرافیای میرنشینەکانمان لە کوێوە بۆ کوێ بووە. دەمەوێت نەوەکانی داهاتوو لە گرنگیی مێژوو و جوگرافیای کوردستان ئاگادار بکەمەوە، ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی ئەم جۆرە پێشانگا تایبەتانەوە بەدی دێت کە تەنیا بەرهەمی کوردی تێدا نمایش دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، مامۆستا هیمداد خالید، وتاربێژی مزگەوتی حاجی عەلی شەکرم لە هەولێر، وەکوو مامۆستایەکی ئاینی ڕوانگەی خۆی خستەڕوو و گوتی: من وەکوو مامۆستایەکی ئاینی، جیا لە بابەتە فیقهی و شەرعییەکان، بەردەوام بەدوای سەرچاوە مێژوویی، فەلسەفی و کتێبە دەروونییەکاندا دەگەڕێم بۆ دەوڵەمەندکردنی زمانی گوتارم. لە هەموو وتارەکانمدا نوێژخوێنان ئاگادار دەکەمەوە کە ئاینی ئێمە ئاینی پێکەوەژیان و زانستە؛ یەکەم ئایەتی قورئانیش بە «بخوێنە» کلیل دراوە. من هەموان هان دەدەم بۆ خوێندنەوە، وەک چۆن ئەحمەد موختار جافی شاعیر دەڵێت:
بخوێنن خوێندنی بۆ دیفاعی تیغی دوژمنتانە
هەموو ئان و زەمانێک عهینی قەڵغان و سوپەرتانە
ماڵی وەفایی لەپشت لۆگۆی پێشانگهکەوە
سەبارەت بە بیرۆکەی سەرەکی و چۆنیەتی ڕێکخستنی ئەم کارە، ڕێبین فەتاح، خاوەنی دەزگای «ماڵی وەفایی» ڕوونکردنەوەی دا و گوتی: «من وەک ماڵی وەفایی، بە پێویستم زانی لە ژێر ناونیشانی (بە کوردی نووسین، بە کوردی هزرین) پێشانگهیەکی تایبەت بە کتێبی کوردی لە هەولێری پایتەخت بکەمەوە. خۆشبەختانە زیاتر لە ١٢٠ دەزگای چاپ و وەشاندن و ناوەندی کولتووری بەشدارییان تێدا کردووە. ئامارەکان دەریانخستووە کە خوێنەری ئێمە تینووی بەرهەمی نووسەری ناوخۆییە؛ چونکە ڕۆژانە بە نزیکەی ٧٠٠٠ کەس سەردانی پێشانگاکە دەکەن.»
ڕێبین فەتاح لە کۆتاییدا ئاماژەی بە ئاسۆکانی داهاتووی ئەم پڕۆژەیە کرد و گوتی: ئەگەر تەنیا لە سەدا سیی ئەم سەرشینانە کتێب بکڕن، ئەمە دەبێتە بازاڕێکی گەورەی ئاڵوگۆڕی فیکری و ئابووری بۆ نووسەرانمان. فیکر و زمانی کوردی لێرەدا چەقی بیرکردنەوەیە. نووسەر و ئەدیبی کوردی لە ئێستادا هیچی لە نووسەرانی جیهانی کەمتر نییە ئەگەر دەرفەتی پێبدرێت. سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەم کە هاوکار بوون؛ چونکە لەمەودوا چیتر کوردستان نابێتە بازاڕی ساغکردنەوەی بەرهەمی وڵاتانی بیانی و عەرەبی، بەڵکو ئەمە هەنگاوێکی بوێرانەیە بۆ پێشخستنی کلتوور و فیکری سەربەخۆی کوردی.