
خه‌بات هاوار مورتكه‌یی
پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر، كه ساڵانه له پارکی سامی عەبدولڕەحمان له شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ده‌چێت، یەکێکە لە گەورەترین بۆنە ڕۆشنبیرییەکان و ساڵانە ڕێكده‌خرێت، تیایدا سەدان دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوخۆیی، و نێودەوڵەتی به‌چه‌ندین ناونیشانه‌وه به‌شداری تێدا دەکەن. دیاره له خوله‌كانی ڕابردوودا هاوكات لەگەڵ نمایش‌کردنی کتێب، چەندین کۆڕی ئەدەبی، سیمینار، واژۆکردنی کتێب، و چالاکی هونەری جۆراوجۆر بەڕێوەچووه، به‌ڵام له‌م خوله‌دا جیاوازییه‌ك به‌دیده‌كرێت، ئه‌ویش به‌شداریكردنی یانه‌یه‌كی شه‌تڕه‌نجه له‌و پیشانگایه‌دا، یانه‌ی شه‌تڕه‌نجی خانزاد به زیاتر له 25 سه‌رچاوه‌ی كوردی به‌شداره، هه‌موو ئه‌و سه‌رچاوانه‌ش وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر زمانی كوردی و ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجاره پیشانگای نێوده‌وڵه‌تیی كتێب له هه‌ولێر، چالاكییه‌كی له‌مجۆره له خۆده‌گرێت.
گرنگترین ئه‌و خاڵه ئه‌رێنیانه‌ی به‌شداریكردنی ناوه‌ندێكی شه‌تڕه‌نج خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه كه هاوسه‌نگیی له‌نێوان جه‌سته‌یی و هزری دا به‌رجه‌سته ده‌كات به‌و پێیه‌ی پێشانگای كتێب شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكی ڕۆشنبیر و خوێنه‌ره، به‌شداریكردنی یانه‌كه ده‌رفه‌تێكه بۆ نیشاندانی ئه‌وه‌ی كه خوێندنه‌وه و شه‌تره‌نج دوو ڕه‌گه‌زی ته‌واوكه‌ری یه‌كترن بۆ بونیادنانی كه‌سایه‌تییه‌كی هۆشیار و خاوه‌ن بڕیار، هه‌روه‌ها نمایشكردنی شه‌تڕه‌نج و كردنی به‌شێوه‌یه‌کی زیندوو له‌ناو پێشانگه‌دا، سه‌رنجی هه‌مووان بۆ لای خۆی ڕاده‌كێشێت، به‌تایبه‌تیش گه‌نجان و منداڵان، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هاندانیان بۆ فێربوونی شه‌تره‌نج و به‌شداریکردنیان لە خوله‌كانی فێربوون.
هزر له جه‌سته‌ی شه‌تڕه‌نج دا
د. دڵزار حه‌مه‌ساڵح سه‌رۆكی یانه‌ی شه‌تڕه‌نجی خانزاد سه‌باره‌ت به به‌شداریكردنیان له‌و پێشانگه‌یه‌دا گوتی: خه‌ریكه پێشانگه‌ی كتێب له شاری هه‌ولێر ببێته ناوه‌ندێكی مه‌عریفی و پێگه‌یشتن و ڕۆشنبیری له سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا، ئه‌و پێشوازییه‌ی له‌و پیشانگه‌یه‌دا ده‌كرێت، ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن كه ده‌توانین بڵێین تاكی كورد، وه‌كوو هه‌ر تاكێكی سه‌ر ئه‌م زه‌مینه، تامه‌زرۆی خویندنه‌وه و گرنگیدانه به كتێب، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی دڵخۆشكه‌ره بۆ داهاتووی وڵاته‌كه‌مان، له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه به‌پێویستمان زانی ئێمه وه‌كوو یانه‌یه‌كی شه‌تڕه‌نج به‌شداری تێدا بكه‌ین، چونكه خوێندنه‌وه و هزر و بیركردنه‌وه له جه‌سته‌ی شه‌تڕه‌نجدایه، شه‌تڕه‌نج واته بیر.
تاكی كورد حه‌زی له‌شه‌تڕه‌نجه
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی یانه‌ی شه‌تڕه‌نجی خانزاد گوتی: به‌وپێیه‌ی ئێمه له‌ناو یانه‌كه‌مان خاوه‌نی گه‌وره‌ترین كتێبخانه‌ی شه‌تڕه‌نجین له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق، كه چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی شه‌تڕه‌نجمان هه‌یه، هه‌وڵماندا شتێك بكه‌ین كه خوێنه‌ری كورد ئاشنایه‌تی به خوێندنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانی كتێبی شه‌تڕه‌نج بیت له كوردستان و به‌تایبه‌تیش كه ئه‌و سه‌رچاوانه به زمانی كوردی، له‌لایه‌كی دیكه‌وه دوای ئه‌وه‌ی شه‌تڕه‌نج بووه وانه‌یه‌كی خوێندن له ناوه‌نده‌كانی خوێندن له هه‌رێمی كوردستان، به‌پێویستمانزانی ئه‌و سه‌رچاوانه بخه‌ینه ڕوو كه قوتابی له قوتابخانه‌كاندا سوودی لێوه‌ربگری، خۆشبه‌ختانه له‌ده‌ره‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی ئێمه‌دا بوو كه ئه‌و ژماره زۆره سه‌ردانی ئێمه بكه‌ن له پیشانگه‌یه‌كه‌دا، بۆمان ڕوون بووه‌وه كه تاكی كورد زۆر تامه‌زرۆی سه‌رچاوه‌كانی شه‌تڕه‌نجن و حه‌زێكی زۆریان هه‌یه بۆ شه‌تڕه‌نج، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی بۆ ڕۆشنبیریی و زیره‌كیی تاكی كورد، به‌شداریكردنی یانه‌ی شه‌تره‌نجی خانزاد له پێشانگه‌ی كتێبدا گرنگییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه بۆ پێشخستنی هۆشیاری و تێكه‌ڵكردنی رۆشنبیری له‌گه‌ڵ وه‌رزشدا، به‌تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ وه‌رزشی شه‌تڕه‌نج.
