سەرپەرشتیاری پێشانگای كتێبی كوردی لە هەولێر، ئامارەکانی سێ ڕۆژی پێشانگاكەی ڕاگەیاند و ئاشكرای كرد كە لە ماوەی سێ ڕۆژی یەکەمی پێشانگەی کتێبی کوردی، زیاتر لە 35 هەزار کەس سەردانی پێشانگەکەیان کردووە.
ڕێبین فەتاح، سەرپەرشتیاری پێشانگای كتێبی كوردی لە هەولێر سەبارەت بە ژمارەی دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە و ژمارەی سەردانیكاران لەو سێ رۆژەدا رایگەیاند: ”نزیکەی 130 دەزگا، بنکەی چاپ و بڵاوکردنەوە، دەزگای چاپەمەنی و وەشانخانە بەشدارییان لە یەکەمین پێشانگەی کتێبی کوردی کردووە، جگە لەو وەشانخانانەی لە پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە هاتوون، چەندین ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی لە وڵاتانی ئەورووپاوە بەشداری پێشانگاكەن و لەو سێ ڕۆژەی كردنەوەی پێشانگادا زیاتر لە 37 هەزار کتێب فرۆشراوە.”
لە رۆژی 4/6/2026، بۆ یەكەمین جار لە هەرێمی كوردستان پێشانگای كتێبی كوردی لەژێر ناونیشانی (بە كوردی نووسین.. بە كوردی هزرین) لە پاركی سامی عەبدولرەحمان لە هەولێر لەلایەن دیوانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و بە هەماهەنگی لەگەڵ ماڵی وەفایی كرایەوە، تا 10/6/2026 بەردەوام دەبێت.



















