ئەو كەسەی لە شەقامێكی گشتیی هەولێر هێرشی كردە سەر پیاوێكی بە تەمەن و لێی دا، پۆلیسی هەولێر دەستگیری كرد و دەشڵێ: “لەكاتی لێكۆڵینەوەدا، دەركەوت، كە تۆمەتبار، نەخۆشیی دەروونی هەیە.”
ئەمڕۆ یەكشەممە 7ـی 6ـی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: “دوای ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، کە تێیدا دەرکەوتووە لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری هەولێر، کەسێک ڕێگری لە هاووڵاتییەکی بەتەمەن دەکات لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە و هێرشی دەکاتە سەر، ئەم دیمەنە ناڕەزایەتی و دەنگدانەوەیەکی زۆری لەناو هاووڵاتییاندا لێکەوتەوە.”
دەشڵێ: “لەسەر ڕاسپاردە و بەدواداچوونی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، لە ڕێگای تیمەکانمان لە بەشی پۆلیسی (فریاکەوتن)، تواندرا تۆمەتبار (ئـ. ف. د) دەستگیر بکرێت.”
پۆلیسی هەولێر ڕوونیشی دەكاتەوە، كە “لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە کە تۆمەتباری ناوبراو نەخۆشیی دەروونی هەیە.”
ئەوەش دەخاتە ڕوو، كە “لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر، تۆمەتبار ڕاگیراوە بەپێ مادەی 413 لە یاسای سزادان.”