قەیرانی گەرووی هورمز و جیوپۆلیتیكی دەروازە دەریایییەكان

164

د.چنار بابه‌كر بارزانی
داخرانی گەرووی هورمز بەهۆی جەنگی ئەمریكا و ئێران لە ساڵی 2026 قەیرانێكی مەزن و چاوەڕواننەكراوی خوڵقاند كە بە ڕوونی نیشانی دا بازرگانیی جیهانی چەندە بە جوگرافیا و ڕێڕەوە ئاوییەكانەوە بەستراوەتەوە.

ئەو زیانە داراییە خەیاڵییانەی ڕۆژانە تۆمار دەكرێن، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن كە شوێنی جوگرافیی وڵاتان كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆ و بڕیاردەریان لەسەر ئابوورییان هەیە. لەم هاوكێشە نوێیەدا، دەركەوت پاراستنی ڕێگاوبان و هێڵەكانی گواستنەوە، لە خودی بەرهەمهێنان گرنگترە، چونكە مێژوو ئەو دەسەلمێنێت ئەوەی كۆنترۆڵی ڕێڕەوەكان دەكات، كۆنترۆڵی بڕیارە سیاسییەكانیش دەكات. ئەم بنەمایە پێمان دەڵێت كە هێزی ڕاستەقینەی دەوڵەت بەندە بە توانای لۆجستی و گواستنەوەوە، و هەر پەككەوتنێك لە گەروو و ڕێڕەوە ئاوییە گرنگەكان درووست بێت، ئەوا هاوسەنگیی هێز لە جیهان تێكدەچێت. جەنگی ئەم دواییەی ئەمریكا دژ بە ئێران ئەوەی سەلماند، كە بوونی ڕێگای جێگرەوە و نەرمیی نواندن لە دۆزینەوەی ڕێڕەوی نوێدا، تاقە كلیلە بۆ پاراستنی سەربەخۆیی و سەروەریی وڵاتان لە كاتی قەیرانەكان.ئەم جەنگە پەیوەندییەكی توند و تۆڵی لە نێوان كارایی ڕێڕەوەكان و سەقامگیریی سیاسی دروستكرد و نیشانی دا، چۆن وزە و لۆجستی دەبنە چەكێكی جیوپۆلیتیكی بەهێز.

ئەو دەوڵەتانەی خاوەن ڕێگای جێگرەوە بوون، توانیان خۆیان لە ژێر ڕەحمەتی حەتمییەتی شوێن دەرباز بكەن، بۆ نموونە، عەرەبستانی سعوودیە لە ڕێگەی هێڵی بۆری “ڕۆژهەڵات-ڕۆژاوا” توانی ڕۆژانە ٧ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرەو دەریای سوور بگوازێتەوە، و ئیماراتی عەرەبی لە ڕێگەی هێڵی “حەبشان-فوجەیرە” زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو بەرمیل نەوتی بەرەو دەریای عەرەب بەڕێكرد. لە بەرامبەردا، ئەو وڵاتانەی كە خاوەنی هیچ جێگرەوەیەك نەبوون، ڕووبەڕووی تێچوویەكی جیوپۆلیتیكی قورس بوونەوە، تێچوویەك كە تێیدا “كات” بوو بە بەهایەكی ستراتیژیی لەدەستچوو، و پاراستنی ئاسایشی ڕێڕەوەكانیش كەوتە پێش گرنگیی خودی بەرهەمهێنانەوە.ئامارە فەرمییەكان قەبارەی ڕاستەقینەی ئەم كارەساتە نیشان دەدەن، پەككەوتنی ڕۆژانەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت، بازدانی بێپێشینەی كرێی كەشتییە زەبەلاحەكان و بەرزبوونەوەی نرخی دڵنیایی جەنگ (تأمین)، نزیكەی 2.2 تریلیۆن دۆلار لە كۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی خستە بەردەم مەترسیی پاشەكشەیەكی قورسی ٣٪ لە هەر وەرزێكدا. لە ڕووی جوگرافییەوە، ئاسیا وەكوو چەقی سەرەكیی بەكاربردن، قورسترین زەبری بەركەوت، چونكە پێشتر هاوردەی 75%ی نەوت و 59%ی غازی شلكراوەی وزە لەم گەرووەوە بوو. هاوكات، بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوەی پەینی كیمیایی گەیشتە قووڵایی ئەفریقا و نرخی خۆراكی لە زامبیا بە ڕێژەی 31%بەرزكردەوە. لە ئەوروپاشدا نرخی غاز بە ڕێژەی 63% زیادی كرد، لە كاتێكدا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەهۆی پشتبەستن بە بەرهەمی ناوخۆیی خۆی كەمتر كاریگەری لەسەر بوو، بەڵام بەهۆی ئامادەیی سەربازییەوە بۆ پاراستنی ناوچەكە، ڕۆژانە نزیكەی یەك ملیار دۆلار تێچووی سەربازیی لەسەرە.لەسەر ئاستی هەرێمایەتی، ئابووریی دەوڵەتە دابینكەرەكان زیانێكی بێ وێنەی بەركەوت؛ هەناردەی 13 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی وڵاتانی كەنداو پەكیكەوت، داهاتی نەوتی كوێت بە ڕێژەی 73% پاشەكشەی كرد، و توانای هەناردەی غازی قەتەریش 17% كەمبووەوە. لەم ناوەندەدا، ئیفلیجیی جیوپۆلیتیكیی تەواو لە عێراقدا ڕەنگی دایەوە، كە بەهۆی وەستانی هەناردەكردنی 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، تووشی زیانێكی گەورەی نێوان 200 بۆ 280 ملیۆن دۆلار لە هەر ڕۆژێك بۆتەوە.

لە لایەكی ترەوە، زیانە گشتییەكانی سەر ئابووریی ئێران بەهۆی لێكەوتەكانی داخرانی گەرووی هورمز و ئابڵوقە و سزاكانی ئەمریكا بەسەر ئەو وڵاتە تا ناوەڕاستی نیسانی 2026، لە نێوان 300 ملیار بۆ یەك تریلیۆن دۆلار خەمڵێنراوە.
لە كۆتاییدا، ئەم قەیرانە سێ ڕاستی حاشاهەڵنەگری دەرخست:
یەكەم:
گواستنەوە لە بەرهەمهێنان گرنگترە.
دووەم:
جوگرافیا هێشتا چەكێكی سیاسیی ڕەها و كاریگەرە.
سێیەم:
ڕێڕەوە وشكانییەكان وەكوو ئەوەی لە تیۆری “دڵی زەویی ماكیندەر هاتووە، بوونەتە تاقە دەرچەی ڕزگاربوون لە دیكتاتۆریەتی گەرووە ئاوییەكان. لە كۆتاییدا دەتوانین بڵێین، قەیرانی ساڵی 2026 تاقیكردنەوەیەكی ڕاستەقینەی سەروەریی دەوڵەتان بوو و ئەو یاسایەی سەلماند، كە لە جیهانی هاوچەرخدا ئەوەی خاوەنی جێگرەوەی ڕێڕەوی خۆی نەبێت، خاوەنی ئازادیی بڕیاردانی خۆشی نابێت.

*مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، زانكۆی سەڵاحەدین-هەولێر