خەبات: ساسان دەروێش:- لە ژێر چاودێریی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە شاری ڤێنلۆ و بە هاوبەشی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، فێستیڤاڵێکی هونەری و کولتووریی بەرفراوان بەڕێوەچوو. سۆزان جەمال ئیبراهیم، بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە ڤێنلۆ، و فوئاد عەریف کەریم، ڕێکخەری فێستیڤاڵەکە، سەرپەرشتیی ڕێکخستنی ئەم چالاکییەیان کرد. فێستیڤاڵەکە بە ئامادەبوونی د. ئیسماعیل کامل، خاتوو شەرمین، شوکری بەرواری، نادر دوغاتی، قەهرەمانعوسمان نوێنەری شیفا بارزانی و ژمارەیەک میوانی هۆڵەندی بەڕێوەچوو.

ئەم فێستیڤاڵە بە مەبەستی ناساندن و پاراستنی میراتی دەوڵەمەندی کوردستان ئەنجامدرا و سەدان خێزانی کورد لە هۆڵەندا و وڵاتانی دەوروبەری بەشدارییان تێدا کرد. ئامادەبووان چێژیان لە مۆسیقای ڕەسەنی کوردی، گۆرانی، هەڵپەڕکێ، خواردنە کوردییەکان و نمایشکردنی جلوبەرگی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان وەرگرت.

بۆ زیاتر جۆشدان بە کەشی فێستیڤاڵەکە، هونەرمەندانی کورد وەک ئەحلام مستەفا، دڵشاد زاخۆیی، ئاواز خابیری، هەژار زاخۆیی و دۆسکی بابیری بەشدارییان کرد و بە گۆرانییە ڕەسەنەکانیان کەشێکی پڕ لە شادی و ئاهەنگگێڕیان بۆ ئامادەبووان سازکرد. هەروەها بازاڕێکی ئازاد و ستاڵی جۆراوجۆری دەستکرد، کەلوپەلی کولتووری و جوانکارییە دەستسازە کوردییەکان بەشێکی دیکەی فێستیڤاڵەکە بوون، لەگەڵ بڕگەی تایبەت بە خوێندنەوەی هۆنراوە و پێشکەشکردنی بەرهەمە هونەرییەکان.

سۆزان جەمال ئیبراهیم سەبارەت بەبەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە بۆ خەبات ڕایگەیاند: سەدان خێزان لە ڕەوەندی کوردستانی لە وڵاتانی دەوروبەری هۆڵەندا بەشدارییان کردووە و لە کەشێکی پڕ لە شادی و خۆشی، بە گۆڤەند و چەپڵەلێدان، ڕۆژێکی لەبیرنەکراویان بەسەر بردووە. ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە خەڵاتی تایبەتی فێستیڤاڵەکە، کە ئاڵای کوردستان بوو، پێشکەشی ژمارەیەک لە چالاکوانانی ڕەوەندی کوردستانی کرا. ناوبراو جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکیی فێستیڤاڵەکە زیندووڕاگرتنی هونەر و دابونەریتی کوردی بووە و ئەم جۆرە کۆبوونەوانە لە ئەورووپا گرنگییەکی زۆریان هەیە بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان ڕەوەندی کوردی و زێدی باوباپیران، و ئاشناکردنی نەوەی نوێی کورد لە تاراوگە بە جلوبەرگ، مۆسیقا، هەڵپەڕکێ و کەلەپووری نەتەوەکەیان.

لە کۆتاییشدا، سۆزان جەمال ئیبراهیم بۆ خەبات گوتی: ئەم فێستیڤاڵانە دەرفەتێکی زێڕینن بۆ ناساندنی کولتووری دەوڵەمەندی کورد بە نەتەوەکانی دیکەی جیهان و ئامادەبوونی سپۆنسەر و گرووپی هونەری وەک کۆما ئازادی و کۆمپانیاکانی تایبەت بە خۆراک و جلوبەرگی کوردی، نیشاندەری یەکڕیزی و هەوڵی بەردەوامی تاک و دامەزراوە کوردییەکانە بۆ پاراستن و بەزیندوویی هێشتنەوەی کەلەپوور و هونەری کوردی لە دەرەوەی وڵات.