خەبات: ئاشتی شەهباز:- ڤایرۆسی (HPV) یەکێکە لەو ڤایرۆسە مەترسیدارانەی لە نێوان تاکەکاندا دەگوازرێتەوە، کە هۆکاری سەرەکیی تووشبوونە بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان لە خانماندا. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی پەرەسەندنی ئەم ڤایرۆسە و گەرمبوونی بابەتەکە لە میدیا و کەناڵە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستاندا، بۆ بەدواداچوونی ڕاستودروستیی ئەم پرسە، چەند پرسیارێکمان ئاراستەی د. بێریڤان عەدنان یاسین، بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی لە هەولێر کرد، سەبارەت بە مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە، چۆنیەتیی گواستنەوەی و ڕێکارەکانی خۆپارێزی.
سێ جۆری سەرەکیی ڤایرۆسەکە
د. بێریڤان لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: نزیکەی ٢٠٠ جۆری جیاوازی ئەم ڤایرۆسە هەن، کە دەکرێت دابەشی سێ گرووپی سەرەکییان بکەین؛ جۆرێکیان ئاسایین و بە ئاسانی چاک دەبنەوە، جۆرێکی دیکەیان مامناوەندن، جۆری سێیەمیشیان زۆر ترسناک و مەترسیدارن، ڤایرۆسی (HPV)ش لایەنە مەترسیدارەکەی دەکەوێتە نێو ئەم جۆرە سێیەمەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی زانکۆی (جۆنس هۆپکینز) لە ئەمهریکا، دابینکردنی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی HPV لە سەرانسەری جیهاندا بە هەنگاوێکی گرنگ و بنەڕەتی دادەنرێت بۆ بنبڕکردنی شێرپەنجەی ملی منداڵدان لە خانماندا. ئەم زانکۆیە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا، نزیکەی ٦٦٠ هەزار حاڵەتی شێرپەنجەی ملی منداڵدان تۆمارکراوە و ٣٥٠ هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدانیش بەو هۆیەوە لە جیهاندا ڕوویداوە. هەروەها تا مانگی ١ی ساڵی ٢٠٢٦، ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە ڤاکسینی (HPV)یان خستووەتە نێو پڕۆگرامی نیشتمانیی کوتانی وڵاتەکەیانەوە گەیشتووەتە ١٦٤ وڵات.
دۆخی هەرێمی کوردستان و نەبوونی ڤاکسین
ئەم ڤایرۆسە دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجەی كۆئەندامی زاوزێ لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا، بەڵام لە نێو خانماندا زیاتر باوە (بەتایبەت شێرپەنجەی ملی منداڵدان). د. بێریڤان لەم بارەیەوە دەڵێت: بەڵێ، بەداخەوە حاڵەتەکە لە هەرێمی کوردستان ڕووی لە زیادبوونە و هیچ بڕە ڤاکسینێکیشمان لەبەردەستدا نییە بۆ ڕێگری لێکردن و چارەسەرکردنی، ناوبراو ئەوەشی نەشاردهەوە کە ئەم نەخۆشییە ترسناکە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بە هەند وەرنەگیراوە و کاری پێویستی بۆ نەکراوە، بە پێچەوانەی وڵاتانی دیکە کە بە گرنگییەوە لەم بابەتە دەڕوانن بۆ خۆپارێزی و دابینکردنی ڤاکسینەکە. بۆ نموونە لە وڵاتی ئوردن، هۆشیاریی هاووڵاتییان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە دوای تەمەنی ١٤ ساڵی، بۆ خۆپارێزی خۆیان بەو ڤاکسینە دەکوتن و حکوومەتیش بە خۆڕایی بۆی دابین کردوون.
هیچ داتایەكی دروست لەبەردەستدا نییە
سەبارەت بە داتا و ڕێژەی تووشبووان لە هەرێم، د. بێریڤان ئاماژەی بەوە کرد: ئێمە داتا و ئامارێکی دروستمان لەبەردەستدا نییە، چونکە زۆربەی پشکنینەکان لە کەرتی تایبەتدا دەکرێن و تا ئێستا ناوەندێکی فەرمی نییە کە ئەم داتایانە کۆبکاتەوە تاوەکو بزانین ژمارەی تەواوی تووشبووان لە کوردستان چەندە.
چۆنیەتیی گواستنەوەی ڤایرۆسەكە
گواستنەوەی ئەم نەخۆشییە لە ڕێگەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی پێست بە پێست، جەستە، یان ئەندامی زاوزێ لەگەڵ کەسی تووشبوودا دەبێت (چ لە نێوان دوو ڕەگەزی جیاواز یان هاوڕەگەزدا). د. بێریڤان زیاتر ڕوونی کردەوە و گوتی: گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە پیاوەوە بۆ ئافرەت ئاسانتر و بەربڵاوترە. نیشانەکانیشی بریتیین لە خوران و دروستبوونی بالۆکە (زیپکە) لە دەوروبەری ئەندامی زاوزێ. ئەم ڤایرۆسە لە ڕێگەی هەر پێوەندییەکی سێكسییەوە (ئاسایی یان نائاسایی) بە هەموو جۆرەکانییەوە دەگوازرێتەوە، بەتایبەتی لە نێوان ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی چوارچێوەی هاوسەرگیری پەیوەندییان هەیە.
هۆکارەکانی زیادبوون
هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی ئەم نەخۆشییە لەسەر ئاستی جیهان و هەرێمی کوردستان، کە دەبێتە هۆی شێرپەنجەی ملی منداڵدان لە خانمان و چەندین جۆری شێرپەنجە لە پیاوانیشدا، بۆ هەبوونی فرەپەیوەندیی سێکسی دەگەڕێتەوە، و توێژی گەنجانیش زیاتر لەژێر مەترسیی تووشبووندان، دکتۆرە بێریڤان گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان و پەیوەندییەکان بە هۆکاری سەرەکی دەزانێت و دەڵێت: «ڤایرۆسی HPV ڤایرۆسێکی نوێ نییە و پێشتریش هەبووە، بەڵام بەهۆی گۆڕانی شێوازی ژیان لە کۆمەڵگەدا، ئەنجامدانی سێکس لە دەرەوەی خێزان و فرەپەیوەندی، وایکردووە کە ڕێژەی تووشبوون ڕۆژانە ڕوو لە زیادبوون بکات. سەرەڕای ئەمەش، تا ئێستا حکوومەتی عێراق بە فەرمی ئەم ڤاکسینەی نەخستووەتە نێو پڕۆگرامی نیشتمانیی خۆیەوە؛ پێدەچێت بڕێکی زۆر کەم لە نێو نەخۆشخانەکانی حکوومەتی عێراقدا بۆ حاڵەتی زۆر پێویست هەبێت، بەڵام بە گشتی تا ئێستا نە لە عێراق و نە لە هەرێمی کوردستان ئەم ڤاکسینە بە شێوەیەکی بەربڵاو دابین نەکراوە.